فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مەلەکردن

عەلی حەمەڕەشید

شاعير، سلێمانی

…………………

ڕۆژێک لە تاوی گەرمــا

جلم نەھێشت لەبەرمــا

حەوزێکی مەلەمــان بوو

خۆم ھـەڵدایە ناوی زوو

(ئارۆ) ش وەکــو مراوی

ھات خۆی ھەڵدایە ناوی

کەوتینە مەلـــە و یـاری

شـادی و خۆشی دەباری

دایکم وەک مامۆستا بـوو

لە نزیکمان وەستا بــوو

یاریمان دەکــرد بە ئاو

فێنک بووینەوە تــەواو

پاشان وەکـــو مەلەوان

ھاتینە دەر ھەردووکمان

خۆمان گۆڕی دەستوبــرد

چووم سوپاسی دایکم کرد