ستار ئەحمەد
شاعیر، کەرکووک
…………………
پەلم بگرەو
بەڕۆحمدا هەڵمواسە
زادەی بوونم
بنەخشێنە بەهەناسە
نانێک لەخەونم هەڵکێشە
بەبرسێتی
نەخشەی هەتاوێک بکێشە
گەر بەدوای ئاسمانا هەڵبێم
هەنگاوەکانم مەشکێنە
ڕاست و چەپم هەڵوەرێنە
گوڵە ئەستێرەیەک بچنەو
لەڕۆخی جەرگما دایبنێ
پرشنگ بۆ ماچی ئاونگێ
لێوی گوڵێک دەنەخشێنێ
نەقەڵەم بەرامەی دەمژێ
نەپەڕە بۆ باڵای دەشێ
نانە شیعریش
نەدارێک گەرم ناکاتەوە
بێ چرپەی ماچ
دووری سنوور دادەتاشێ
سۆز لەخەندە ئاودیو دەبێ
هەڵوەستەکان
پڕ تەلبەندو نشیو دەبێ
زیاتر زێدم لەخاچ مەدە
نەوەی نەبوونی و هەپروونم
شووناسێکم بێ ئەدرێس و
نیشتمانێک تووناو توونم
لەوە زیاتر مەمگرێنە
ئاو بەنان برسێتی ناشکێ
دیدەکانم کۆکەرەوە
مەهێڵە ناخم بخنکێ

