فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیعر

ئاوات مەلا ڕەسوڵ
شاعیر، ھەولێر

……………….

 

گۆزەکەی دەستم شکاوە، ئاوەکەی لێ ڕژاوە و
پڕوشک پڕوشک بوە بە بارانی
سەر کێڵگە جۆیەکەی بنار تەمەنی هەڵکشاوت
لە پەنا دیواری شیعر و کەزی هەستەکانتدا،
سێبەرەکەت دەدزم و تاوێک پشوو دەدەم و دەڕۆم.
ڕێبوار نیم، ئەمما شەکەتترم، ماندووترم، تینووترم
هەر تاوێک بسێمەوە، دەڕۆم
بێ ماڵ نیم، ئەمما ئاوارەترم، بێ لانەترم، بێ شانترم
هەر هەناسەیەک بدەم، دەڕۆم
پلوچکە بەردی سەربانەکەتم بەسەردا فڕێمەدە
هەناسە ساردم، گۆزەکەم لێ شکاوە، ئاوەکەی لێ ڕژاوە
هەر ئارەقەکەی تەوێڵم بسڕم، دەڕۆم
تۆز و بام لێ هەڵمەکە، گەڕاپێچەم تێ لول مەدە
دەڕۆم، کێشکچی سێبەرەکەت ها بەسەر سەرمەوە
بە ئەنگوستی کەرتکی گۆزەکەم خڕ دەکاتەوە
دەست بەسەرم دا دێنێ، داوە پرچەکانم لێک دەبەستێ
کەرتکەکانم وێ دەداتەوە و دەڵێ: بڕۆ، ئەو سێبەرە هی منە، بڕۆ.
دەڕۆم گلەییم نیە، بارەکەم گرانە، شانم سوا، پشتم چەما
گۆزەم شکا، ئاوی لێ ڕژا
شرقەی شکانی گۆزەی بەختم کاسی کردم
هەر ئاهێک هەڵکێشم، دەڕۆم
گەرد و باری ڕێ موژەی گرتووم، چاوی لێ تەڵخ کردووم
بیناییم ساز بێتەوە، دەڕۆم
ڕۆحی تاسەبارم لێ کاڵ بێتەوە، دەڕۆم
دڕک و قەسەری دیواری خشت و لە قوڕت، سرەویان بڕیووم
خاکی گڕکان و لە کوڵت پێیان لەسەر زەوی لێ هەڵگرتووم
دەڕۆم..

 

27.5.2025