ئەرشەد تەحسین
نووسەر سلێمانی
………………………
” ناوازەترین ئازار ” یەكێكە لەهۆنراوەكانی كۆمەڵە هۆنراوەی ” قاوەیەك لەگەڵ ئەودا ” ی نووسەر ” كەژاڵ ئەحمەد “، ساڵی 2001 چاپ و بڵاوكراوەتەوە، ئەم هۆنراوەیە جیاوازە لەسەراپا هۆنراوەكانی تری ئەم كۆمەڵە هۆنراوەیە و لەخوێندنەوەیدا بەلای خۆیدا كەمەندكێشت دەكات، ئەم دەقە وایلێكردم چەند ساتێك لەبەرامبەریدا راوەستم و لەهزری خۆمدا راڤەی بكەم.
من بڕوام وایە دەقی جوان و نایاب لەهەموو قۆناغ و سەردەمێكدا تازەیی و زیندوێتی خۆی لەدەست نادات، دەقی زیندوو هەرچەند لەمێژ بێت نووسرابێت و چەند سەردەمێكی بەسەردا تێپەڕی بێت، خوێنەر دەتوانێت بەردەوامیی پێبدات و بەشێوەی جیاواز هەڵسەنگاندنی بۆ بكات. بەواتایەكیتر، خوێنەر دەتوانێت لەگەڵ نووسەردا بەردەوامیی بەپڕۆسەی نووسین بدات، لێرەدا دەمەوێت لەچەند روویەكەوە بچمە ناو ئەم هۆنراوەیەوە و شرۆڤەیەكی تری بۆ هەڵێنجم.
زمان
لەهەموو دەقێكدا زمان دەكرێت ببێتە ناسنامەیەكی جوان، چونكە سەرباری ئەوەی زمان پێكهاتەی سەرەكی دەقە، لەهەمان كاتیشدا ئامرازی بیركردنەوەی نووسەریشە، لەم دەقەدا كاتێك نووسەر دەڵێت:
چاوم لەباران تەڕتڕە
دڵم ئەڵێ ئاخۆ كەی دێی
تاڵێ لەزوڵفم جیابۆوە
دڵنیام تۆش بیرم ئەكەی
خوێنەر تێدەگەیەنێت گریانی چاوەكانی وشك نەبووە، بەوێنەی هەوری باراناوی چاوەكانی دڵۆپ دڵۆپ فرمێسك دەڕێژن، بەزمانێكی رەوان و داڕشتنێكی پڕ لەرەوانبێژی پێمان دەڵێت چاوەكانی هەورن و فرمێسكەكانی بارانن، سەرگۆنای كێلگەی بەر باران، چۆن هەور بارانی بەدڵۆپە و بەخوڕیش دادەبارێنێت، چاوەكانی ئەمیش هێندە تەڕن بەوێنەی بارانی بەخوڕ و بەدڵۆپە كێڵگەی سەرگۆنای ئاودێر دەكەن.
زمانی هۆنراوەیی لەزمانی رۆژانە و ئاخاوتنی كۆمەڵگە دەبێت جیاواز بێت، ئەو لەبری ئەوەی بڵێت دەگریم، یان بڵێت چاوەكانی فرمێسكی پێدا دێنە خوارێ، ئەوا دەڵێ چاوەكانم لەبارانیش تەڕن، دڵی داوای هاتنی دڵبەر دەكات و چاوەڕێیە، لەبری نووسەر دڵی داوای هاتنی دەكات و دەڵێت كەی دێیت لەچاوەڕوانیدام.
