بڵند باجهلان
نووسەر و پارێزەر، هەولێر
…………………………………
قەسیدەى (موسافیر)ى (سوهراب سپهرى)، یەکێکە لە قەسیدە فرە دیو و ناوەڕۆک و ئاستەکان، ڕەخنەگر لە ئانى قسەکردن لەسەر ئەم قەسیدەیە، بەر ئەو فرەییبوونە دەکەوێ.دەرەنجامى ئەو فرەییبوونە بریتییە لە لە دایک بوونى فیکرێکى فرە ئاڕاستەى شیعرى، ڕەخنەگر پشت بەست بەو فیکرە، قسە لەسەر تێکستێکى شیعرى دەکا کە پنتى فیکرى تیایە، دواتر هەر ئەو فیکرە ڕەخنەگر ئاڕاستە دەکا و وێناى تێکستى بۆ دیارى دەکا.
تێکستەکە وێنایەکى دیاریکراوى نییە، دەشکرێ بڵێین:
زۆربەى تێکستەکانى دنیا بەتایبەتى تێکستە ئەدەبییەکان، تاقە وێنایەکیان نییە و بەستراونەتەوە بە مەیل و تێڕوانینى خوێنەرەوە، واتا ئەوە خوێنەرە بچم و وێنا بە تێکست دەبەخشێ، وەلێ ئەوەى ئەو تێکستە جیا دەکاتەوە، فرە وێناییە لاى تاقە وێنایەک کە خودە.
خود (منى نووسەر) بۆ قسەکردن لەسەر ئەو تاكە تێکستە، بەر وێناى جیاواز دەکەوێ کە هەموویان گوزارشتن لە قەسیدەى (موسافیر)، هەڵبژاردنى یەکێک لەو وێنایانە، نابێتە هۆى مردنى وێناکانى تر، سەرەڕاى زۆرى وێناکان، دەشێ کۆى وێناکان لە بازنەیەکى دیاریکراودا کۆ بکەینەوە کە بازنەیەکە ئەو فیکرە سنوورى دیارى دەکا کە لە سەرەوەدا باسمان کرد (فیکرێکى فرە ئاڕاستەى شیعرى).
بەستنەوەى (سوهراب) بە (مەولانا) لە بابەتى فیکردا دروست نییە، وەک ئەوەى (د. سیروس)لە لێکۆڵینەوەى (موسافیرێک وەک ئاو)دا باسى دەکا, چونکە ئەو یەک پارچەییەى فیکر کە لاى مەولانا هەیە، کەمتر لاى سوهراب تێبینى دەکرێ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گەمە شیعرییە بەردەوامەى سوهراب لەگەڵ وشەکانى دەکا. گەر بمانەوێ قسە لەسەر شیعرى مەولانا بکەین، دەبێت ڕاستەوخۆ بگەڕێینەوە بۆ فیکرى مەولانا خۆى، وەلێ بۆ قسەکردن لەسەر شیعرى سوهراب، دەکرێ بگەڕێینەوە بۆ فیکرى ئەوانیتر، ئەمەش ئەو کارەیە کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا دەیکەین.
سوهراب زۆرجار له دهقهكانیدا دهمانباتهوه بۆ بابهتی وجود و ژیان و مردن، بەوەى کە لە تێکستى شیعریدا کارى کردووە لەسەر بابەتى بوونى ژیان و مردن:
دەمەو خۆرنشین/ لەنێو ئامادەگیى کەنەفتى شتەکانا
نیگاى کەسێکى چاوەڕوان قەوارەى کاتى ئەبینى
لەسەر مێزەکەش، ژاوەژاوى چەند میوەیەکى نۆبەرە
بەرەو لاى نادیارى ئیدراکى مەرگ ئەچوو.
“با“ش لەسەر فەرشى حەسانەوە
بۆنى باخچەکەى بەسەر داوێنى سافى ژیانا/ پەخش ئەکردەوە .
زەینیش ڕووى ڕۆشنى گوڵى/ وەک باوەشێن بە دەستەوە گرتبوو،
خۆى پێ باوەشێن دەکرد.
بەسەنتەرکردنى کات و دیاريکردنى کاتێک کە دەمەو خۆرنشینە و تیایدا کەسێکى چاوەڕوان کردەیەک ئەنجام دەدا کە بینینى قەوارەى کاتە سەرەڕاى ئامادەگیی کەنەفتى شتەکان، دەیسەلمێنى لە بازنەى کاتدا (دەمەو خۆرنشین)، باسى کات هاتۆتە پێشەوە (قەوارەى کاتى ئەبینى)، ئەمەش کات دابەش دەکا بۆ دوو بەش، یەکەمیان کاتێکە تیایدا کردەکان ئەنجام دەدەیەن، دووەمیان کاتێکى ترە تیایدا تێبینى کات دەکەین.
