ئارام سدیق
نووسەر، سلێمانی
………………………
هونەری ڕۆمان؛ هونەری پیشاندانی ئاشکرایی نییە، بەڵکوو هونەری گێڕانەوەی نهێنییەکانە.ئەوەی زۆرجار ڕۆمانێک دەیەوێت لەڕێی گێڕانەوەیەکەوە ڕووداوێکی ئاشکرا دووبارە بکاتەوە، ئەوە دەرچوونە لە پێناسە گرنگ و جەوهەرییەکەی ئەم هونەرە، کە ئیشی کارکردنە لەنێو پەنهاندا و کاری دەرخستنی ڕووداوەکانی نێو تاریکییە.
نووسەرە مەزنەکانی جیهان ئەو جێگایانە دەپشکنن، کە هەموو چاوێک، هەموو هەستێک ناتوانێت بیانبینێت و هەستیان پێ بکات.ئەمەيش نهێنی سەرکەوتنی ئەو نووسەرانەیە.بەدەر لەمە نهێنییەکی دیکەی نووسەرە مەزنەکان ئەوەیە، کە گرنگی بە تەنها چی گێڕانەوە نادەن، بەڵکوو گرنگی بە چۆن گێڕانەوەيش دەدەن.لێرەوەیە کە هەندێک تێکست بۆ هەمیشەیی دەژین و هەندێکی دیکە تەمەنکورتن و بەشێکیش هەر لەگەڵ بە مردوویی بڵاو دەکرێنەوە.
نەجیب مەحفوز؛ لە چەشنی ئەو نووسەرانەیە جگە لەوەی خاوەنی تایبەتمەندی گێڕانەوەیە، هاوکات ئەو لەنێو ڕووبەری پەنهانی کۆمەڵگە و ناخی مرۆڤەکاندا دەگێڕێتەوە. لەو چەند ڕۆمانەکەی ئەم نووسەرە خوێندوومەتەوە بەر گەلێک پەنهانی کۆمەڵگە و ناخی مرۆڤەکان کەوتووم، کە زۆرجار وەک خوێنەرێک تووشی ڕامان و شۆکی کردووم. ئەرکی نووسەرە مەزنەکانیش هەر ئەم ڕامان و شۆککردنەیە، نەک لاواندنەوەی هەست و سۆزەکانیان.نووسەرە مەزنەکان بەوە جیا دەکرێنەوە، ئەرکیان لاوانەوەی هەست و سۆزی خوێنەر نییە، بەڵکوو ئەرکیان ئەوەیە خوێنەر بەر حەقیقەتی تاڵی ژیان و دیوە ڕەق و ترسناکەکەی کۆمەڵگەیان بخەن، بۆ ئەوەی نەبوونە بوونەوەرێکی ناچالاکی سۆزگەرا، کە بەرگەی ڕەقییەکانی ژیان نەگرن. هەر ئەمەيشەپەیامی سەرەکی خوێندنەوە، کە خوێنەر ئامادە بکات بۆ ژیانێک وشیارییەکی زیاتری هەبێت سەبارەت بەو دونیایەی تێیدا دەژی.
“سواڵکەرەکە“، یەکێکە لەو ڕۆمانانە نەجیب مەحفوز دوو جارم خوێندووتەوە. ڕۆمانێکە هەڵگری زیاد لە ڕەهەندێکی فیکریی و بونیادێکی تۆکمەی گێڕانەوەییە. خوێنەر لەبەردەم ئەم ڕۆمانەدا دەکەوێتە بەردەم پرسیاری ئەوەی بۆچی دەژیین؟ واتای ژیان چییە؟ ئایا بوونی ئێمە واتادارە؟ ئەدی بەختەوەریی لە کوێیە و ئێمە بە چ شتێک بەختەوەر دەبین؟ ئەمە بێجگە لە چەندین پرسیار و مژاری دیکە، کە خوێنەر بەرەو هەڵکۆڵینی ناخی خۆی دەبات. لەم ڕۆمانەوە بۆم دەرکەوت هەندێک تێکست هەیە دەروونی خۆتت پیشان دەدات، بەڵام هەندێک تێکستی دیکە هەیە هانت دەدات بۆ ئەوەی دەست بە هەڵکۆڵینی دەروونی خۆت بکەیت. “سواڵکەرەکە” ڕۆمانێکە بۆ هەڵکۆڵینی دەروونی خۆت و دەتخاتە بەردەم ئەو پرسیارانەی کە زۆرجار نەتوێراوە لە خۆی بکەیت. مرۆڤ بوونەوەرێکی ئازا و چاونەترس نییە، مرۆڤ بوونەوەرێکی ترساوە و زۆرجار لە پرسیاری جەوهەری دەترسێت، لەبەرئەوەیە بوونێکی بێمانا دەژی. ئەم ڕۆمانە دەروازەیەک دەکاتەوە بۆ ئەوەی خوێنەر پرسیار لەخۆی بکات من بۆچی دەژیم؟ بوونم واتای چییە؟ ئایا بەو ژیانە واتا بەبوونم داوە؟ ئەم پرسیارانە ئاسان نین، وەکو لە ڕووکەشیاندا دەردەکەون، بەڵکوو پرسیاری ترسناکن، چونکە مرۆڤ دەخەنە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە و مرۆڤیش بە سروشتی خۆی حەزی لە بەرپرسیارێتی نییە، لەبەرئەوەیە خۆی لێیان دەدزێتەوە. بەڵام لەم ڕۆمانەدا زۆر بەسادەیی و لەڕێی دیالۆگی نێوان کاراکتەرەکانەوە خوێنەر بەر ئەم پرسیارە جەوهەریی و قووڵانە دەکەوێت و ناشتوانێت خۆی لەبیرکردنەوە لێیان دەرباز بکات.