خۆشەویستی
ئەم دەقە سەراپا هەڵگری رازونیازی خۆشەویستییە، خۆشەویستییەكی قووڵ وشە بەوشە و پیت بەپیتی ئەم دەقەی داگیركردووە، لەگەڵ خوێندنەوەی دەقەكەدا هەست دەكەیت نوسەر لەچوارچێوەی خۆشەویستییەكی بەئاكام نەگەیشتوودا تووشی تەنیاییەكی سەخت هاتووە، ئەوەتا دەڵێت:
لەگەڵ تەنیایی دانیشتم
بۆئەوەی بەتەنیا نەبێ
بەشەقامەكانا ڕۆشتم
جێگا پێكانتم خۆش ئەوێ
نوسەر هێندە خۆی بەتەنیا دەزانێت، لەگەڵ خودی تەنیاییدا دادەنیشێت و بەوە دڵخۆشی خۆی دەداتەوە كە ناهێڵێت تەنیایی بەتەنیا بێت، تەنانەت هێندە تەنیایە، هێندە دڵی لای دڵبەرییەتی، بەشەقامەكاندا دەڕوات و شوێن پێیەكانی دڵبەری دەبینێت و دەیناسێتەوە و خۆشەویستی خۆی بۆ شوێن پێكانی دەردەبڕێت، چ خۆشەویستییەكە وایلێكردووە لەشەقامێكی پان و بەریندا جێگا پێی كەسێك بناسێت و بەشوێنیدا گوزەر بكات؟.
چاوەڕێم كردی وەك دایكت
لەبەردەم پەنجەرەكانا
چاوەڕێت كردم وەك ئاشتی
لەناو خەونی نیشتمانا
نووسەر بەوێنەی دایكێكی تەنیا، لەنیوەشەوێكی ئەنگوستەچاودا، لەتۆفان و رەهێڵەدا، كە رۆڵەتاقانەكەی لەدەرەوەی ماڵ بێت و لەپشتی پەنجەرەی ماڵەكەیاندا چاوەڕێی هاتنەوەی بكات، چاوەڕێی هاتنەوەی دڵبەری دەكات، لەهەمان كاتیشدا روودەكاتە دڵبەر و پێی دەڵێت دەزانم تۆش چاوەڕێم دەكەیت، بەڵام چاوەڕوانی تۆ وەك خەونێك وایە، خەونی بەدیهاتنی ئاشتی لەنیشتیماندا.
ئەگەر لەم وشانە وردبینەوە ئەوا دەبینین چاوەڕوانییەكان هەردووك چاوەڕوانین لەرواڵەتدا، بەڵام چاوەڕوانی نووسەر وەك چاوەڕوانی و تاسە و تامەزرۆیی دایكە بۆ منداڵەكەی، دەزانێت هەرچەند دواكەوتبێت هەر دێتەوە و بەدی دێت، چونكە منداڵەكە ماڵی خۆیەتی و رۆیشتووەتە دەرەوە و ئەگەرچی دوابكەوێت هەر دەگەڕێتەوە، بەڵام چاوەڕوانی دڵبەرەكەی وەك خەونێك وایە، خەونێكی بەدی نەهاتوو بۆ بەدیهاتنی ئاشتی لەنیشتیماندا، زۆرن ئەوانەی تەمەنیان تەواوكرد بەحەسرەتی بەدیهاتنی ئاشتی و ئارامی لەنیشتیماندا و خەونەكەیان بردە ژێرگڵ.
دووجۆر چاوەڕوانی، چاوەڕوانییەك بەدیهاتنی ئاسان و چاوەڕوانییەك بەدیهاتنی ئەستەم، ئەمە دەیسەلمێنێت ئەم لەدۆخێكی نائارام و لەخۆشەویستییەكی بێ ئەنجامدایە.
گەشبینی و رەشبینی
گەشبینی و رەشبینی دوو هەستی مرۆڤن، هەردووكیشیان كاریگەری تەواویان لەسەر مرۆڤ هەیە لەتەواوی كایەكانی ژیاندا، بەو پێیەی نووسین دەتوانێت ئاوێنەی رەنگدانەوەی ژیانی تایبەتی نووسەربێت، بۆیە نووسینی باش شوێنەواری هەستەجیاوازەكانی نوسەری تێدا بەجێ دەمێنێت لەگەڵ خوێندنەوەیدا خوێنەر هەستەكانی نووسەریش دەخوێنێتەوە.
