فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گلەی چی کەم….!

کامیل (خانە)
شاعیر ، بەریتانیا
………………
گلەی چی بکەم لە گەردون و ، بڵێم بۆچی کە بێباکە
بڵێم بۆچی کەچەن ساڵە ، ئەچۆرێ خوێنی ئەم خاکە
کە خۆمم ئاگری گیانی و ، مرۆرو دڕک و ئافاتی
هەرچی جەنگ و بەڵایەک هات ، بڵێم تاوانی ئەفلاکە ؟
گلەی چی بکەم لە بێگانە ، کە خۆم بۆ خۆم نەبم ئیتر
زەلیل و دەستەمۆی دوژمن ، ئەوەی ئەو بیڵێ پێم چاکە
لە چەرخێکام پڕە دونیا ، لە عیلم و فەلسەفەو زانست
کەچی کەلەی ڕزیووی من ، سەرابەو بۆنی وەک لاکە
بە جێماوم لە کاروانی ، (ترۆقی ) و دەوڵەتا چی بکەم
لە خێڵ و عەشرەتام هێشتا ، وەرەو دەردم تەماشاکە
هەرچی شێخ و مەلا وتیان ، چیرۆکی مەرگ و ئاگر بوو
بەجێماوی خەرافاتم ، لە دونیای ئەمرۆو ، ئەوساکە
هەموو دونیا بەزانستیان ، بەبێ ئەندازە پێشکەوتن
کەچی تازە خەیاڵی من ، لە بیری ڕیش و سیواکە
زەمانێ بو کەحوکمی من ، لە ئاستی ڕۆم و یۆنان بوو
لەفەرهنگ و هونەر جێمام ، کەسێ بەم دەردە وەی  ناکە
خەجاڵەت دەوڵەتی مادو ، میتان و خانی لەپ زێڕم
لە مێژودا نییەو نەبووە ، گەلێک بێ و خاکی سەوداکە
چەمەر بەشمە هەتاماوم ، چەمیوی جەهل و ناکۆکیم
کە عەقڵێک دەسنیا بێت چۆن ، ئەزانێت مافی داواکە ؟
لە لایەک لەت لەتە خاک و ، لەلایەک من من و تۆ تۆ
نیە دڵسۆزو خەمخۆرێک ، لەبەروەی (خانە) غەمناکە
24/05/2021
ترۆقی : پێشکەوتن ، بەرەو پێشچون ، گەشەکردن
ماد ، میتان : دوو ئیمپراتۆری کورد بون
لەپ زێڕ : خانی لەپزێڕین
چەمەر : شین و شەپۆڕ
دەسنیا : هەر شتێک خۆڕسک نەبێت ، یان کەسێکی تر تەحەکومی پێوە بکات
Inline-Bild