چنار عەلی
شاعیر، سلێمانی
……………….
لەشەوی درێژ … دووری قەرزدەکەم
لەگەرمای هاوین … بۆشایی ،
لەبێدەنگیم … پرسیار
لەتاریکی شەقامەکان … مەرەکەب
من …
ملی خۆم دەسوڕێنم بەدەربڕینی سەرسوڕمان
دوای وەستانێکی گاڵتەجاڕی بەدوایدا دەڕۆم
هەموو دێڕەکانم پڕ دەکەم لە خاڵ
هەندێک بۆشای بەجێدەهێڵم بۆ پاڕانەوە .!
نزیک دەبمەوە لەکۆتای ڕێگاکە و
گۆچانێکی شقارتەیی دەبینم ،
جلی خەونەکانم هەڵواسراوە بەقوولاپێکدا
کە جاران پێم وابوو کونی دەرگایە .!
لەپەراوێزی چەند ژمارەیەک ساڵەکان دەژمێرن و پێڕستکە قیبلەنمایەکە شوێن پێی سمی ئەسپێکی دوورە خەونەکان .
سەرەتا جارێک چیرۆکە یان چیرۆک بوو ؟!
کێ مەرەکەبی ڕێگاکان دەخوێنێتەوە ؟
کێ دەمی بێدەنگی پڕ دەکات لەوەڵام ؟
قەلەمیش چەقۆی جەنگاوەرێکی پیرە و قامیشیش چڕنووکی بزماری ساڵەکانە ،
وشەکان شایەتن لەسەر گۆڕەکان ،
شیعرەکان گۆڕن لەسەر دێڕەکان ،
کورسی ماتەمینی بۆ خوێنەران بۆ کتێبەکان بۆ ئامادەبووان ،
بەزەیش بۆ ئەو شتانەی لەسنگی هەمووان نێژراوە .!
من هەموو ئەو ڕێیانەبووم لێیان هەڵهاتم و پاشان بووم بەتاکە ڕێگا کەهیچ ڕێگایەکم نیە تا بۆی بگەڕێمەوە ،
تۆ بڵێی دڵ سزابدرێ بۆ ڕاستگۆیی ؟
ئەی دەبێ ئێمە سەرزەنشتی خۆمان بکەین کە کەسێکمان خۆشدەوێ کە نازانێ چۆن خۆشی بووێین ؟
هەندێک غیاب بەشێک نیە لە چیرۆکێک … بەڵام چیرۆکێکی تەواوە کە دزراوە .!
بۆچی وادەکەی ؟
تۆ وەک شنەبایەک هاتیە ژوورەوە و وەک چەقۆیەک دەڕۆیت ؟!
بەجێم دەهێڵیت بۆ هەڵگرتنی ئەو شتانەی قسەناکەن ، ناوەکان و فرمێسکەکان کەکەس نایبینێ ؟
من هێشتا ئەو پەیامانە دەنووسم کە ناکرێنەوە ئەو وشانەی کە ناوترێن ،
ڕەنگە من بۆ خۆم بنووسم کە هێشتا لەیادەوەریدا زیندووم
هێشتا لەئازاردا زیندووم
گەر سەبارەت بەمن لێیان پرسیت دەڵێی دڵێکم ناسی خۆشیدەویستم بەڵام نەمزانی چۆن دەستی بگرم ؟
ساردی ڕۆحی تۆ سندوقێکە بۆ هەموو ئەو باڵندانەی کە لە فرمێسکی کراسەکەت ڕزگارم کردن خەوتن .!
کە پێشتر بەماچێک بڕیبووم ، نزیک لە دڵ و ترپەی ئاسمانی ئازادی بۆی زیندان بووم
هێلانەی بەختەوەری لێرەیە
سەرینی ئارەزووەکان بەفەرمانی تۆیە بەبێ کۆت و زنجیر بێ پەردە و بەربەست
ساردی رۆح ماڵی نیگەرانیەکانتە
شوێنی حەوانەوە بۆ رۆح پێشکەشکردنی رۆحە
بەشێک لەزەردەخەنەی تۆ من لەسەر سنگی جێگیر بووم
وەک کەنارێکی دوای گەشکردن بەپەرۆشی نەورەسەکان ،
کەوایە بە ئارامی بخەوە ڕۆح لێرەیە لەسەر جێگەی سۆز خەونەکانت فەرمانن
کە ئاشنات بووم
لەتەک عالەم ئاشت بووم
لە بێوەفاو ڕۆیشتوو بورام
لەو ساتەوەی ئاشنات بووم ، هیچ شتێک هێندەی وون بوونت نادات ئازارم
لەپێش چاو نیت وەلێ تەنها تۆ دەبینێ چاوی دڵ
دەمەوێ…
لەنیگای چاوەکانتا هەموو خەسڵەتە خۆلەمێشییەکانی ژیانم بکوژێنمەوە ،
دەربارەی ناوچەوانی ئەو شەوەی کە چاوەکانتی دزی لەبیرم چوو پێت بڵێم من ئەو شەوەم
من شەمەکەی تۆم .!
