فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

منیش لەبارەی حەمید بەدرخان-ەوە دەدوێم

ئەیاد عەبدوڵڵا 

نووسەر، هەولێر

………………….

کۆتاییەکانی مانگی نیسانی 2025، لەنێو تابلۆی دڵڕفێن و چرۆکردنی دارسنەوبەرە زیوییەکانی نزیک ماڵی خۆمان ڕۆیشتنی خێرا و وەرزش دەکەم، بەسەدای ئارامی ھێدفۆنی مۆبایلەکەمەوە گوێم لە مەقامێکی نەھاوەندی مامۆستا عەلی مەردان گرتووە، بەدیقەتەوە سەرنجی ئەو گوڵە بەھاریانە دەدەم کە خۆیان لەبن بەرد و تەنیشت ستوونەکانی کارەبا و پەناوپێچی ھەر بارستاییەکی دیکە حەشارداوە، گفتوگۆ لەگەڵ خۆمدا دەکەم، زۆربەی کاتەکان ناھاوسەنگییەکانی ژیان، جوانییەکان، ھەڵوێست و بوێرییەکان، ھەرچی شتی کۆک و دژگیر ھەن لەگەڵ نەشونما و تووڕەییەکانی سروشتدا بەیەکیان دەچوێنم، بۆ دەربڕینی خۆشەویستی و بێدادی و زۆربەی کایەکانی تری ژیان ھەر ئیلھام لە سروشت وەردەگرم، بۆیە ئێستاکە باشترین دەرفەتە لەنێو ئەم سرووتە ھێمنەدا سکێچی داڕشتنی نووسینێک لەبارەی یەکێک لە ھاوڕێ ئازیزەکانم دابڕێژم

دیارە بەدرێژایی ئەو کاتانەی لەبارەی ڕەخنەی ھونەری  دەخوێنمەوە، ھەندێک بنەمای ھونەری بەڕەھایی لەلام چەسپیون، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ھونەرمەند، ئەدیب و نووسەران بە کارە باشەکانیانەوە دەناسرێنەوە، لەم سۆنگەیەوە باسەکەمان بەتەنھا لەبارەی باشی و جوانییەکانی کاک حەمید بەدرخانەوە دەبێت:

لەم ماوەیەدا ناوە ناوە ھەندێک گوتار و نووسینی چڕ و سەنگین لەبارەی کاک حەمید ئەبوبەکر بەدرخان دەخوێنمەوە، لەدوای خوێندنەوەی ھەر گوتارێک ھەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی خۆمیان بۆ دەکەم، ئاخۆ باسی چ شتێکی ئەو نەکراوە، لەکوێدا جوانییەکی حەمید بەدرخان پەی پێنەبراوە، تاوەکوو بەندە پڕی بکەمەوە.

لە مانگی نەورۆزی ساڵی ١٩٩٨ بەکارێکی تایبەت چووم بۆ شاری سلێمانی، لەو ڕۆژگارانەدا دۆخی سیاسی و ئابووریی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی خراپیدا بوو، ئینجا بۆ خەڵکی ئاوارەی یەکێتی لە سلێمانی دووھێندە و زیاتریش ناخۆش و نالەبارتربوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئیش و کارەکانم دەبوو ھەرچۆنێک بێت حەمید ئەبوبەکری ئەوسا و بەدرخانی ئێستا بدۆزمەوە، چووم بۆ زانکۆی سلێمانی، له‌وێ ھاوڕێی باشم ھەبوون، حەمیدم لە چاپخانەی زانکۆی سلێمانی دۆزییەوە، ئەو تازە چووبووە نێو پرۆسەی ھاوسەرگیری لەگەڵ میدیاخان، لە شوقەیەکی تەنگ و بێجێگا و  ڕێگا سەرباری دۆخی ئابووری، ئەوکاتە خۆم و دوو میوانی دیکە کە لەگەڵمدا ھاتبوون، کاک حەمید لەو ڕۆژگارە سەخت و نەبوونییەدا ڕێک وەک ئەو شیعرەی کە دەڵێت موعجیزە ئەفراند سێ ھێلکەی بەسەر حەوت کەسدا دابەشکرد، خانەدانانە لەپێشوازیماندا لوتفی گەورەی لێدەباری و سێ ڕۆژی تەواو ھەموو ئەرکەکان و دەوامی خۆی وەلانا و جوامێرییەکی ئەوتۆی نواند کە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆی بێمتمانەیی و نەمانی سۆز و وەفای ھاوڕێیەتی وانەیەکی لەبیرنەکراوە، بۆیە دەبێ لەو بەشەی ڕۆژژمێری کۆمەڵایەتی و میواندۆستی کاک حەمید، وەک ئەمەکداری و پێزانین تۆماری بکەین بۆ مێژوو.

