فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقی شیعری!

دەقی ، شەزا کامل
بە کوردی کردنی: نوری بێخاڵی
نووسەر، ھەولێر
……………………..
.
وەک کەسێک کە گوێی بە دەمی کاتەوە نابێت،
گوێت لێ دەگرم
ناتبینم، بەڵام هەستت پێ دەکەم،
کە بە گوێی بەرزی و نزمییەکانی نادیاریدا دەچرپێنیت
دیوارەکان بیریان نەماوە کێ نەخشاندوونی،
وەلێ ئەوەی بەبیر دێتەوە،
کە بە تەنیشتیدا ڕەت بووە و
درزی  خستۆتە واتاوە
پرسیارێک فڕێ دەدەمە قووڵایی ژنێک:
بەر لەوەی بە لای مندا ڕەت بیت، چۆن ڕەنگ دەدەیتەوە؟
هەموو دوورەپەرێزیەک لە تۆ، شکستێکە لە زماندا
وەک چۆن کوێرێک هەست بە سێبەری ڕووناکی دەکات،
هەست بە شوێنت دەکەم لەناو دەقدا
بەوەی لە شوێنپەنجەتەوە جێماوە،
بۆشاییەکە پڕ دەکەمەوە و
بە تۆنی دۆڕانێکی شکۆمەند، سرووش دەشێلم
وەک چۆن دەرزی لە دەماری خەوتووێکدا ڕادەکێشن، خۆتت لە من دەرکێشا و
لەدوای خۆت،
بێدەنگییەکی بەرگەنەگیراوت جێهێشت،
بەڵام وەک میوانێک،
کە لەسەر دیواری سییەکاندا بیرەوەرییەکانی دەنووسێتەوە،
لەناومدا نیشتەجێیە
تەنیا وشەیەکم لە تۆ دەویست،
بۆ ئەوە نا تێیدا نیشتەجێ بم،
بەڵکوو تا جەستەیەکی لێ بونیاد بنێم،
کە شیاوی سێبەری من بێت
بەڵام تۆ لە خۆتت ڕاپسکاند و وازت لێ هێنام،
تا بەسەر کەمیی گوزارشتدا ساتمە ببەم
وەک چۆن زەوی دوای وشکەساڵییەکی درێژ یەکەم دڵۆپە باران قووت دەدات،
ئازارەکانت قووت دەدەم
برسێتییم بۆ تۆ لە دەمێکەوە دەست پێ ناکات،
بەڵکوو لە یادەوەرییەک کە حەزی لە شتێکە ڕووی نەداوە
هەر چەند بانگت دەکردم،
ئازاری خۆمم پیت پیت حونجە دەکرد
کاتێک نادیارییت بریندارم دەکات،
خوێنم لێ ناچۆڕێت،
بەڵکوو وەک ڕەگێک کە بەدوای ئاوی واتاکەیدا دەگەڕێت،
لە ناوەوەمدا گەشە دەکەم
لە کات دەپرسم،
چۆن لە شادەمارەکانی دەقدا بتسڕمەوە؟
پێدەکەنێت و دەڵێت:
وەک چۆن بۆنەکەت لە کراسی مردنێک،
کە هێشتا نەکراوەتە بەر، دەسڕیتەوە
قسەکردنت بریسکە نادات،
بەڵام خۆڵەمێشی گۆرانییەکە لە سنگمدا دادەگیرسێنێت
تەنیاییم لەسەر ژێیەک لە وڕێنە دەژەنم و
دەپرسم:
قەسیدە چۆن لە زارێکی نەبوودا لەدایک دەبێت؟
ئەی چی بکەم ئەگەر دوای کوژانەوەی شارەکە هاتیت و
پەنجەرەکە تەنانەت بەشی یەک پیتی ناویشت نەکات؟
1752135408240blob.jpg