هەفتەی پێشوو کتێبی “بۆچی دەژیین؟” سەعید ناشیدم خوێندەوە هەر لێرەوە ڕانانێکم بۆ کرد لەوێشدا نووسەر بەدوای ئەو پرسیارەوەیە کە مەحفوز زیاتر لە 50 ساڵ بەر لە ناشید لە ڕۆمانەکەیدا بەدواییدا دەگەڕێت. ئێمە لەم نووسینەدا چیرۆکی ڕۆمانەکە ناخەینەڕوو و ئەرکی ئەم نووسینە نییە، بەڵکوو هەوڵی شیکردنەوە چەند پرسیارێکی گرنگی تێکستەکە دەدەین. ڕۆمانەکە بەچیرۆکی پارێزەرێک بەناوی “عومەر حەمزاوی” دەست پێ دەکات پیاوێک کە بەتەمەنی 45 ساڵییەوە خاوەنی ماڵ و سامان و دەوڵەمەندییە، بەڵام رۆژێک بیر لەوە دەکاتەوە ئەو بەختەوەر نییە و بوونی هیچ مانایەکی نییە.لێرەوە چیرۆکی بوون و نەبوونی مانای ژیان دەست پێ دەکات و هاوکات ئایا بەختەوەری پەیوەستە بە بوونی سامانەوە، یان نا؟ ئەوە ئاشکرایە کە بەختەوەری پەیوەست نییە بە بوونی سامانەوە، بەڵام نەبوونی سامانیش زۆرجار کێشەیەکی گەورەیە. هەر لەبەر ئەوەیە مامەڵەکردنی مرۆڤ لەگەڵ بوونی خۆیدا و ئەو واتایەی دەیەوێت پێی ببەخشێت دەشێ ببێتە دەروازەیەک بۆ بەختەوەریی. بەختەوەری لەنێو دڵی مرۆڤەکان و بوون و ژیانی ئەواندایە نەک لە شتە ماددییەکاندا، مەحفوز لەم ڕۆمانەدا دەیەوێت ئەمە بسەلمێنێت و لێزانی مەحفوز لەوێدا دەردەکەوێت کە کۆی ئەم ئایدیا هزرانەی لەنێو دیالۆگی کاراکتەرەکاندا تواندووتەوە، کە بەشێک لە هێزی تێکستەکانی ئەم نووسەرە لەمەدایە.
“عومەر حەمزاوی” کاراکتەری سەرەکی ئەم ڕۆمانە ناچارانە بەو هەموو سامان و دەوڵەمەندی و پێگەیەی هەیەتی ناچارە بکەوێتە سواڵ، بەڵام سواڵی سامان نا، چونکە ئەو دەوڵەمەندە، بەڵکوو سواڵی بەختەوەریی.حەمزوای دەشێ نموونەی فیگۆرێکی مۆدێرن بێت، کە مەحفوز هەر زوو درکی بەوە کردووە، کە مرۆڤی مۆدێرن لەگەڵ ئەوەی هەموو شتێکی هەیە، بەڵام بەختەوەری ون کردووە. ئەم ڕۆمانە لە ساڵی 1965دا نووسراوە، کە 60 ساڵ لەمەوبەر دەکات، بەڵام هێزی ئەم تێکستە لەوەدایە کە ئایدیاکانی هێشتا نوێن، تێکستە نەمرەکان هەمیشە نوێن و هەرگیز کۆن نابن.چەشنی “ئیلیادە و ئۆدێسە“ی هۆمیرۆس و “کۆمیدیا“ی دانتێ و دۆن کیشۆت–ی سێرڤانتس و تاوان و سزا و برایانی کارامازۆفی دۆستۆیڤسکی و دەیان و سەدان تێکستی دیکە، کە ژیانی ئەوان جاویدانەگییە و بۆ هەمیشەیی دەژین.
