عامر ڕۆستایی
شاعیر، ھەولێر
……………
ئەی شای پەریانی هەردوو دونیا
لەگەڵ تۆدا
زیاتر لە چارێگە سەدە
تائێستای بەیەکەوە بوون
شەڵاڵ لە بەختەوەری و
هۆگرو ئاوێتە بوون
لە نێو بەهاری هەمیشەیی دەژیم
سوپاس خودایە
کە ئەم هاوژینەت بەمن بەخشیوە
ئەی شای پەریانم
کە تۆم هەبی
ئاخرچیم لە پەریانی ئێرەو دونیای ئەو دیوە
ئەی شای پەریانی هەردوو دونیا
زیاتر لە چارێگە سەدە
لەگەڵ تۆدا ساتێ خەمم نەبینیوە
دوور لە ڕق و کێنە
بۆ من بووی بە خەندەو شیلە
بووی بە شنەو نۆتەو مۆسیقا و گۆڕانی
وەک سروشتێکی خودایی
هێندە نەرم و نیانی
کەتۆ تەژی بە ویستی منی
لام لەپەریان جوانترینیانی
ئەی شای پەریانم
دڵنیابە لە دوای تۆ ( عامر ) هەتیوە
کەتۆم هەبی
ئاخرچیم لە پەریانی ئێرەو دونیای ئەو دیوە
ئەی شای پەریانی هەردوو دونیا
خوا هاوژینێکی وەک تۆی سەر ڕێژ …..
لەئاست هەموو ویست و ئارەزووی من ….
کە تۆی بە من بەخشیوە ،
دوای ئەو ڕێگایە دوورو درێژەی ….
کە بە خۆشبەختیت لەگەڵما بڕیوە
سوپاسی خوداو تۆ ئەکەم
لەدوای خوا بەس تۆم هەی
لە ئاست بەدیهێنانی حەزمدا
سەر سورهێنەرانە سنورت بڕیوە
ئەی شای پەریانم
بەم شێوەی کە بۆ من هەی
تا تۆم هەبی
ئاخر چیم لە پەریانی ئێرەو دونیای ئەو دیوە
ئەی شای پەریانی هەردوو دونیا
دوور لە چاو و زاڕان !
دوور لە چاوی بەدکاران !
تەبایی و سۆزو عەشقی نێوانمان
لەم سەر زەمینە کە هاوتای نیە
خۆشەویستی گەرم و گوڕی پڕ لەگڕمان
کە وەکو خەیاڵ و خەون نیە !؟
هاکا لە پەرتوکی گینس نوسرایەوە !
ئەوە گەورەیی خودایە
من و تۆی بەیەک بەخشیوە
ئەی شای پەریانم
دەسا هەتا تۆم هەبی
ئاخر چیم لە پەریانی ئێرەو دونیای ئەو دیوە
ئەی شای پەریانی هەردوو دونیا
کە لێو ڕێژ ئاوێتەی منی و ئاوێتەی تۆم
گریان و خەندەمان بەیەکەوە کڕێدراوە
خەمی گەورەم لە پێش منا بمری
خوانەکا ئەی قوڕ بەسەر خۆم
ئەی شای پەریانم
ئەو ژیانە ئارامەی بەمنت بەخشیوە
تا تۆم هەبی
ئاخرچیم لە پەریانی ئێرەو دونیای ئەو دیوە
خودایە کە ئێمەت بەیەک گەیاندووە
نەمن نە ئەو لە یەک دانەبڕی
مردن و ژینمان بەیەکەوە بلەکێنە
کە بە یەکەوە ئەژین بەیەکەوەش بمرین
کە ئەو هێندە ئاوێتەی منە
منیش یەکسان ئاوێتەی ئەوم
بۆیە نزام وەرگرە
توخوا لەوەختی مردن
با من وەپێش ئەو بکەوم
ئەی شای پەریانی هەردوو دونیا
ئەی شاژنی هاوبەشی ژیانم
لە دونیای بەیەکەوە بوون
وا هەست دەکەم لەگەڵ تۆدا
لە نێو سروشتی هاژەو شوڕەی ئاو و ……
بای کوێستانا دەژیم
لەگەڵ تۆدا وا هەست دەکەم
لەوەرزەکانی ساڵ تەنیا بەهار دەبێنم
ئەی شا ژنی بەهارو هاوبەشی ژینم
نەک لە ئاستی تۆ
لە هەرچی بڵندگۆشا هاوار دەکەم
باخەڵکیش بزانێت
من پێم خۆشەبمرم
بەس من مەرگت نەبینم .
ـــــــــــــ ١٠ / ٧ / ٢٠٢٥ ـــــــــــــ