ئەم سەردانەمان دەروازەیەکی جوانی واڵاکرد بۆ بەستنی پەیوەندیی زیاتری ھونەری و کاری پێکەوەیی و دۆزینەوەی شێوازی کارکردن، دیارە لێکچوونی ڕوانگەی سیاسی و ئایدۆلۆژیش ھۆکاری زیاتربوون بۆ متمانەی نێوانمان و دانانی بەردی بناغەی ئەوەی کە لە ئێستادا پێی دەگووترێ ئەکادیمیای بەدرخان و یەکێکە لەستوونە باڵاکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی،  بەتایبەت لەئێستادا کە لە دیاسپۆرا بووەتە سەکۆیەکی گرنگی پێکەوە گرێدانی فەرھەنگ و کولتووری نیشتمانی.

سەرسامیم بە پشوودرێژیی حەمید ئەبوبەکر بەدرخان“..

یەکێک لە خەسڵەتە ھەرە دیارەکانی ئەو کارکردنی ئەختەبووتییە، لەوانەیە بەھرەی ھونەرمەندێکی کەمانچەژەن لەوەدابێت کە لەیەک کاتدا دەست و پەنجەکانی بەدوو ئاراستەی پێچەوانەی یەکتری بلەرێنێتەوە و ھەستەکانی گوێگرتن و بینین و ئەوانی دیکەیشی یارمەتیی بدەن. بەڵام حەمید بەدرخان لەیەک کاتدا (دە) دەست و قاچی  پێکەوە دەجووڵێنێت، ھەر بەخەسڵەتی ئەم کائینە دەریاییە ئەگەر دەست و قاچەکانیشی بقرتێنی ئەو ھەر ناوەستێ لەجووڵە، ئەو لەیەک چرکەساتدا ئاگاداری دوایین فەتوای سەلەفییەک و نوێترین پێشانگه‌ی ئەبستراکتی قەرەنی جەمیل و ھەنگاوەکانی بەڕێوەچوونی دووسایدکردنی ڕێگه‌ی کۆیەیە، وەختێ زەنگ بۆ نووسەرەکانی ھاوڕێی دەکات ھەر دوای ھەواڵپرسین، لەبری ئەوەی داوای بابەتێکی لێبکات بۆ ژمارەی داھاتوو، خێرا پێیی دەڵێت: “ئەرێ بەئەرک نەبێت ئەو دۆسیەیە چی بەسەرھات کە قەراربوو لەسەر فڵانە بابەت بۆ ئەم ژمارەیەی بەدرخانی بنێریت“. کە لە بنەڕەتیشدا ھاوڕێ نووسەرەکەی بۆ گۆڤارێکی دیکە حازری کردووە، بێئەوەی چاوەڕێی وەڵامی کابرايش بکات، خێرا پێی دەڵێت: “ئەگەر پەلەی لێبکەیت باشە، لەبەرئەوەی لەدیزاینی لاپەڕە یەکدا ڕیکلاممان بۆ نووسینەکەت کردووە“.

ھەر تەلەفۆن داناخاتەوە بەیەکێکی دیکە دەڵێت فڵانەکەس بابەتێکی ئاوای بۆمان ناردووە، بەس با لەنێوان خۆماندا بێت، پێمباشە وەک سوپرایز ھەر لەم ژمارەیەدا تۆيش وەڵامی بدەیتەوە، لە دیزاینی لاپەڕە چواردا جێگه‌ی پێنجسەد وشەم ھێشتۆتەوە بۆ وەڵامەکەی تۆ، ھەر خۆیشی ھەندێ تێڕوانین و سەرنج وەبیر ھەردوولایان دەھێنێتەوە کە دووساڵ لەمەوبەر لەخۆیانی بیستووە، ھاکا زانیت دووسێ ژمارە دواتر مەلەفێکی ئەدەبی یان ھونەری قەبە دروستبووە و چەندین ڕاستیى گرنگی تێدا ساغکراوەتەوە. ئەدی ئەگەر ئەمە داھێنان و خوڵقاندنی ڕۆژنامەڤانی نەبێت چ ناوێکی دیکەی ھەیە؟. کاک حەمید لە ھەریەک لە بوارەکانی ڕۆژنامەڤانی بنکۆڵکاری و لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەڤانیدا لەسەر ترۆپکی ھەرەمەکەدا دەڕوانێت، بەڵام ئەفسوس کە خەون و ئارەزووە ڕۆژنامەڤانییە ھەمەلایەنەکانی لێنەگەڕاوە لەسەر شێوازێک لەنگەر بگرێت، بەڵام وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ئەختەبووتیانە پەلوپۆی بۆ ھەموو ژانر و کایە ڕۆشنبیرییەکان ھاويشتووە. ئەگەر لەم وڵاتەی ئێمەیشدا ئەرشیفخانەی نیشتمانی ھەبووایە، دەبوو لەناو دەرگای پێشوازیدا پەیکەرێکی برۆنزیی بۆ دروستکرایە، کە حەمید بەدەستێکی ژمارە سفری کوردستانی نوێ تەجلید دەکات و بەدەستێکی دیکەیەوە ژمارە 10 و 12 ی ڕۆژنامەی کوردستانی میقداد بەدرخان لە فێستیڤاڵی دھۆک ساڵی 2005 لە دکتۆر جەلیلی جەلیل وەردەگرێت و لەلایەکی دیکەيشەوە لەحزووری ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلالدا بەشکۆوە وەستاوە و نەخشەکەی (کوردستانی گەورە)ی سەردەمی عوسمانلی لە ساڵی 2003پێشکەش دەکات.