ئەو پەیوەندییە چییە کات بە مرۆڤەوە دەبەستێتەوە؟
ئەو پەیوەندییە چییە مرۆڤ بە کاتەوە دەبەستێتەوە؟
هەمیشە پەیوەندى هەبووە لە نێوان مرۆڤ و کاتدا، بە جۆرێک پۆلێنکردنى جۆرى مرۆڤەکان و جیهانبینى و ئایدیا و تێڕوانینەکانیشیان بەستراونەتەوە بە کاتەوه. مرۆڤەکان بەگوێرەى سەردەمەکان دەناسرێنەوە و هەر سەردەمەکانیشن لە دواجاردا تەحەکوم بە جۆر و پێکهاتە و ژمارەى مرۆڤەکانەوە دەکەن.
کات بەشە پەراوێزخراوەکەى مرۆڤە. مرۆڤ کاتى خستە دەرەوەى خۆیەوە، تاوەکو تیایدا بژى (ژیان لە کاتدا، ئەمە تێڕوانینێکى شیعرییە و دەبێت لە ڕوانگەیەکى شیعرییەوە بیبینین). (سوهراب) هەر لە منداڵییەوە خۆى کاتى ئاڕاستە کردووە و نەیهێشتووە کات و زەمەن ئاڕاستەى بکەن (هەڵبەت تا ئەو شوێنەى بۆى کراوە، ئەگینا تواناى مرۆڤ لە ئاست تواناى کاتدا سنووردارە و مرۆڤ تەواو دەبێت و کات تەواو نابێت, هەندێک ڕووداو لە زەمەنێکى دیاریکراودا ڕوو لە مرۆڤ دەکەن، مرۆڤ دەبەستنەوە بە هیچ و نادیارەوە).
ئەو کاتەى قوتابى بووە لە (کاشان), لە قوتابخانەى (خەیام)دا ئاڕاستەى کات و زەمەن دەگۆڕێ و لە پۆلدا لەجیاتى گوێگرتن لە وانە، خۆى بە وێنەکێشانەوە خەریک دەکا و مامۆستاکەشى لە بەرامبەر ئەو کارە ئازارى دەدا، ئەمەش بەشێکە لە غەدرەکانى زەمەن (غەدرکردنى مرۆڤ لە مرۆڤ لە زەمەنێکى دیاری کراودا).
لە بازنەى ئەو غەدرەدا دەتوانین پەى بە مرۆڤ ببەین؟ ئەگەر پەی بردنمان ببەستینەوە بە هەستەکانمانەوە، ئەوا دەشێ هەستەکانمان هیچ نەبن جگە لە وێناکان و کۆپییەک لە خەسڵەتە یەکەمییەکانى کەرەستەکان. هەر لەو پارچە شیعرەى سەرەوەدا و ئەو کاتەى باسى (زەین و میوە و باخچە و با و هتد ) دێنە پێشەوە، ڕاستەوخۆ دەبەسترێنەوە بە کاتێکى دیاریکراوەوە (دەمەو خۆرنشین).
موسافیر لە پاسەکە دابەزى
“ئاسمانێکى چەند خاوێنە !”
درێژى شەقامى غوربەت ئەوى برد.
دابەزینى موسافیر لە پاسەکەدا بە ماناى گەیشتن و کۆتایى نایەت. موسافیرەکان کە دەگەن، چیتر نەگەیشتوون، ئەوان کە دەگەن، دەگەنە سەرەتاى سەفەرى نادیار.
دابەزینى موسافیر گوزارشتە لە بوونى سەفەرێک کە موسافیرەکە دەیکا، تێبینيکردنى ئاسمانێکى خاوێنیش هیچ ئاماژەیەکى ڕوون بەدواى خۆیدا ناهێنێ، بەهۆى درێژيى غوربەت و شەقامەکانیەوە. غوربەتى بێکۆتا، وێناکان دەشێوێنێ. دەشێ ئاسمانى خاوێن گوزارشت بێت لە داهاتوویەکى تاریک و پیس، بەتایبەتى کە لە کۆتایى ڕستەکەدا نیشانەى سەرسوڕمان دەبینین(!).
