فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

“نۆستالژیا”

شوان تۆفیق
شاعیر

………..

 

وێنەی ڕێگەیەکم کێشا
باران بەسەر شۆستەکانی دا دەباری
چاوەکانم داخست و بەبێ چەتر، لەتەنیشتی
وێنەکەوە دانیشتم و
چاوەڕێم کردی..

لەناو حیکایەتی
خۆشەویستیتا، من هەوربووم،
هیچم لەدەست نەهات..
تەنها توانییم، بەدیار جوانییتەوە دابنیشم و
بگریم.

بە پێچەوانەی سووڕانەوەی میلی کاتژمێرەوە
خۆشمویستی،
مەگەر خۆشەویستی تۆ، کوێی ئاسایی بوو،
هەتا بەڕێگەی ئەوانی تردا بێم و
دووبارە لەبەردەمتا بووەستم و
جارێکی تر عاشقتببمەوە؟

نامەوێت لە ناو دێڕی نامەیکدا دابنیشم و
بۆت بنووسم بیرم کردووی،
پەنجەرەکەت بکەرەوە!
دەمەوێ بەیانی بێم بۆ لات و
سێبەرەکەت ماچ بکەم.

دوێنێ شەو خەونم بە نەخۆشخانەوە بینی،
کە بێدار بوومەوە، هیچم لە دونیا نەویست،
تەنها ئومێدی من ئەوە بوو؛
دڵم ترپەی زۆری پی مابێت بۆ خۆشویستنی تۆ..

وێنەکەتم ماچکرد و
خستمە باخەڵم،
لە بۆشایی نێوان پەنجەکانمەوە سەیرت کردم و هیچت نەوت،
سوپاس کە هێشتا یادەوەریت باشە، دوای ئەو هەموو ساڵە
هێشتا بیرت مابوو؛ من بێ دەنگیی تۆم
چەند خۆشدەوێ!