حەمید بەدرخان، مرۆڤە تایبەت و ناوازەکەی نێو ڕۆژنامەگەریی کوردی، ھەر بەتەنھا داھێنەری دروستکردنی ئینسۆکلۆپیدیای هەولێر و بڵاوکردنەوەی کولتووری پڕۆژە زەبەلاحەکان و چاپکردنی نەوتراو و یاساغەکان نییە، بەڵکوو سیمبولێکی گەورەی بوێری، ئازادیی ڕادەربڕین و داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافی ڕۆژنامەڤانانە لەھەر کونجێکی ئەم چوار پارچەیەی کوردستان و دونیا، بەندە تاوەکوو ئێستا کەم ڕۆژنامەڤان و چالاکڤانم دیون بەئەندازەی حەمید بەدرخان پشوودرێژ و چاونەترس ھاتبێتنە مەیدان، بۆیە سینەم خانى كچی جەلادەت بەدرخان ناھەقی نییە وەختێ  بەوپەڕی سەربەرزییەوە باسی نازناوی ماڵباتی بەدرخانییەکان دەکات بۆ کاک حەمید بەدرخان و لەهەمانکاتیشدا وەکوو منداڵەکانی خۆی ناوزەندی دەکات.

* ئه‌ركی ئێمه‌ له‌ ده‌زگای  چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخانی ئەوسا و ئێستای (ئەکادیمیای بەدرخان)..

ڕۆژێك له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی ئازیز له‌لای كاك حه‌مید بەدرخان دانیشتبووین، باسی ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی و هاتنه‌كایه‌ی چه‌ند ڕۆژنامه‌یه‌كی ئەھلیمان ده‌كرد، چونکە هەفتەنامەی بەدرخان یەکەمین ڕۆژنامەی ئەهلیی ئازادە دوای ڕاپەڕینی 1991 لە کوردستانی عێراق، له‌شێوه‌ی ڕۆژنامه‌ی هاووڵاتی، ئاوێنه‌ و ئه‌وانی دیکەيش كه‌ دواتر هاتنه‌ مه‌یدانه‌كه‌، له‌یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كان قسه‌ هاته‌ سه‌ر لایه‌نی دیزان و وێنه‌ی باش و ئامانجدار، به‌نده‌يش وه‌ك پسپۆریی خۆم چه‌ند نموونه‌یه‌كم له‌باره‌ی ئاژانسی ماگنۆم و وێنه‌گری فه‌ره‌نسی هێنری كارتیيه‌ بریسۆن، وێنەگری جەنگی ڕۆبێرت كابا، ستیف ماکوری، ریچارد ئه‌ڤیدۆن و چه‌ندانی دیكه‌ خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌وروپی و وێنه‌ی ڕۆژنامه‌ڤانی شه‌قام و مۆدێل و جۆره‌كانی دیكه‌. ئه‌وه‌بوو له‌دوای یه‌ك دوو ژماره‌ی داهاتووی ڕۆژنامه‌ی به‌درخان، پاشكۆی به‌درخانی فۆتۆگرافی زیادكراو به‌نده‌يش وه‌ك به‌رپرسی لاپه‌ڕه‌كه‌ ده‌ستنیشانكراین، له‌مڕووه‌وه‌ ڕاستییه‌ك هه‌یه‌‌ ده‌بێ بگوترێ كه‌ لاپه‌ڕه‌ی به‌درخانی فۆتۆگرافی به‌هۆی هه‌ر دۆخێكه‌وه‌ بێت نه‌یتوانی ئامانجه‌كانی بپێكێت له‌ ڕووی ناوه‌رۆك و كوالێتیی وێنه‌ و چاپ، به‌تایبه‌ت به‌هۆی نه‌بوونی ئازادی و ترسی ده‌سه‌ڵات له‌ زوومی کامێرای  وێنه‌گران، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت به‌هه‌وڵی كه‌سیی خۆمان توانیمان بۆ ئه‌رشیفی ده‌زگاكه‌ هه‌زاران وێنه‌ی ده‌گمه‌نی ڕووداوه‌كان بپارێزین، كه‌ تاوه‌كوو ئێستايشی له‌گه‌ڵدا بێت له‌ ئه‌رشیفی ئه‌كادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی ڕۆژنامەوانی و کولتوور و له‌لای ئێمه‌ وه‌ك سامانێكی پڕبایەخ پارێزراون و ئه‌سته‌مه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌لای ئه‌كادیمیای به‌درخان هه‌یه‌ له‌لای هیچ ده‌زگا و دامه‌زراوه‌یه‌كی دیكه‌ی میدیایی هه‌بێت

٭ دووه‌مین فێستیڤاڵی به‌درخان له‌ 2005دهۆك..