کە سەفەر دەکەین، هەمیشە حەقيقەتێک لەدواى خۆمان جێدەهێڵین کە حەقیقەتى نەگەڕانەوەیە.کە دەگەڕێینەوە، حەقیقەتى نەگەڕانەوە ناگۆڕێ و ون نابێ، بەڵکو دەمێنێتەوە تا دەستپێکردنى سەفەرێکى تر بە سەفەرى مەرگیشەوە، ئەوکات نەگەڕانەوەى ئەبەدى خۆى مانیفێست دەکا لەسەر شانۆى ژیاندا، شانۆیەک، ئەوانەى لەسەر کورسییەکانى دانیشتوون، سەیرى ناوەڕاستى شانۆکە ناکەن، سەیرى سوچێکى ئەو شانۆیە دەکەن کە پیاوێک تیایدا دەگریێ، پیاوەکە ناوى (پرسیار)ە، ئەو ژنەشى کە ناوى (وەڵام)ە، ونبووە لە زەینى زۆر لە بینەرەکاندا و بینەران بۆ دۆزینەوەى ئەو ژنە، پێویستییان بە گەڕان و سەفەرە، بۆیە مرۆڤ هەمیشە موسافیرە، موسافیرێکە بە (بەڵێ ) و (نەخێر)وەڵامى شتەکان دەداتەوە.
لاى (لۆکاچ) مرۆڤ لە ئاست زۆر فاکتدا ڕاوەستاوە کە دەبێ هەڵبژێرێ، گوتنى (بەڵێ )و (نەخێر) لە ئاست ڕاستییەکاندا بە مرۆڤ نەبەستراوەتەوە، بەڵکو پێویستيى سەردەمە.
ئەو کاتەى موسافیر لە پاسەکە دادەبەزێ ، ناتوانێ بە بەڵێ و نەخێر بڕیار لەسەر داهاتووى خۆى و ڕاستییەکانى بدا، بەڵکو خودى بڕیارەکان و ڕاستییەکانیش بەستراونەتەوە بە داهاتووى نادیارەوە (بە سەردەمەوە )، ئەمەش سەلماندنى بۆچونەکەى (لۆکاچ)ە.
خۆرنشین بوو، دەنگى هۆشى گیاکان ئەهاتە گوێ.
موسافیرەکە هاتبوو،
لەسەر ئەسکەمیلێک لە قەراغ چیمەنەکە
دانیشتبوو: ” دڵم تەنگە / دڵم زۆر تەنگە.
بەدرێژایى ڕێگاکە بیرم لە شتێ ئەکردەوە،
ڕەنگى بنارەکانیش/ هۆشیان لە سەرم ئەفڕاند“
دیسانەوە کات وەکو بابەتێک دێتە پێشەوە. کات بریتییە لە خۆرنشین. لەو ئاستەدا هۆش بەبەر گیادا کراوە. لە زیندەوەرزانیدا گیاکان بە زیندەوەر لە قەڵەم دراون، وەلێ زیندەوەرى بێهۆش کە تواناى گەشەکردنى هەیە. لە کایەى فەلسەفیدا کەمترین کات باسى جیهانى ڕووەکەکان کراوە، تەنانەت هیچ بیرمەندێکمان نییە نەسەبى مرۆڤى بۆ گیاکان گەڕاندبێتەوە.
لە قەسیدەکەدا گیاکان خاوەنى هۆشن و هۆشیش خاوەنى دەنگە. هۆش دەدوێ، وەلێ قسەکردنى هۆش ئەمجارەیان هاوشانى دەنگە، واتە هۆش لە ڕێگاى دەنگەوەیە قسە دەکا. هۆش تەنها لەناو دەنگدا بوونى نییە و دەنگیش هەمووى بەرهەمى هۆش نییە، وەلێ هەر وا بڵاوە کە ئێمە لە ڕێگاى دەنگ و نووسینەوە گوزارشت بکەین لە ئایدیاکانمان، ئەگینا دەشێ ئایدیاکان لە خۆیاندا گوزارشت بن لە خۆیان، ئەمەش (گوزارشتى خودى) پێ دەڵێن کە ئینسان لە ڕێگاى ئایدیاکانى خۆیەوە و لە مەملەکەتە خودییەکەیدا بۆ خۆى باسى خۆى دەکا بە سوود وەرگرتن لە ئایدیاى ئەوانیتر، لەو ئاستەدا خود لەپێناوى خوده کە بوونى هەیە و ئەوانیتر لاى خود کەرەستەن بۆ گوزارشتکردن لە خود.
ئەم دەربڕینە: ( بە گشتى وا بڵاوە)، زیانى بە زۆر بوارى ژیانى مرۆکان گەیاندووە، دەتوانین نموونەیەک بهێنینەوە: بەگشتى وا بڵاوە کە پۆست مۆدێرن تایبەتە بە ئەدەب و هونەر، لە کاتێکدا زۆر لایەنى تر دەگرێتەوە بە تایبەتى (بیناسازى). (چارلس جینکس) لە کتێبێکیدا لەمەڕ پۆست مۆدێرنەوە، لە بابەتى (بیناسازی)دا کارى لە بابەتى دەستنیشانکردن کردووە.