كاتێك ئەم دەقە دەخوێنینەوە بەتەواوی هەست دەكەین نووسەر لەچ دۆخێكی دەروونیی نائارامدا لەنێوان گەشبینی و رەشبینیدا لەجوڵەدایە، بەجۆرێك جار هەیە دەگات بەلووتكەی گەشبینی و تەنانەت لەخۆبایی بوونیش، جاریش هەیە گلۆردەبێتەوە بەرەو خوارەوە بۆ رەشبینی.
بەجێ دەمێنم ئێواران
هێندە ئاوڕ ئەدەمەوە
كە دەركەوتی وا ئەگۆڕێم
خەریكە خۆم ناناسمەوە
تەماشا ئەو هەستە پڕجۆش و خرۆشە!، نوسەر نمایشی كەسێتی خۆی دەكات، بەشەقامێكدا، لەدەمی ئێوارەدا، كاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، دەزانێت كاتی هاتنەوەی دڵبەرییەتی و بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە، هێندە ئاوڕ دەداتەوە بۆ دواوە لەكەسانی هاوشانی بەجێ دەمێنێت و دوادەكەوێت، بەڵام كاتێك دڵبەر دەردەكەوێت لەخۆشیدا خۆی لێدەگۆڕێت و خۆی ناناسێتەوە، ئەمە ئەوپەڕی گەشبینییە، بەڵام ئەم دۆخە وابەردەوام نابێت، هێندە نابات دڵبەر لەچاو ون دەبێت و نووسەر دەكەوێتە دۆخی رەشبینی و نائومێدییەوە و گلەیی ئەوە دەكات بۆچی بینینی واكورتە دەست پێناكات كۆتایی پێ دێت.
ڕاهاتووم لەچاوەڕوانیی
ئەزانم هەر دوایی پێدێت
بۆچی بینینت وا كورتە
دەست پێناكات كۆتایی دێت
ئەگەرچی نووسەر پێش ئەوەی پرسیارەكەی بكات و گلەیی كورت بینینەكەی بكات، خۆی روونی دەكاتەوە و دەڵێت راهاتووە لەچاوەڕوانیی، ئەمە رەشبینییەكی روونە لەدڵی وشەكاندا دەنگی بەگوێی خوێنەر دەگات، لەهەمان كاتیشدا و لەو رەشبینییەوە دەپەڕێتەوە بەرەو تروسكایی گەشبینیی وئومێدێك بۆ پێكگەیشتن و دڵدانەوە دەردەبڕێت، ئەو دەڵێت راستە بەچاوەڕوانیی راهاتووە بەڵام دەزانێت ئەو چاوەڕوانییە رۆژێك كۆتایی دێت، لێرەوە گەشبینی بۆ پێك گەیشتن بەدی دەكرێت.
گەشبینیی و رەشبینیی سەراپا دەقەكەی داگیركردووە، دەكرێت ئەم دۆخە ببەستینەوە بەدابڕان و پێكگەیشتنەوە، كاتێك پێكگەیشتن نزیك دەبێتەوە ئەوا هەستی گەشبینیی گەشەدەكات و كاتێكیش دابڕان دێتەگۆڕێ ئەوا رەشبینیی جێگای دەگرێتەوە، ئەوەتا نوسەر لەترۆپكی رەشبینیدا هاواری لێهەڵدەستێت و دەڵێت با خوای كچێك نەتگرێ كە بوویتە بەهۆكاری ئازارێكی ناوازە بۆی، لەكاتێكا دڵی پڕ ئەوینە و سەر رێژبووە لەخۆشەویستی.
ئەی ناوازەترین ئازار
دەبا خوای كچێ نەتگرێ
كە بسكی حوزنی جیهانەو
دڵی ئەوینی لێ ئەتكێ
نمایشكردنی دۆخی دەروونی نووسەرە، خۆی نا بەڵكوو بسكی هێندە مەحزوونە لەجیهاندا نمونەی كەمە، بەڵام دڵی پڕە لەئەوین و تك تك لێی دەچۆڕێت، ئەگەر دڵبەر لەوە زیاتر ئازاری پێ بدات خوا دەیگرێ لەئاه و نزولەیدا.