له‌ ڕۆژانی 21 تا 23ی مانگی نیسانی 2005، دووه‌مین فێستیڤاڵی به‌درخان له‌ دهۆك به‌ڕێوه‌چوو، نایه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆك و زنجیره‌چالاكییه‌كانیدا چ جۆره‌ بازدانێكی جۆری بوو بۆ بزاڤی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له‌دوای ڕاپه‌ڕینی 1991 و فێستیڤاڵ چ ڕۆڵێكی كاریگه‌ری بینی له‌ دروستكردنی ڕایه‌ڵه‌ی كولتووری و فه‌رهه‌نگیی نێوان ڕۆشنبیرانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان.

بۆیه‌ هه‌ر به‌وه‌ ئیكتیفا ده‌كه‌ین كه‌ ئێستا له‌ ناوەندە ئه‌کادیمییەکان و زانكۆكانی كوردستاندا وه‌ختێ باسی مێژووی ڕۆژنامه‌ی كوردستان و شوێنی چاپكردنی ژماره‌كانی و ئه‌رشیفی ژماره‌كانی ده‌كرێت، ئه‌كادیمیای به‌درخان یه‌كێكه‌ له‌و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیانه‌ی شانازیی دۆزینه‌وه‌ی ژماره‌كانی 10 و 12ی به‌رده‌كه‌وێت له‌ دووه‌مین فێستیڤاڵی به‌درخان له‌ دهۆك. كه‌ نزیكه‌ی یه‌ك سه‌ده‌ بوو ئه‌م دوو ژماره‌یه‌ هاوشێوه‌ی ژماره‌ 19ی ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ ئه‌رشیفدا بزر ببوو دۆزرایەوە، ئەو دیمەنەیشم ھەرگیز بیر ناچێتەوە، دوای خوێندنەوەی بەلاغی کۆتایی دووەمین فێستیڤاڵی بەدرخان لەلایەن حەمید بەدرخانەوە، لەپڕ بینیم کاک حەمید لە خۆشیان دەستی بەگریانکرد و منیش بەئاگاییەوە وێنەی فرمێسکەکانیم چرکاند و گوتم چییە! کاک حەمید بۆ دەگری؟، پێیگوتم  ئەیاد گیان چەند مانگە زۆر هیلاکبووم، ئێستا ویژدانم ئاسوودەیە و هەستدەکەم کاری نوێمان پێشکەش بە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی کردووە، بۆیە ئەو گریانە گریانی خۆشییە.ڕاستیشی دەکرد دۆزینەوەی ئەم دوو ژمارەیەی ڕۆژنامەی کوردستان شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو.

هه‌ر بۆیه‌يش له‌دوای ته‌واو بوونی فێستیڤاڵ كاك حه‌مید بیرۆكه‌ی دووباره‌ چاپكردنه‌وه‌ی هه‌ر 30 ژماره‌كه‌ی ڕۆژنامەی (کوردستان)ی نۆبەرەی له‌كۆی ئه‌و 31ژماره‌یه‌ی كه‌ لێی ده‌رچووه‌ خسته‌ به‌رنامه‌ بۆئه‌وه‌ی بیباته‌وه‌ بۆ قاهیره‌ و چاپیان بكاته‌وه‌. كه‌ ژمارە ١ى ڕۆژنامه‌كه‌ له‌وێ چاوی به‌ دونیا هه‌ڵێناوه‌.

دوابه‌دوای ته‌واوبوونی فێستیڤاڵ به‌یه‌ك دوو هه‌فته‌، پڕۆژه‌یەک له‌لایه‌ن كاك حه‌مید گه‌ڵاڵه‌ كراو پێشكه‌ش به‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێرۆ خان كرا و له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا كاك حه‌مید له‌ ڕێگه‌ی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كان شاندێكی یانزه‌ كه‌سی له‌ بواره‌ هونه‌ری و پسپۆرییه‌ جیاوازه‌كان پێكهێنا و گه‌شتی قاهیره‌ ڕێكخرا، به‌نده‌يش یه‌كێك بووم له‌ ئه‌ندامانی شانده‌كه‌. لێره‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌م بپڕژێمه‌ سه‌ر باسی به‌شێك له‌و چالاكییانه‌ی كه‌ له‌ قاهیره‌ ئه‌نجامماندا و قۆناغه‌كانی ده‌رچوونمان له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بۆ قاهیره‌ له‌ ڕێگه‌ی سوریا و ماندووبوون و خۆشی و ناخۆشیی ڕێگه‌ و ڕووداوه‌كان بۆ هاوڕێكانی دیكه‌م جێده‌هێڵم بۆئه‌وه‌ی ئه‌وان ئیزافه‌ی جوانتری بخه‌نه‌ سه‌ر.