کەواتە قەسیدەکە مامەڵەیەکى مرۆڤئاسا لەگەڵ گیاکان دەکا، وەلێ ئەمە واتاى ئەوە نییە مرۆڤ لە قەسیدەکەدا وەکو مرۆڤ خۆى نههاتبێت.دواى گەیشتنى موسافیر و دانیشتن و پشوودانى، یەکەمین کارێک کە دەکرێ، بریتییە لە بیرکردنەوە، موسافیر بیر لە دڵتەنگى خۆى دەکاتەوە و ئەو دڵتەنگییەش بۆ خودى خۆى دەخاتە ڕوو، ئەمەش ئەو گوزارشتە خودییەیە کە باسمکرد. قسەکردن لەگەڵ خود لێرەدا بە ماناى وڕێنە نایەت. دواتر موسافیر بیر لە بیرکردنەوە دەکاتەوە، بیر لەوە دەکاتەوە کە بەدرێژایى ڕێگا بیرى لە شتێک کردۆتەوە (بیرکردنەوە لە بیرکردنەوە)، موسافیر بەو کردەیە شیعریەتێکى تایبەتى بەخشیوە بە موسافیر (قەسیدەى موسافیر)، شاعیرێک لەپشت ئەو شیعریەتەوەیە و لەپشت شیعریەتەکەوە سەیرى دنیا دەکا، (سوهراب) شاعیرەکەیە.
نیگاى کابراى موسافیر کەوتە سەر مێز:
” ئاى لەو سێوانە چەند جوانن!
ژیان نەشئەى تەنیاییە “
خانەخوێ پرسى: جوان یانى چى ؟
– جوان یانى دەربڕینى عاشقانەى شێوەکان
عیشقیش … بە تەنها عیشق
تۆ بە گەرمى سێوێ ئاشنا ئەکا .
عیشقیش … بەتەنها عیشق
منى گەیاندە دەڤەرى بەرینى حوزنى ژیان
وایلێکردم بتوانم ببمە باڵندە.
موسافیر دواى (بیرکردنەوە لە بیرکردنەوە)، نیگاکانى لەسەر مێزەکە دەگیرسێنەوە و هەست دەکا لە بەردەم جوانیدایە، سێوەکان جوانيى پێدەبەخشن، بینینى جوانى لەدواى وەها بیرکردنەوەیەک، چێژێکى زیاترى هەیە، بەڕاددەیەک ئینسان پێی خۆشە بەر بیرکردنەوەى ترى هاوشێوە بکەوێ، تا دواى هەر وەها بیرکردنەوەیەک، تێبینى جوانى بکا و ئەو تێبینیکردنەى جوانیش، جار لەدواى جار چێژى زیاتر ببەخشێ، چێژى زیاتریش بەستراوەتەوە بە بیرکردنەوەى قووڵترەوە.
لە قەسیدەکەدا تێبینیکردنى جوانى، تێبینیکردنى تەنیایى بەدواى خۆیدا دەهێنێ، مرۆڤ لەڕێگاى جوانيى زیاترەوە، دەگاتە تەنیایى زیاتر، ئەوەتا موسافیر دواى بینینى جوانيى سێوەکان و قسەکردن بە سەرسووڕمانەوە لەسەریان، دەڵێ: ژیان نەشئەى تەنیاییە.
هەموومان ناتوانین تێبینى جوانى بکەین و لە جوانى بگەین، دەشێ لەڕێگاى کەسانى ترەوە لە جوانى بگەین و پرسیار لەبارەى جوانییەوە بکەین ( هەر ئەمەش لە شیعرەکەدا دەبینرێ).پرسیارى: جوانى چییە؟ لەو ساڵانەى دوايیدا کەمتر جێگاى بایەخ بووە. خانەخوێ پرسیارى جوانى لە موسافیر دەکا، وەک بڵێى جوانەکان نامۆ بن بە خانەخوێ، وەلێ ئەمە ئەوە ناگەیەنێ خانەخوێ خۆى ناشرین بێت، دەشێ کەسێک بێت کە مەیلى پرسیارکردنى هەیە، یان دەشێت کەسێک بێت خۆى خاوەنى جوانى بێت و نەشزانێ جوانى یانى چى, ئیتر بەم شێوانە و شێوەى تریش.
