بێگەرد ساڵح
نووسەر، تورکیا
……………..

ڕۆمانی “مژاباد” لە نووسینی “جان دۆست” شاعیر و نووسەری خەڵکی کۆبانێیە کە فەرهاد چۆمانی بە سۆرانی کردوووە، لەم ڕۆمانەدا نووسەر هەوڵی داوە دۆخی مێژوویی، کەسایەتییەکان و رووداوەکان بەشێوەیەک دابڕێژێت کە تێکەڵ بە واقیع بن. لەم چەشنە ڕۆمانانەدا زۆرجار کەسایەتییە مێژووییە ڕاستەقینەکان و کەسایەتییە خەیاڵییەکان، بە داڕشتنەوەی بە شێوەی ڕۆمان وەکوو رۆمانێکی مێژوویی دەردەکەون. لە راستیدا من ئەمە دووهەمین رۆمانی جان دۆستە کە دەیخوێنمەوە. پێش لەمە رۆمانی (سێ هەنگاو و سێدارەیەک)م خوێندەوە کە ئەویش هەر ڕۆمانێکی لەو ژانرە بوو کە هاوکات لەگەڵ سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران باسی بەسەرهاتی ئەو دەورە دەکات و دەتوانین بڵێین کە جان دۆست لەم شێوە گێڕانەوەدا بەتوانایە.
لە ڕۆمانی مژاباد هەر وا کە لە ناوەکەیشی دیارە (مە آباد) واتە مەهاباد، گێڕانەوەی ژیانی کاراکتری ئەسڵی رۆمانەکە “بادین ئامێدی”ە کە ئەتوانی بە کوڕی کۆمار ناوی بەرین، کەسێک کە هەم لە باری ئەوینەوە تووشی دۆڕان دەبێت هەم لەباری پێوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی تووشی کارەسات و قەیران، هەروەها هاوکات باس لە رووداوەکانی شێخ مەحموود و کۆماری مەهاباد و واقیعیەتەکان و کارەساتەکانی ئەو سەردەمە دەکات کە لە هەر چوارپارچەی کوردستان روویداوە. جیا لەوەی کە بەڕاستی ڕۆمانێکی چێژبەخشە و لەزت لە خۆێندنەوەی دەبەین؛ ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو هێمایە کە من لە رۆمانی سێ هەنگاو و سێدارەیشدا سەرنجی راکێشام و لەم رۆمانەشدا دووپات بوەتەوە و ئەوەش وشەی ئاو و توونیەتییە. کەسایەتی ناو رۆمانی “سێ هەنگاو و..” شێخ سەعیدە کە ئێجگار تینووە و بەردەوام بیر لە ئاو دەکاتەوە و لەم رۆمانەیش ئەمیڕاڵ ئاغایە کە دەیەوێت سەتڵ بە سەتڵ ئاو هەڵبگرێ و تەنانەت فرمێسک دڵۆپ بە دڵۆپ کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بیانکات بە زەریا. لە پەسا دووپاتی دەکاتەوە کە “زەریا نەبێت کۆمار هیچە. ” یان دەڵێت؛ ” بە پێشەوا بڵێن: بە بێ زەریا نابێت.” ئەیەوێت دڵوپ دڵوپ ئاو کۆکاتەوە تا ببێت بە زەریا و لەو ڕێگەوە هەر چوارپارچە لە یەک نزیک بکاتەوە و لام وایە ئەمە نیشاندەری ویستی یەکگرتووی و وڵاتێکی یەکپارچەیە. لە کوتاییدا ئەمەوێ بڵێم کە رۆمانی “مژاباد” بە شێوازێکی گێڕانەوەی پڕ لە سۆز و شاعیرانە نووسراوە کە خوێنەرەکە دەخاتە ناو جیهانی رووداوەکان. جان دۆست زۆر ژیرانە توانیویەتی زمانی ئەدەبی بەکەڵک بهێنێت بۆ وێناکردنی مێژوو بە شێوەیەک کە هەم سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێ و هەم هەست و سۆزی مرۆڤەکان دەجوڵێنێت.”مژاباد” تەنها رۆمانێکی ئەدەبی نییە، بەڵکو وثوقەیەکی مێژوویی و هونەرییە کە روحی گەلی کورد و ئاواتەکانی بۆ ئازادی و یەکێتی دەردەخات. لە رێگەی کارەکتەری بادین ئامێدی و کەریم شکاک و ژاڵە و موژدە، جان دۆست بە سەرکەوتوویی دەرگایەک بۆ تێگەیشتن لە قوربانییەکانی کورد و خەباتیان بۆ وڵاتێکی یەکگرتوو دەکاتەوە. ئەم رۆمانە، بە شێوازی شاعیرانە و ناوەرۆکی قووڵی، یەکێکە لە کارە گرنگەکانی ئەدەبی کوردیی هاوچەرخ کە خوێنەرەکان ڕادەکێشێ بۆ بیرکردنەوە لەسەر گرنگی یەکگرتوویی و خەبات بۆ ئازادی.

