شاڵاو وریا
شاعیر
……………
غیرە دەکەم
لەو تەوقەی دەیدەی لە سەرت،
لە ئاوێنەی بەرامبەرت.
لە هەر شتێ لە لات جوانە،
لە دەنک بە دەنکی شانە.
لە مەرکانەی گوڵی ژوورت
کڵاو و ملپێچی سورت.
لە سپیاو و لە سوراوت
هەتا لە ماسکارەی چاوت.
غیرە دەکەم!
لەو نەسیمەی
پەنجەرەکەت دەکاتەوە،
لەشت فێنک دەکاتەوە.
غیرەدەکەم!
لەو شەقامەی
بەنازەوە پێیدا دەڕۆی،
لەو قوتابیانەی (مامۆستا)
تۆ لە گەڵیان لە گفتوگۆی.
لەو فینجانە کلاسیکەی
قاوەکەت تیا ئەخۆیتەوە،
ڕێ ون بکەی بۆ لای من بێی
دوعا دەکەم نەڕۆیتەوە.
غیرەدەکەم !
لەو شیعرانەی بۆت دەنووسم
لەلات جوانە،
هەتا ێستا چەندین شاکارت
میوانە.
غیرەدەکەم
لەو مناڵەی لە ئایندە
کاتێ دەست لە ملت دەکا،
غیرە دەکەم شلت دەکا.
غیرە دەکەم ئازیزەکەم
هەست بەگەرمی لەشت دەکا،
باوکیشی بم غیرەدەکەم
کە حەز لە باوەشت دەکا.

