سەرکەوت ڕەسوڵ
شاعیر، ھەولێر
………………..
پیری پشت کۆماوەی ئەزەل
کەی وەرزی دروێنە دادێت !
کەینێ گەسکێک لێدەدەیت ؟
کەینێ ئەو دژوونیە ڕادەماڵیت !
دونیا بە قۆدیلەی مێشکی بەتاڵ ،
بەڕێوە ناچێت
******
*****
ئێمە هەر گوێزی پووچ دەشکێنین
بە ناوکی بەتاڵ ،
گرۆ لەسەر ئەوڕۆ و سبەینێ دەکەین
ئەم پیساییەی ناوی گەردوونە ،
بیشێلەوە
ئەمە خوایە ،
بە فەتیرەی نوێ
شتێکی ماقووڵتر
ئیجاد بێتەوە !
*****
*****
کەی ڕایدەماڵیت
ئەی ڕدێن پەشمی پیرۆز
کەی گەسکەکەت ڕادەوشێنیت
ئەو هەموو دژوونیە دەپێچیتەوە !؟
ئاوازێک بژەنە ،
بە دەستی مایسترۆی هەورەکان
گۆرانییەک بە دەنگی ، ئەبابیل
زریانێک بە دەستی ، پر نوورت
کۆتایی بەم شانۆگەرییە
خوێن ساردە بێنە
ڕایماڵە ،
ئەی خاوەن گەسکی زێڕین
ئەی خاوێن کەرەوەی دێرین
****
******
ئەی ڕیش خوری
پیری پشت کۆماوەی ئەزەل
کەی وەرزی دروێنە دادێت !
کەینێ گەسکێک لێدەدەیت ؟
کەینێ ئەو دژوونیە ڕادەماڵیت !
دونیا بە قۆدیلەی
مێشکی بەتاڵ ،
بەڕێوە ناچێت