٭ له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی حوزه‌یرانی2005 به‌ دوو ئۆتۆمۆبێلی جۆری شۆفرلێت له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ره‌و سنوور و قامیشلۆ حه‌له‌ب تا دیمه‌شق به‌ڕێكه‌وتین، له‌وێوه‌يشه‌وه‌ به‌ فڕۆكه‌ به‌ره‌و قاهیره‌ی پایتەختی میسر، له‌ڕاستیدا كات و ساتی گه‌شته‌كه‌مان زۆر نه‌گونجاو و گه‌رمای تاقه‌تپڕوكێن بوو، به‌ڵام تینوێتیمان بۆ گه‌شتكردن و ئاره‌زووی بینینی جوانییه‌كانی شام و شارستانێتیی فیرعه‌ونه‌كان، خه‌ونی ئاشنابوون به‌ كولتووری گه‌لان و تێكه‌ڵیی فه‌رهه‌نگی، له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌یشه‌وه‌ خولیاو خه‌ونی حه‌مید به‌درخان بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ جوانه‌كه‌، مه‌ودای نه‌دا بیر له‌ دۆخی كه‌ش و هه‌وا و گه‌رمای هاوین بكه‌ینه‌وه‌

٭ دووەمین گه‌شتی ده‌زگای به‌درخان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، شام – قاهیره‌..

هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر دروستكردنی دووەمین تیم یان شاند بۆ گه‌شته‌كه‌.

جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ كه‌ مرۆڤ توانا و بوێریی ئه‌وه‌ی هه‌بێت شاندێك ڕێکبخات بۆ سه‌فه‌ر كه‌ نیوه‌یان زیاتر یه‌كه‌مجار بێت یه‌كتری بناسن،  له‌ماوه‌ی چاوتروكانێكدا سه‌رباری جیاوازیی ئایدیا و دونیابینی، هه‌رهه‌موویان ببن به‌ هاوڕێ و هاوسه‌فه‌ری خۆشمه‌شره‌بیی یه‌كتری، ئه‌م مۆزایكه‌ جوانه‌ کە لێرەدا ناویان دەھێنم كاك حه‌مید خۆی دروستیكرد، زاهیر سدیق، په‌یكه‌رسازی به‌ناوبانگی كوردستان، سیمبولی هێمنی و ئه‌ته‌كێتی سلێمانییانه‌، فه‌یسه‌ڵ عه‌لی ئابووریناس و ڕۆژنامه‌ڤان له‌ خانه‌قین و ئه‌ڵوه‌نه‌وه‌، شوان تاڤینگ، ڕه‌خنه‌گری سینه‌مایی، گه‌نجێكی هه‌ولێری تژی له‌ وزه‌ و خۆشه‌ویستی و سه‌ركێشى، محه‌مه‌د فه‌تاح، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری به‌ناوبانگ، زمانزان و ئاشقی فه‌رهه‌نگی میسر و عه‌بدولحه‌لیم حافز، ڕه‌وانشاد فه‌یسه‌ڵ عوسمان، پێشه‌نگی هونه‌ری نیگاركێشی به‌ ڕه‌نگی ئاویهه‌ولێر، هێمن جه‌میل و هه‌وراز محه‌مه‌د دوو هاوڕێ و دووانه‌ی لەیەکتر دانه‌بڕاو، به‌رزه‌فڕ له‌دونیای فیلمسازی و وێنه‌گرتندا، وێڵی دوای سه‌ركه‌وتن و دۆزینه‌وه‌ی نوێی هونه‌ریسلێمانی، حه‌سه‌ن یاسین، ڕۆژنامه‌نووس، لێكۆڵه‌ر و شاره‌زای پۆلیتیك و ئیسلامی سیاسی – هه‌ولێر، به‌نده‌ و حه‌مه‌ هاشم دووانه‌ی پێکەنین، خۆشه‌ویستی و هاوڕێیه‌تیهه‌ولێر و كۆیه‌، هه‌روه‌ها كاپتنی گه‌شته‌كه‌ حه‌مید به‌درخان به‌رپرسی ئەکادیمیای به‌درخان.