موسافیر جوانى دەبەستێتەوە بە عیشقەوە، ئەمەش گوزارشتە عاشقانەکەیە لە جوانى و گوزارشتە جوانەکەشە لە عیشق، عیشق ئهگهر دۆخێك نهبێت له شێتی و به واتای ئهوین بێت، بریتییە لە دەریاى جوانییەکان و جوانى بریتییە لە سهرزهمینی ئهوینداران, ئهگهر عیشق به واتای ئهوین بێت، ئهگهر جۆرێكیش بێت له شێتی، ئهوا پێویسته لێی دوور بكهوینهوه.
موسافیر دەگەڕێتەوە خاڵى سەرەتا، خاڵى تێبینیکردنى سێوەکان و باسى ئەوە دەکا چۆن عیشق وا دەکا تەنانەت هەست بە گەرميى سێوەکانیش بکەی، ئەمەش نیشانەى ئەوەیە لە پاڵ بیرکردنەوەکە، عیشق بوونى هەبووە، واتە ئەوانەى وایان لە موسافیر کردووە سێوەکان بە جوان ببینێ، عیشق و بیرکردنەوەن. عیشق لەو پارچە شیعرەى سەرەوەدا بنیاتنەرە و ڕوخێنەر نییە، چونكه هاوواتای (ئهوین)ه. دەشێ ئهوين فاکتەرى ئەوە بێت جوانتر بژین وەک ئەوەى لە قەسیدەکەدا هاتووە، ئەوەندە جوان بژین پێمان وابێت باڵندەین. جوانى چییە؟ عیشق چییە؟ بیرکردنەوە چییە؟ تەنیایى چییە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن قەسیدەکە لەدواى خۆیدا جێیان دەهێڵێ.
مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئهوین، پێویستى بە بیرکردنەوە هەیە، لە ئهويندا پێویستى بە بیرکردنەوە هەیە ئەگەرچى زۆرجار ئهوینبیرکردنەوە ڕادەگرێ، لەدواى ئهوینیشپێویستیمان بە بیرکردنەوە هەیە، بیرکردنەوە لە مانەوە لەگەڵ ئەو ئهوینه تێپەڕیوە، بیرکردنەوە لە ئهوینێكی تازە.
کەواتە ئهوین و بیرکردنەوە هاوسەنگەرن، تەنیاییش لە ئهویندا وەکو میوانێکى ڕۆح سووک بوونى هەیە، هەموو ئەو بیرکردنەوە و تەنیایى و ئهوینانهی باسمانکردن، لە جوانیدا هەن، هەروەک چۆن جوانیش لەناو ئەواندا هەیە.
بۆ قسەکردن لەسەر جوانى و تەنیایی و بیرکردنەوە و ئهوینی مرۆڤ, پێویستە باس لە ژیانی مرۆڤ بكهین، ژیانیش واته بوون،پرسیارى جیاواز بکەین، بۆ نموونە بپرسین:
مرۆڤ سەرەتا ماهیەتى هەیە؟ لاى فەلسەفە ئایدیالیزمییەکان مرۆڤ لە جیهانى واقیعدا چيیەتییەکەى پێش بوونەکەى دەکەوێ.بوونگەراکان ئەو دیدە بە تەواوى ڕەتدەکەنەوە و ڕایدەگەینن مرۆڤ سەرەتا (ماهیەت _- چيیەتى) نییە.
لە قەسیدەکەدا بوون بوونێکى شیعرییە و دنیاى هەبووش شیعرییە، بۆیە (جوانى و ئهوین و تەنیایى) ناو قەسیدەکەش، شیعرى دەردەکەون:
شەو داهات. / چرا ڕۆشن بوو. / چایان ئەخواردەوە.
– بۆچى دڵت تەنگە، ئەڵێى تەنیایت. / چەندیش تەنیا!
– وا هەست ئەکەم/ تووشى ڕەگى نادیارى ڕەنگەکان بووبیت.
– تووشبوون یانى…/ عاشق.
ئەمجارەیان کات بریتییە لە: شەو. هاتنى شەو واتاى هێمنبوونەوەى شتەکان دەگەیەنێ.هەڵگیرسانى چراکان نیشانەن بۆ ڕوودانى شتێک، دوو کەس لە ژوورێکدا چرا ڕۆشن دەکەن بە مەبەستى گفتوگۆ و خواردنەوەى چا.دەرگاى گفتوگۆ دەکرێتەوە. (کەسى دووەم)گەرەکیەتى لە نهێنيى دڵتەنگيى موسافیر تێ بگاتن، ئەو دڵتەنگییەکەى موسافیر بۆ تەنیاییەکەى دەگەڕێنێتەوە.
پرسیار: هەر بەڕاست تەنیایى هۆکارێکە بۆ دڵتەنگى؟ مرۆڤى تەنیا دڵتەنگە؟
تەنیایى بۆ مرۆڤ زۆر کەرەت پێویستییە. مرۆڤ لە تەنیايیدا زۆرجار داهێنان دەکا. تەنیاکان تەنیایى خۆیان دەکەنە کەرەستە بۆ ئاوەدانيى خەڵکى.