لەبیرت چوو پرسیارم لێبکەیت دەربارەی ئەو بابەتی دڵی ماچ کردم ،
لەبیرم چوو پێت بڵێم
من و دڵم و ماچ و قسە دەیڵێین بێ ووتن
تۆش کە دەیڵێیت
ناونیشان خۆی لەمن و تۆ وونکرد ئێمە لەخەون و خەیاڵێک هەڵهاتین و یەکمان بینی .!
من بۆ لای تۆ هەڵهاتم
تۆش لەمن هەڵهاتی ،
با بۆ ساتەکان بژین کات و شوێن بەئاگا بێنین ،
من گرنگی بەخۆشەویستیەک نادەم پێوەر بکرێ
کات و چرکەش ناژمێرم
ساتەکانمان بەختیان هەیە خولەکەکانمان لێدەدەن
بەلافاوێک سۆزی زۆرەوە بۆی خنکان لەدەریایەک لەئارەزووی دڵڕفێن
ئای ئازیزم
با بەماچێک بفڕین بۆ ئاسمان بۆ بۆشایی
کە خۆری خەونەکانتم وەرە پێش ئەوەی لە چرکەیەک یان دەستلێدانێک وون بیت
دەربارەی ناوم بپرسە ؟
چوون ئێمە لەسەرووی هەورەکان یەکدەبینین ناونیشان .!
هیچ شتێک لێرە لەژیان ناچێت
تەنیا بێهۆشی لەنەبوونی هەموو ڕووخساری
تەنە بێگیانەکان و دڵەکان چیان .!
ژیان وەک پەرداخێک شەراب دەڵێین …
لەو پێکهاتانەی تێیدا سەرخۆش دەبین ناومان لێناوە ئێکسسواراتی ژیان .!
قاچەکان ماندووبوون لەڕاکردن بەدوای وردە کولێرەی ژیان ، وزەی ووتنی وشەمان نەماوە
چرا کوژێندرایەوە و چرپە چرپ کڕنوشی برد
مۆم لە سنگی دایکێک دادەگیرسێنێت کە دوا گەڵای تووی گرتووە بۆ داپۆشینی ئەو ڕووتیەیی لەژیان ماوەتەوە .!
ساتێک دەوەستین لەسەر لێواری ژیان و
لەدوورەوە تەماشا دەکەین شوێن پێی هەنگاوەکانمان دەبینین لەسەر لمی ڕێگا .!
دەنگمان دەبیستین لەنزیکەوە
بۆ ساتێک هەست دەکەین گەورەبووین و ساتێک خۆمان بەمنداڵ دەبینین .!
هەموو ئەم چیرۆکانە باش دەزانین و
لەبیری دەکەین و ڕێگە دەبڕین
دەزانین کە وەک با واین .!
هەرکەس لێمان نزیک دەبێتەوە و دێتە دڵ زامێک مۆر دەکات لەسەری
کەسانێک بەنزیکی زامدارمان دەکەن کەسانێک بەدووری .!
دەبێ خۆمان ئاگاداری هەنگاوەکان بین و
ئاگادرای ژمارەی دەرگاکان بین و بۆ هەر دەرگایەک قفڵێک هەبێ
هەستەکان بخوێنینەوە پێچەوانەی ئاماژەپێکراو ڕوون و ئاشکرایە .
لە دوای تۆ ئارەزووی کام پیاوە دەکەم ؟!
من هێشتا تا ئەم ساتە لەنهێنی تۆ تێناگەم و نازانم کلیلی دڵی جیوەیت لەچ گۆشەیەکدا خۆی حەشار داوە .!
پێم بڵێ
کەی مافی خوێندنەوەم هەیە ؟ تا لەقوڵای پڕ نهێنی چاوەکانتا شاری خۆشەویستی هەمیشەیت بدۆزمەوە ؟!
تۆ ناڕوونی
هەموو ئەو ژنانەی چوونەتە چاڵی زیندانی دڵتەوە تا ئیستا هیچیان بەزیندووی نەگەڕاونەتەوە
من چووم و هێشتا زیندووم .!!!
عەشقی تۆم و خۆشمدەوێی بەڵێ دەزانم مەترسییەکی گەورەیت چارەنووسی من ، بەڵام من لەگەڵ تۆ پەنا دەبەمە بەر چاوەکانت و
خۆشەویستیم دووپات دەکەمەوە
دەیخوێنمەوە لەناو خۆت
بیستن بەدەنگ و لێوت خۆشمدەوێی
خۆشمدەوێیت چونکە تۆ هەم خیانتکاریت
هەم دڵسۆز پەنجەکانت دەدەی بەهەموو ژنەکان
تۆ منت بەتەنیا لەتاریکیدا خۆشدەوێ.!

