فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خۆشی و تاڵی

م. ئازەر
شاعیر، مەھاباد

…………….

 

خۆشترین بیرەوەری باڵندە
فڕین و ئـاسمان و خوانی ھـەرزنە
تاڵترینیشی
داو و قەفەس ،

خۆشترین بیرەوەری درەخت
بەھار و باران و ھێلانەی مەلە
ھەڵبەستنی جۆلانە و
ژوانی دوو دڵە
تاڵترینشی
دیداری ئاگر و تەور ،

خۆشترین بیرەوەری باویلکە
وەستان لە وێستگەی وەرزگۆڕان و
سوار بوونی
قەتاری پاییزی ئـاڵتونیە
تاڵترینیشی
ڕەشە بای کوێر ،

خۆشترین بیرەوەری ماسی
سەما لەگەڵ شەپۆل و
ماچ کردنی لێکدا لێکدای دەریایە
تاڵترینیشی
بینینی قولابێکی چەنگ خوار ،

خۆشترین بیرەوەری ژنێک
ترپەی خێرای دڵە و
تاڵترینیشی
وەستانی ھەر ئـەو دڵە
بە زیندی سەر… !