دەشێ تەنیایى من ببێتە هۆى ئاوەدانى جڤاتێک، یان تەنیایى جڤات ئاوەدانيى منى لێ بکەوێتەوە. هەموو تەنیاییەک سەرچاوەى دڵتەنگى نییە، خودى تەنیایى دەکرێ وەسیلەى دوور کەوتنەوە بێت لە تەنیایى.
(مرۆڤى تەنیا) بۆ ڕزگاربوون لە تەنیاییەکەى، پێویستى بە کەسێکى ترە، مەرج نییە مرۆڤ خۆى مەحکوم بکا بە دوور کەوتنەوە لە تەنیایى، چونکە خودى ئەو خۆمەحکومکردنە، تەنیاییەکى ئەبەدییە.
(سۆکرات) ئەو کاتەى مەرگ هەڵدەبژێرێ، دەگەڕێتەوە بۆ تەنیاییەکەى، خودى مەرگ هیچ نییە جگە لە تەنیاییەکى مەزن، هەڵبژاردنى ئەو تەنیاییە مەزنە لاى (سۆکرات)، بەرهەمەکەى بریتییە لە ژیان.
مەرگى (سۆکرات) ژیانى فيكر بەدواى خۆیدا دەهێنێ. دانانى سنوور بۆ تواناکانى خود لەلایەن خود خۆیەوە، خود ڕووبەڕووى (تەنیایى کوشندە ) دەکاتەوە، ئەمەش خراپترین جۆرى تەنیاییە.
تەنیایى کوشندە دەبێتە بکوژى مرۆڤ بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ نەک ڕاستەوخۆ، کردەکە لەڕێگاى دوور خستنەوەى (تەنیاییە جوانەکان)ەوە دەبێت، (تەنیایى کوشندە) بکوژى(تەنیاییە جوانەکان)ە و ئەمەش (مەرگى خود)بەدواى خۆیدا دەهێنێ (مردن لە چەقى ژیاندا).لە قەسیدەکەدا تەنیایى بۆ (عیشق) گەڕاوەتەوە، ئەویتر دەرک بە تەنیایى موسافیر دەکا و موسافیریش تەنیایى دەرک پێکراو دەبەستێتەوە بە عیشقەکەیەوە، دواتر عیشق دەبێتە سەنتەرى دیالۆگى نێوان خود و ئەویتر.
سەفەر من بەرەو کوێ ڕاپێچ ئەکا؟
لەکوێ ئاسەوارى شوێن پێ بە ناتەواوى ئەمێنێتەوە و
بە پەنجە نەرمەکانى حەسانەوە،
قەیتانى پێڵاوەکە ئەکرێتەوە؟
مەنزڵ وا لە کوێ و، ڕاخستنى فەرشێک و
بە ئاسوودەییەوە دانیشتن و
گوێگرتن لە دەنگى
شوشتنى قاپى ژێر بەلووعەیەکى نزیک؟
سەفەر موسافیرى بەرەو ئەو شوێنە ڕاپێچ کردووە کە تیایدا موسافیر دەپرسێ:
سەفەر من بەرەو کوێ ڕاپێچ دەکا؟ وەک ئەوەى موسافیر نەزانێت ئەو شوێنەى بۆى چووە کوێیە سەرەڕاى بوونى ئاشکراى لەو شوێنەدا، یان دەکرێ مەبەستى سەفەرى دواى ئەو سەفەرە بێت (سەفەرى نادیار).
مرۆڤ کە دەچێتە سەفەر، دەبێتە موسافیر، وەلێ کە لە سەفەرێکەوە دەچێتە سەفەرێکى تر (بە ناچارى سەفەرکردن)، ئەو کاتە دەبێتە چى؟ لە موسافیرەوە دەبێتە چى؟ لە (موسافیرى سەفەرى یەکەم)ەوە دەبێتە (موسافیرى سەفەرى دووەم)، وەلێ ئەو کاتەى دەگەڕێتەوە ئەو شوێنەى سەرەتا سەفەرى بۆ کردبوو، چیتر (موسافیرى سەفەرى یەکەم ) نییە و (موسافیرى سەفەرى سێیەم)ە با شوێنیش بریتى بێت لە خاڵى سەرەتا و دەستپێکى سەفەر.
