فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تاوانباری ئەم شەڕە تۆی!

ئاکۆ ئەلیاسی
شاعیر
………..
بۆ بیستنی دەنگی کز و نووساوی من
گوێ نێ بە ژێی گەروومەوە،
بزانە چەند وشەی گیاندار
بەخێراڕێی خەیاڵمدا
لە من دەژین؟
لە پێوانی هەناسەمدا،
ترپەترپی دڵم بژمێر
بە پێوەری ماچ و بڤە!
هەڵوەرینی خۆزگەکانی
قووڵیی ناخم بخوێنەوە.
گەلێک جاران،
بۆ ئەوەی کە دەنگم تاری گوێچەکەکانت
نەلەرێنێ،
وشەکانم بە هەسپایی
وێنەی جووڵەی ئەو نەوڕەسە بێ ئۆقرانەی
هەڵنیشتووی سەر لمی کەنار زەریا و ڕووبار،
شوێن پێی خۆیان
لەبەر پتەپتی نیگات
جێ دێڵن و لە دواییشدا
بەدەم شڵپەی پێ بەکەفی کەنارەوە
هێدی هێدی، دەسڕێنەوە.
لەو ساتەدا،
من زەنگیانەی ملی شیعرم.
بە بای خەیاڵ،
زرینگینەوەی گەردەن بەن و خڕخاڵێکت
لە ڕەنگی یاقووتیی ترێ
بۆ گەردەن و پێ و مەچەکت
دەهۆنمەوە.
من دەبینم،
وشەکانم
لەبەر تریفەی کریکای کریکی مانگەشەوان،
پۆلە ڕەنگی هەڵفڕیوی نێو فێنکایین.
بەدەم باوە،
وەک تانوپۆ
خۆ لە من جوێ دەکەنەوە
ئەوان دەبن بە تابلۆی بەرپێی پەیکەرێ و
لە بوونەوە، دەبن بە تۆ!
ئەم لاولاوە باڵاسەوز و بزێوانە
هەموو دەبن بە وردە یاد
بەسەر دیواری شێداری ئازارمدا هەڵدەچن و
تۆ لەوێوە،
لە سووتانی ئەم هاوارە
زریکەیت و
قوڵپەی گەرمی ئەو ئەوینەی
کە بەردەوام لە کوڵوکۆی.
هێند دەزانم،
لەم یارییە  خوێناوییەدا
عەشق ئەبێتە قوربانیی ڕێ و
تاوانباری ئەم شەڕەش تۆی!

1752135479382blob.jpg