له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی قاهیره‌ دابه‌زین، له‌ پێشوازیماندا به‌رپرسی نووسینگه‌ی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ قاهیره‌ خاتوو مارینا شه‌مدینانی، مارینا كچێكی ئازا، باوه‌ڕبه‌خۆ، لێهاتوو و زۆر جوانیشبوو، كه‌ تا نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ هێشتا كچێكی هاوشێوه‌یم نه‌دیوه‌ له‌ بوێری و لێهاتوویی، ئه‌گه‌ر بینیبێشم به‌و جوانییه‌وه‌ نه‌بووه‌، سه‌ره‌تا ئێمه‌ی برده‌ مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ شوێنێكی زۆر جوانی قاهیره‌ لەناوچەی زەمالیک، دوای پشوودانێكی كورت و خواردنی پسکیت و چایەیەکی عەسری، له‌ھەمان زۆنی زه‌مالیك مۆتێلێكی جوان و گه‌وره‌ی بۆ دابین كردین كه‌ جێگه‌ی هه‌مووانی تێدا ده‌بوویه‌وه‌، نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ و نیو له‌م مۆتێله‌ ماینه‌وه‌، ڕۆژژمێری ئه‌م دوو هه‌فته‌یه‌ پڕاوپڕه‌ له‌ خۆشی بینین و پێكه‌نین و چالاكیی به‌رده‌وام، وه‌ك ڕه‌وه‌ باڵنده‌ و كۆتری كۆچه‌ری، به‌یانییان له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستاین هه‌ركه‌سه‌و به‌ره‌و دونیای تایبه‌تیی خۆی گه‌ڕان و سوڕانی ده‌كرد، هه‌ندێك جارانیش له‌ چالاكییه‌ هاوبه‌شه‌كاندا پێكه‌وه‌ تێكڕای ئه‌ندامانی شانده‌كه‌ ده‌رده‌چووین، له‌م گه‌شته‌ماندا  ژماره‌ (59)ی رۆژنامه‌ی به‌درخانمان له‌ چاپخانه‌ی ڕۆز یوسف لە قاهیرە به‌چاپگه‌یاند، كه‌ ناوه‌ڕۆك و بابه‌ته‌كانی زیاتر په‌یوه‌ستبوون به‌ گه‌شتی ده‌زگای به‌درخان بۆ قاهیره‌، هاوكات پلانی سه‌ره‌كیمان چاپكردنه‌وه‌ی ژماره‌كانی ڕۆژنامه‌ی كوردستان بوو له‌ توێیی كتێبێكدا، ئه‌ویش به‌ ماندووبوون و شه‌ونخوونیی كاك حه‌مید بەدرخان و حه‌سه‌ن یاسین و فه‌یسه‌ڵ عه‌لی به‌ئه‌نجام گه‌یه‌ندرا، پێشانگه‌ی هاوبه‌شی هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كار و فۆتۆگرافمان له‌ یه‌كێك له‌ ناوه‌نده‌ هونه‌رییه‌ به‌ناوبانگه‌كانی قاهیره‌ (ساقیه‌ عبدالمنعم الصاوی) له‌سه‌ر كه‌ناری نیل كرده‌وه‌، به‌نده‌ به‌ هه‌شت كاری ده‌ربڕینخوازی به‌شداریی پێشانگه‌ هاوبه‌شه‌كه‌م كرد، كه‌ ستۆریی فۆتۆكان گوزارشتبوون له‌ مه‌رگه‌ساتی یه‌كه‌مین پرۆسه‌ی ئه‌نفال له‌ ساڵی 1983 و ئه‌نفالكردنی هه‌شت هه‌زار بارزانی، دیاره‌ له‌و سه‌روبه‌نده‌دا به‌ڵگه‌نامه‌كانی ڕژێمی به‌عسی فاشی و فرۆشتنی كچانی كورد به‌ یانه‌ شه‌وانه‌ییه‌كانی میسر ده‌نگۆی میدیا عه‌ره‌بی و جیهانییه‌كان بوو، بۆیه‌ ئامانجم بوو له‌چالاكییه‌كی ئاوادا بۆ ڕای گشتی و پێشچاوی ڕۆشنبیر و هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و وڵاته‌ بیخه‌مه‌ ڕوو، به‌تایبه‌ت كه‌ گه‌لی میسری وه‌ك فریادڕه‌س و سیمبولێكی نه‌ته‌وه‌یی سه‌یری سه‌دامی گۆڕبه‌گۆڕیان ده‌كرد. به‌رهه‌م و كاری هاوڕێیانی تریشمان هه‌ركه‌س به‌ ستایل و شێوازی خۆی هونه‌ری كوردییان خستبوویه‌ ڕوو، ئه‌م پێشانگه‌یه‌مان له‌لایه‌ن ڕەوانشاد مسته‌فا حوسێن نه‌قیبی هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری كرایه‌وه‌، هاوكات  ڕەوانشاد دكتۆر ئیبراهیم عه‌بدولمه‌لاك، سكرتێری نه‌قیبی هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری میسری و چه‌ندین كه‌سایه‌تیی عێراقی و ڕه‌وه‌ندی كوردی و هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیرانی میسری ئاماده‌ی پێشانگه‌كه‌ بوون. چه‌ند ڕۆژێك دواتر دكتۆر ئیبراهیم میوانداریی گالێرییه‌كه‌ی خۆی كردین له‌ماڵه‌وه‌ لە گەڕەکی موهەندسین و بیرۆكه‌ی واژۆكردنی په‌یوه‌ستنامه‌یه‌كی هونه‌ری له‌نێوان ده‌زگای به‌درخان و سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری به‌شێوه‌یه‌كی سه‌نگین و پرۆتۆكۆلی قسه‌ی له‌باره‌وه‌ كرا، یه‌ك دوو ڕۆژ دواتریش له‌ سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی میسری به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی شاندی به‌درخان و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا په‌یوه‌ستنامه‌كه‌ واژۆ كرا. لێره‌دا به‌كورتی چه‌ند خاڵێكی ناوه‌رۆكی په‌یوه‌ستنامه‌كه‌ ده‌خه‌مه‌ ڕوو، كه‌ گرنگترینیان بریتیبوون له‌ به‌شداریی هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ فێستیڤاڵی بیناله‌ی قاهیره‌، به‌شداریی له‌ تریناله‌ی گرافیكی نێوده‌وڵه‌تی و تریناله‌ی سیرامیكی، هه‌روه‌ها پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌سوان بۆ په‌یكه‌رسازی، دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌یمانگه‌ و كۆلێژه‌كانی هونه‌ر له‌ میسر، به‌شداریی كورته‌ فیلمی كوردی له‌ فێستیڤاڵی قاهیره‌ی نێوده‌وڵه‌تی، به‌شداریی تیپی هونه‌ره‌ میللییه‌كان له‌ فێستیڤاڵی ئیسماعیلیه‌، دروستكردنی پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی كاری نیگاركێشی له‌ نێو سروشتدا بۆ هونه‌رمه‌ندانی كوردستان و میسر، هه‌روه‌ها چه‌ندین  بڕگه‌ی دیكه‌ی گرنگ، ئه‌م په‌یوه‌ستنامه‌یه‌ به‌ واژۆی حه‌مید به‌درخان به‌رپرسی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی بەدرخان (ئەکادیمیای بەدرخان)، محه‌مه‌د فه‌تاح، نوێنه‌ری یه‌كێتیی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان، زاهیر سدیق، نوێنه‌ری كه‌ناڵی كوردسات كرا.لایه‌نی به‌رامبه‌ریش به‌ واژۆی مسته‌فا حوسێن، نه‌قیبی هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری میسری و دكتۆر ئیبراهیم عه‌بدولمه‌لاك، سكرتێری نه‌قیبی هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری میسری ئه‌نجامدرا.

