بەختیار ئۆغەن
شاعیر، ھەولێر
……………..
لەوانەیە بارانێکی زۆر ببارێت
لەوانەشە هەورەکان وەک ڕەوەقوڵینگ تێپەڕن
وەک تۆ کە تێپەڕیت و
مشتێ فرمێسکت خستە دەستەکانمەوە
باران دەبارێ و
جوتیارەکان بە فەردەی گەنمەوە ڕادەکەن
وەک دەنکە حەبێک،
دەنکەکانی گەنم
دەخەنە بن زمانی تەڕی زەوییەوە
بە قسەی جوتیارەکان و
هەموو پیاوە ئاینییەکان بێت
زەوی پێویستی بە کێلانێکی سەرتاسەرییە
چونکە زۆر زۆر نەخۆشە
لە کاتێکدا
کەمپی ئاوارەکان
ئاو دەخواتەوە و دەخنکێت.
کەمپی ئاوارەکان
دەکەوێتە ناو قوڕێکی زۆر و
سەرمابردوو
کەمپی ئاوارەکان
پڕ دەبێت لە گریانی بێ شوێنی.
پەنابەرەکان
ڕۆژەکان و
شەوەکان و
سنوور و
ئاوەقووڵەکان دەبڕن
هەڵدێن لەو فیشەکانەی مردنیان پێوە دەنێن.
شەوێکی ساردە
بەڵام دوو هەناسەی گەرم پیاسە دەکەن
دوو خەونی گەورە بەیەکەوە
بەرەو بەیانی دەچن
ئەو ماوەیە
لەودیو پەنجەرەکە داڵغە دەمبات
تۆ ئەگەر بە کۆڵانی ئێمەدا تێبپەڕی دێمەوە.
ئەو ماوەیە
خەون بە گوڵەگەنمێکی ڕووتەوە دەبینم
ڕادەچلەکێم و پشتم دەدەم بە تەنورێکی بێ ئاگر و
دەڵێم: چەند خۆشە کرم بیت.
لە کتێبی: دەمەوێت بەر ببمەوە ناو دەستەکانت

