ھەڵۆ بێکەس
شاعیر، سلێمانی
…………………
پەستم…پەستم وەك كێڵگەیەك…هەور زیاد لە جارێ
بەسەر سەریا تێپەڕێ، تێپەڕێت و نەبارێ!
پەستم وەك ئەو قومە ئاوەی لەسەنگەرا..ڕژاو
نەگەیشتە دەمی ئەو منداڵە و شەهیدكرا
پەستم وەكوو سەرچاوەیەك: بدزرێ
وەك مەچەكی هۆنراوەیەك
زنجیر كرێ
پەستم وەك ئەو پێكەنینەی:
كە داگیركەرم ئەیگرێ
پەستم..پەستم
وەك ئەو خێمەیەی مامۆستایان
ئەیكەن بە دورگەی خەوی زڕاوی
نادادپەروەران!