ڕۆژانی دواتر سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌ و وه‌رشه‌ی كاركردنی ئاده‌م حنین و گالێریی مه‌حمود موختار و مۆزه‌خانه‌ی هاوچه‌رخی شێوه‌كاری و چه‌ندین ناوه‌ندی هونه‌ریی گه‌وره‌ی دیكه‌مان کرد، له‌به‌شێكی دیكه‌ی چالاكییه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كانماندا سه‌ردانی ناوه‌ندی كه‌ناڵی جه‌زیره‌ و وه‌شانخانه‌ی مه‌دبوولی و چه‌ندین فه‌رهه‌نگخانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیمان كرد، ئه‌مه‌يش بۆ تێڕوانین و دونیابینیی ئه‌و كاته‌مان ئاسۆیه‌كی نوێیی واڵاكرد بۆ گۆڕینی شێوازی كاركردن و ئاگاداربوون له‌ نوێترین ستایله‌كانی ڕۆژنامه‌ڤانی و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، وه‌ك له‌پێشدا باسمان كرد، دروستكردنی ئه‌م مۆزاییكه‌ جوانه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ڤانان، هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری، وێنه‌گر و فیلمساز و ڕه‌خنه‌گری هونه‌ری كارێكی ئاسان نه‌بوو، مه‌گه‌ر هه‌ر له‌ زه‌ینی حه‌مید به‌درخاندا تەونەکەی چنرابێت