لەو پارچە شیعرەى سەرەوەدا، هەست بە ئازارەکانى موسافیر و خەمەکانى سەفەر دەکەین، ئەوەتا موسافیر سەرەڕاى وجودى لاى خانەخوێ، هێشتا هەر هەست بە نامۆبوون دەکا و خۆزگە دەخوازێ، خۆزگەى ڕاخستنى فەرشێک و دانیشتنێکى ئاسوودانە و گوێگرتنى خۆشیهێنەر دەخوازێ.
خۆزگەکانى موسافیر لە قەسیدەکەدا زۆر ساددەن، وەلێ هاتنە ئارایان مەحاڵە، چونکە بەستراونەتەوە بە مەحاڵێکى ئەبەدییەوە کە بریتییە لە (گەڕانەوە بۆ نیشتمان).
هەمیشە موسافیر خۆزگەیەکى بەدینەهاتوو لە دڵیدا هەیە خۆشى نازانێ چییە، تا لەو خۆزگەیە دڵنیا دەبێتەوە و لەوە تێ دەگا چۆنە و چۆن نییە، هیوایەک بۆ هاتنە دى ئەو خۆزگەیە نامێنێتەوە، بۆیە موسافیر لە سەفەرى نەگەڕانەوە و مەحاڵدا، هەمیشە کوشتەى دەستى خۆزگەکانە و خۆزگەکانى ئازارى دەدەن، ئازارگەلێک لە ناخیاندا هەست بە خۆشیگەل ناکەین، ئەگینا دەکرێ خودى ئازار سەرچاوەى خۆشى بێت. لاى (نیتشە) ئازار مرۆڤ بەهێز دەکا و ئازار پێویستییە بۆ ژیانى مرۆڤەکان، وەلێ (شۆپنهاوەر) زەرورەتى ئازار ڕەتدەکاتەوە.
دەشێ بابەتى خۆزگە ببەستینەوە بە داهاتووشەوە، ئەوکات ناونیشانى بابەت دەبێتە (ئاواتخواستن بۆ داهاتوو)، ئەمەش جیاکەرەوەیەکى فەلسەفەى (نیتشە)یە.
موسافیر بە ئاواتە لە داهاتوودا بگات، ئەمەش پەیوەندى هەیە بە ئاواتخواستنەکەى (نیتشە)وە کە پەیوەستە بە مرۆڤى باڵاوە کە بە ئاواتە لە داهاتوودا زۆرانبازى مانەوە بکات و باشتر بێت لە ڕەگەزى مرۆیى ئێستا، بە ئەندازەیەک مرۆڤى ئێستا چەند باڵایە بەسەر ئەو گیانەوەرانەى لە مرۆڤ دەچن بە تایبەتى (مەیمون)، ئەوا مرۆڤى باڵاش ئەوەندە باڵا دەبێت بەسەر ئەو مرۆڤەى ئێستا هەیە.
موسافیر لە قەسیدەکەدا خۆزگەکان ئازارى دەدەن و کۆى خۆزگەکانیش بەستراونەتەوە بە خۆزگە باڵاکەوە، ئەو خۆزگە باڵایەى بەستراوەتەوە بە کۆتاییەکانەوە.
سەفەر منى بردە بەردەرگاى باخى مناڵى و
وەستام …تا
دڵم بسرەوێ،
دەنگى باڵەفڕێم هاتە گوێ
کە دهرگاش کرایەوە
لەتاو شاڵاوى حەقیقەت…
لەم پارچە شیعرەدا مەبەستێکى خودى بوونى هەیە لە پشت گەمە شیعرییەکەدا، شاعیر دەیەوێ لەڕێگاى ئەو گەمە شیعرییەوە، مەبەستەکەى بگەیەنێ. موسافیر باسى سەفەر دەکا، باسى سەفەرێک دەکا هى ئەو نەبووە و بەو بڕاوە، بۆ دوور کەوتنەوە لەو وەهمەش، پەنا بۆ دەرگاى باخى منداڵى دەبا، وەلێ ئەوەى دەرگا دەکاتەوە و ئەوەشى لەپشت دەرگاکەوە بوونى هەیە، حەقیقەتى سەفەر و گەورەبوونە.
منداڵی گەورهیى خۆى لە زەیندا هەڵگرتووە. ئەو کاتەى منداڵ گەورە دەبێت، وێناکە دەشێوێ، چونکە ئاستەمە (منى منداڵ) بگەمە ئەو (منە گەورە)یەى لە زەینى منداڵیمدا وێنام کردبوو، دەکرێ ئەو (منى گەورە)یە میوانێکى ناوەختە بێت بە نسبەتى منى منداڵەوە و هەرگیز منى منداڵ چاوەڕێى هاتنى وەها منێکى گەورە و زەبەلاح و ناشرینى نەکردبێت.
