فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیعر

گۆران ساڵح
شاعیر
……………
سەفەرێکی دووردوورم
بە دەسەوەیە،
دوور دوور
بۆ ئەستێرەیەکی تر،
کە لەوێ،
لە نیازی باڵندەکان،
کاتت
بۆ ڕوون دەبێتەوە.
لـەوێ،
حەز لە هەر میوەیەک بکەی
درەخت، بەخشەخش دێت
لەسەر مێزەکەت
بۆت دادەنێت.
لەوێ،
پشتت  ئاسمان،
پێشت  گەلە ئەستێرە.
نە ژاوەژاوی سیاسەت،
نە تەنیایێ…
هەستت لێڵ ناکەن.
مەسافەی نێوان تۆ و خودا:
چاو ترکانی،
کەڵەواڕەیەکی دەوێ،
تا یەک ماڵتان هەبێت.
لـەوێ، بە شەرعی گیا،
سەرتاپات پڕبووە لە سەوزی هەست،
لە خڕۆشانی خوێنی خودا ،
لەناو دەمارەکاندا .
بۆت دەردەکەوێت
عاشق بوون ،
چەن باخەوانێکی دڵسۆزە
بۆ  باخ .
لەوێ،
مناڵەکان
چاوشارێکی دەکەن،
ناترسن لە چاونوقاندن.
دنیا بۆ فڕین شایانی متمانەی چۆلەکەیە .
لەوێ بۆن بەهەر گوڵێکەوە بکەی،
درەختێکت لەگەڵە.
بۆ هەر شوێنی بڕۆیت ،
پێبەپێ ئاسمان  لەگەڵت دێت .

Inline-Bild