وێنەی هۆنراوەیی
وێنە، یەكێكە لەڕەگەزە سەرەكییەكانی هۆنراوە، هیچ دەقێك ناتوانێت پەیامەكەی بگەیەنێت بەبێ وێنە، گۆڕینی وشەكان بەوێنە یەكێكە لەكارە سەرەكیەكانی نووسەر، چونكە نووسەر لەڕێی وشەسازيیەوە، خەیاڵی خۆی دەگۆڕێت بەوێنە و ئاڕاستەی وەرگر یان خوێنەری دەكات.
بۆ گەیاندنی خەیاڵ، پێویستمان بە بەرجەستەكردن و دروستكردنی وێنە هەیە، لەم دەقەدا و لەهەر كۆپلەیەكدا وێنەیەكی جوان نمایش كراوە، سەراپا وەك فیلمێك وێنەكان یەك بەدوای یەكدا لەبەرچاوی خوێنەر دێن و دەچن و سەرەنجام لەهزری خوێنەردا جێی خۆیان دەگرن.
( تەڕیی چاو، دڵی پڕ ئەوین، دانیشتن لەگەڵ تەنیایی، دانیشتن لەپشت پەنجەرەكان لەچاوەڕوانیدا، رۆیشتن بەشەقامەكاندا و ئاوڕدانەوە بۆ دواوە،،،، هتد). ئەمانە سەرجەم وێنەن و دەقەكەیان ناوازە كردووە، یەك بەدوای یەكدا خوێنەر لای خۆیان گل دەدەنەوە، هەریەك لەم وێنە هۆنراوەییانە گیانێكی زیندوو بەبەردەقەكەدا دەكەن و بەدرێژایی تێپەڕبوونی كات بەنەمریی دەیهێڵنەوە، چونكە وێنەكان هێدی و لەسەرخۆ لەگەڵ خوێندنەوەیدا ئاوێتە بەزمانێكی پڕ لەئاواز چیرۆكی دڵی نووسەر تەواو دەكەن.
بەرجەستەكردنی بابەتە كولتووری و نەریتییەكان
كەژاڵ ئەحمەد لەسەرەتای دەركەوتنیيەوە بەنووسەرێكی یاخی و دواتریش وەك راگەیاندنكارێكی سەركێش لەنەریتە كۆنەكان ناسراوە، ئەو سەرباری ئەوەی خۆی وەك دژەباوێك وێنا دەكرێت، ساڵانێك لەمەوبەر بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی پێشكەش دەكرد بەناوی ” دژەباو ” ، زۆركات نووسین و بیروباوەڕەكانی لەگەڵ داب و نەریتی چەقبەستوو یەكی نەدەگرتەوە، بەڵام لەم دەقەدا لەسەرەتادا دەڵێت:
چاوم لەباران تەڕتڕە
دڵم ئەڵێ ئاخۆ كەی دێی
تاڵێ لەزوڵفم جیابۆوە
دڵنیام تۆش بیرم ئەكەی
لێرەدا نووسەر وێنای كەسێك دەكات بڕوای بەو قسە كۆمەڵایەتییە هەیە كە لەناو خەڵكیدا بڵاوە، دەڵێت ” ئەگەر تاڵێك لەزوڵفت جیابێتەوە ئەوا كەسێك بیرت ئەكات ” ئەمیش بەدڵبەری دەڵێت لەبەرئەوەی تاڵێك لەزوڵفم جیابووەتەوە، كەواتە وەك من چۆن بیرت دەكەم تۆيش بەدڵنیاییەوە بیرم دەكەی، ئەمە بەمەبەست بێت یان بەبێ مەبەست دەریدەخات هێشتا نووسەر لەژێر كاریگەریی پەند و داب و نەریتی باوی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەدایە و ئەم بابەتانە بەهایەكی هەیە لەلای، بۆیە ئەم باسە دەكات بەبیانوویەك تا بەدڵبەر بڵێت دڵنیام تۆيش دڵت لامە و بیرم دەكەیت.

