دەقی : ھۆشەنگ ئبتھاج
بەکوردی کردنی : کەیوان ھەورامی
شاعیر ، سلێمانی
……………….
ئەرخەوان، ئەی چڵە هاوخوێنە دابڕاوەکەم!
چۆنە ئاسمانی ئەم ڕۆژگارەت؟
ساماڵە کەشوهەوا؟
یان داویە بە یەکا هێشتا؟
من ئالەم سووچە،
کەوا کەوتووەتە دەرەوەی دونیا،
نە بەسەرمەوەیە ئاسمانێ،
نە ئاگام هەیە لە بەهارانێ…
ئەوەی کە دەیبینم،
دیوارە؛
ئاه، ئەم ڕەق و ڕەشە هێندە نزیکە،
کاتێ لە سنگەوە هەناسە ئەدەمەوە،
هەناسەکەم ئەگەڕێنێتەوە دوا!
ڕێگە وەها داخراوە،
کە فڕینی نیگا، هەر بستێ ئەڕوا!

