سیروان تم تمەیی
شاعیر، ھەڵەبجە
…………….
لەپێ کەوتووم پشتم چەما
ئیتر گۆچانیش دادم نادا
گەنجیەتیم ڕۆی لەدەستم چوو
ئازار بەرۆکم بەر نادا
نەفسم ئاخ هەڵ ئەکێشێ
بۆ سەردەمی منداڵیم
بۆ ئەو کاتەی نەوجەوان بوم
بۆ زەمانی دڵی خاڵیم
خەم بۆ ڕیشی سپیم ئەخۆم
بەبێ ئاگا دای لەدەرگام
مــۆدم نەما وا بەسەر چووم
ئەوەتا لەلێواری مەرگام
هەزار ئاواتی بەدی نەهاتوو
لەگەڵ دەیان خەیاڵی تاڵ
لەگەڵ ڕۆشتنی تەمەن
هەر هەمـوویم نایە نێو چاڵ