ناکرێ قسە لەسەر هەردوو منەکە، (منى منداڵ)و (منى گەورە) وەکو دوو کائینى جیاواز بکرێ، بەڵکو قسەکردن لەسەر ئەو منانە و منى تریش لەنێو تاقە بازنەکەى منبووندا خۆى دەبینێتەوە.جیا کردنەوەی تەمەن و مرۆڤەکان زیانى گەورەى هەیە.
قەت لەگەڵ جیا کردنەوەى مرۆڤەکان نەبوومە لەسەر ئاستى تەمەن و جۆر و ئیش و کار، هەڵبەت بیرمەندمان هەن وەها کارێکیان کردووە، ئەوەتا لاى (مارکس) مرۆڤ دابهش دهبێ بۆ کرێکار و بۆرژواز و ئهرستۆکراتەکان، (جۆزیف دى مستەر)یش دژایەتى مافەکانى مرۆڤى دەکرد و بە شتێکى ئەبستراکتى دادەنان, چونكه جیاكاری بینیوه.
ئەى درەختانى زەیتونى فەڵەستین
پیت و فەڕى سێبەرى خۆتانم وێدەن،
بەم موسافیرە تەنیایەى کە لە گەشتى
دەوروبەرى شاخى “توور“ەوە دێت و
لەتاو گەرماى “تەکلیم” خرۆشاوە.
چەند وشەیەکى تایبەت بەدى دەکەین . “توور“مەبەست لەو کێوەیە (موسا) پێغهمبهر لەسەرى لەگەڵ خودا دەدوێ. (تەکلیم) بریتییە لە دیالۆگى نێوان موسا پێغەمبەر و خودا.
شاعیر هانا بۆ درەختەکان دەبا و داواى شتێکیان لێ دەکا، وەلێ لەپاڵ داواکارییەکەیدا خۆى بە درەختەکان دەناسێنێ وەکو موسافیرێکى تەنیا، ئەو موسافیرە تەنیایەى لە سەرەوەدا باسى تەنیاییەکەیمان کرد.
کەواتە لە قەسیدەکەدا هانا بردن بۆ ئەوانیتر، هۆکارێکە بۆ دوور کەوتنەوە لە تەنيایى و یارمەتى ئەوانیتریش ئەو کەرەستەیەیە کە شاعیر لە تەنیاییەکەى ڕزگار دەکا و وا دەکا هەست بە تەنيایى نەکا، ئەگەرچى خودى موسافیر لە ڕۆحى خۆیدا تەنیایە و خاوەنى ڕۆحێکى تەنیایە (تەنیایى لەنێو ڕۆحێکى تەنیادا).
ئەبێ گوزەر کەین.
گڤەى با دێ ، ئەبێ گوزەر کەین.
منیش موسافیرم ، ئەى بایە هەمیشەییەکان !
بمبەن بۆ ..
دواجار موسافیر دەگاتە ئەو بڕوایەى دەبێت گوزەر بکا و نەمێنێتەوە، ئەوەشى ئەو قەناعەتى لا دروست دەکات، گڤەى بایە.
موسافیر دەزانێت با موسافیرێکى ئەبەدییە، بۆیە خۆى دەکاتە دۆستى ئەو بایە و داواى یارمەتى لێ دەکا، داواى لێ دەکا بیبا لەگەڵ خۆى، موسافیر دەزانێ باى موسافیر چلۆنە، وەلێ هێشتا ئومێدى ماوە تێبپەڕێ، هەر بۆیە دەیەوێ لەگەڵ ئەو موسافیرە سەفەر بکا و بڕوا (سەفەرى موسافیر لەگەڵ موسافیرێکى تر).
______________________________
سهرنج: دهقی (موسافیر) یهكێكه له شیعره دیارهكانی (سوهراب سپهری) و چهند كهسێك وهریانگێڕاوه بۆ زمانی كوردی، لێره سوودمان له وهرگێڕانهكهی(ئازاد بهرزنجی) وهرگرتووه.
سهرچاوه:
* عاشق هەمیشە تەنیایە، و: ئازاد بەرزنجى، سلێمانى، ٢٠٠٦
* پیامى درراە، نظرى بە شعر و نقاشى سهراب سپهرى.
* المدخل الى الفلسفة، جون لویس، ترجمة: د.انور عبدالملک.
* مشاکل الفلسفة، برتراند رسل، ترجمة: د.عبدالعزیز البسام
* لێبووردەیی و فەلسەفە, رێبوار سیوەیلی، هیوا حاجی، نەوزاد جەمال، هەولێر ، 2009
* فەلسەفە بۆ ئەو كەسەی دەیەوێت, د : نبیل عبدولحەمید عبدالجبار، هەولێر، 2010