مرۆڤی مۆدێرن، لەنێوان ونبوون و بێمانایی ژیاندا گیری خواردووە و هەموو شتێکی هەیە، بەڵام چێژ لەوانە نابینێت کە هەیەتی و هەست بە پووچی و گیرخوادن دەکات لەنێو ئەو ژیانەی هەیەتی، کە ئەمەيش پەیوەندی بە پرسیارەکانی مرۆڤەکانەوە هەیە سەبارەت بە بوونی خۆیان.مرۆڤی مۆدێرن دوور کەوتووەتەوە لە واتابەخشین بەو بوونەی هەیەتی و زۆرجار کۆکردنەوە چاوچنۆکانەی سامان و ڕاکردنی بەردەوامی بەدوای بڕوانامەدا هیچ واتایەکی بۆ ژیانی نەهێشتووەتەوە و کاتێک هۆشی دێتەوە کەوتووتە نێو بوونێکی ڕۆتینی پووچ، کە هیچ واتایەکی نییە، بۆیە ناتوانێت بەختەوەر بێت.بەختەوەریی تەنها لەنێو دڵی مرۆڤەکان و ئەو شێوە ژیانەیە کە هەڵی دەبژێرن، نەک لە جێگەیەکی دیکە کە مرۆڤ ڕابکات بەدواییدا.
لە ڕۆمانەکەدا چەندجارێک بەر پرسیاری ئەوە دەکەوین “بۆچی زیندوویت؟” “گرنگە لە ژیانمان تێبکەین“، “پەیامی مرۆڤ لە ژیاندا چییە؟” “باشترە بڵێی مانای ژیان چییە؟” ئەمانە و چەندین پرسیاری دیکە کە مرۆڤ دەخەنە بەردەم ئەوەی بۆچی لەنێو ئەم ژیانەدا بوونی هەیە و ئەو بوونەی چ مانایەک دەدات؟ یەکێک لەو ڕێگایانەی نووسەر نیشانی خوێنەری دەدات بۆ مانادارکردنی ژیان “شیعرنووسین“ـە و لەنێو ڕۆمانەکەدا تەنها باسی شیعریش نەکراوە، بەڵکوو باسی کایەکانی زانست و فەلسەفەيشکراوە، بەڵام شیعر وەکوو ژانرێکی سەنتەر وەرگیراوە کە دوو کاراکتەر هەوڵی نووسینی شیعر دەدەن وەکوو جۆرێک لە مانابەخشین بە ژیان.
لەم ڕۆمانەوە تێدەگەین یەکێک لە هۆکارەکانی بەختەوەریی سەرقاڵبوونی مرۆڤە بە کایە هونەری و ئەدەبییەکانەوە و شیعر وەکووژانرێکی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا کە واتا بە بوون دەبەخشێت باسکراوە و نەوەکوونموونەیەکی بەرچاو ئاماژەی پێ کراوە.بەختەوەریی لەوێدا بەدەست نایەت مرۆڤ چەشنی ڕۆبۆتێک هەموو ڕۆژێک لە کاتێکی دیاریکراودا بچێتە سەر کار و لە کاتێکی دیاریکراودا بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، ئەم ڕۆتین و دووبارەبوونەوە بەردەوامە ڕۆحی مرۆڤ دەکوژێت، لێرەوە وەکوو مەحفوز لە پەنهانی تێکستەکەیدا ئاماژەی بۆ کردووە (یان وەکووئەوەی ئێمە لێی تێدەگەین) ئەوەی ڕۆحی مرۆڤ بە زیندووی دەهێڵێتەوە سەرقاڵبوونی مرۆڤە بە هونەر و ئەدەبەوە. شیعر دەشێ ژانرێکی ڕزگارکەر بێت بۆ ئەوەی مرۆڤ گوزارشت بە خۆی بکات. هەموو ئەوانەی شیعر دەنووسن مەرج نییە شاعیر بن و مەرج نییە شیعرەکانیان بڵاو بکەنەوە. بەڵکوو شیعرنووسین، یان کارکردن لە کایە هونەرییەکاندا جۆرێک لە گوزارشتکردنە لەوبوونەی مرۆڤ تێیدایە و دەیەوێت گوزارشتی لێ بکات و بەجۆرێک بوونی بنووسێتەوە.
دەشێ مەحفووز لە کۆی ئەم ڕۆمانەدا بیەوێت بڵێت بۆ ئەوەی بوونی مرۆڤ واتایەکی هەبێت دەبێت بتوانێت گوزارشت بەخۆی بکات و ئەمەيش دەرچەی بەختەوەریی لەبەردەم مرۆڤدا دەکاتەوە، چونکە بەختەوەری لەشوێنە دوورەکان نییە، بەڵکوو لەو شێوازی ژیانەیە کە هەڵی دەبژێرین.
ئەم ڕۆمانە ناوازەیە وەرگێڕانی شوانە عەبدوڵڵا–یە کە وەکوو کارەکانی تری وەرگێڕ بە وەرگێڕانی جوان و شایستە لە ناوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاوکراوەتەوە، کە جێگەی دەستخۆشییە.

