محەمەد سۆران
شاعیر، سلێمانی
………………….
بۆ ئەوەی لەکونی دەرگاکانەوە
سەیری ژوورە تاریکەکانی گەورە بوون بکەم ،
سەیری ئەو دیوارانە بکەم کە تەنیایی ڕەنگی کردوون ،
سەیری شارێک بکەم ئاسمانەکەی بارانی سوور دەبارێنێت.
ئاهــ ….من لەم سەری شارەوە بۆت دەگەڕێم
کەچی تۆ لەوسەرەوە ون دەبیت!
لەگەڵ ڕەشەبای پایزدا
بەرەو هەوارێکی نوێ و
وەرزێکی نوێ دەڕۆیت.
منیش لەگەڵ پێنووسەکەم
دەبێت بەشەڕمان و
فڕێی دەدەمە سەر لاپەڕە خامۆشەکان،
کەچی ئەو بەشیعرێکی هاوشێوەی تۆ
ئاشتم دەکاتەوە!