دوابەدوای ئیمزاکردنی پەیوستنامە و لێکتێگەیشتن لەگەڵ سەندیکای ھونەرمەندانی شێوەکاری میسری، ھەر پاش گەڕانەوەمان بۆ کوردستان، دەستکرا بە کارکردن لەسەر ئەو پڕۆژانەی کە بەئەنجام گەیەندرابوون، چاپی (٣٠)ژمارەکەی ڕۆژنامەی کوردستان لە قاھیرەوە گەیشتەوە دەستمان لە ساڵی 2006، لە پێشەکی کتێبەکەدا کاک حەمید ئەمەکدارانە ناوی تێکڕای ئەوانەی ھێناوە کە لەسەرخستنی پڕۆژەکەدا ھاوکار و ھاوسەفەری بوون، ھەر پێکەوە تیمی گەشتەکەی ئەکادیمیای بەدرخان نوسخەی کتێبەکەمان گەیاندە ناوەندە ڕۆژنامەوانی و دامەزراوە ڕەسمییەکانی حکومەت، سەردانی کاک عەدنان موفتی، سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستانمان کرد، بەڕێزیان کارەکانی بەرزنرخاند و پشتیوانی و ھاندانی زیاتری خۆی دەربڕی. ئەوەبوو کاک حەمید دەستپێشخەریی بۆ لێکتێگەیشتنەکەی قاھیرە کرد، بەھاوھەنگیی دەزگای میدیایی کوردسات و پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ھێرۆخان، کاک زاھیر سدیق ڕاسپێردرا بۆ بانگهێشتی بەشێک لەو کەسایەتییانەی کە لەقاھیرە پردی فەرھەنگیمان لەگەڵیان دروستکردبوو، خاتوو مارینايش لەڕووی ئەتەکێتی دیبلۆماسییەوە ڕۆڵێکی کاریگەر و سەرکەوتووی بینی لەھێنانیان بۆ کوردستان. لە سلێمانی پێشوازییەکی کەموێنە و تایبەتییان لێکرا، ڕۆژانی دواتر زۆرێک لە گالێری و دەزگا میدیاییەکانیان بەسەرکردەوە، نیشاندانی ڕووی گەشی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و ئەو نەھامەتییانەی کە لە ڕابردوودا بەسەر گەلەکەماندا ھاتوون، بۆ شاندی میوان جێگه‌ی سەرسوڕمان و ھەڵوەستە لەسەرکردن بوون، لەسلێمانی دوای ئەوەی دیمەنی وەحشیگەرێتیی ئەمنەسوورەکەیان بینیبوو تووشی دڵەڕاوکێ و ئازارای ویژدانی سەخت ببوون، ھەریەک لە پەیکەرساز کاک زاھیر سدیق و محەمەد فەتاحیش، ڕۆڵی بەرچاویان بینی لە پێشوازیلێکردنیان و ناساندنیان بە ڕەسەنێتیی ھونەری کوردی، ھاوکات حەسەن یاسین و فەیسەڵ عەلی و ھێمن جەمیل و ھەوراز محەمەدیش، لوتفی خانەخوێیی کوردانەی جوانیان نواند لەم مێواندارییەدا و لە مەکتەبی بیر و ھوشیارییەوە چەندین کتێب و سەرچاوەی گرنگیان لەبارەی مێژووی کوردستان، قۆناغەکانی خەباتی گەلی کورد، جوگرافیا و پرسی جینۆساید و جیاوازیی نەژادیی ڕژێمی بەعسی شۆڤینی پێشکەش بە شاندەکە کرد.

چەند ڕۆژێک دواتر شاندی میوان بەیاوەریی حەسەن یاسین و محەمەد فەتاح گەیشتنە ھەولێر، بەندە لەجیاتی کاک حەمید بەدرخان کە ئەوسا خۆیان لە دەرەوەی وڵات بوون، شەرەفی ئەوەمان بەرکەوت لە ئەکادیمیای بەدرخان لە شاری هەولێر پێشوازییان لێبکەین، دوابەدوای ئەوەی پوختەیەکمان لەبارەی ئەکادیمیای بەدرخان خستە ڕوو، بەشێک لەو کارانەمان بە شاندی میوان ئاشنا کرد کە لەلایەن ئەکادیمیای بەدرخانەوە ئەنجامدراون و ئاماژەمان بەو نەخشە عوسمانلییە کرد کە چۆن حەمید ئەبوبەکر بەدرخان سەرکێشیی کردووە بۆ دۆزینەوەی و گەیاندنی بە ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال لەساڵی 2003، ھاوکات وێنەی موڕافەعە مێژووییەکەی سەرۆک مام جەلالمان لەنێو ڕۆژنامەگەریی جیھانی و عێراقی نیشاندان، دواتریش باسی دۆزینەوەی ھەردوو ژمارەکەی 10 و 12ی ڕۆژنامەی کوردستانی میقداد میدحەت بەدرخان، ھەروەھا بەشێک لەو چاپەمەنییانەمان نیشاندان کە ئەکادیمیا چاپی کردبوون، لەسەرەتای نووسینی ئەم بابەتەدا دەبوو ھێما بۆ سەردانیکردنی گەورە دەرھێنەری کورد عەلی بەدرخان و ڕەوانشاد عەلوانی مەغیب بکەین، کە لەمیانی کارو چالاکییەکانمان بۆ قاھیرە لە نەخۆشخانە سەردانیمان کردبوو و لەسەر پێخەفی خەستەخانە قەڵغانی ئەکادیمیای بەدرخانمان پێشکەش کردبوو، بەڵام ئەم تەوەرە بۆ کەسێکی دیکە جێدەھێڵم لە ئازیزان و ھاوسەفەرەکانمان، جێیی وەبیرھێنانەوەیە عەلی بەدرخان، کوڕی ئەحمەد بەدرخان، گەورە سینەماکاری میسرییە، مێژووی سینەمای میسری بەبێ ناوھێنانی ئەحمەد بەدرخان لەنگ و ناتەواو دەردەچێت، بەندە لەو گەشتەدا و لەمیانی گەڕان بەدوای سەرچاوە و کتێبی بەنرخدا چانسی ئەوەمان ھەبوو کە کتێبێک لەسەر تێکڕای ژیانی ئەحمەد بەدرخان دەستبخەین و بیکەینە دیاریی ئەکادیمیا، پاشان ئەم سەرچاوە ناوازەیەيش بوو بە یەکێک لەو چاپەمەنییە دەگمەن و باشانەی کە ئەکادیمیای بەدرخان وەک بەشێک لە سەرکەوتنەکانی گەشتی بەدرخان بۆ خاکی کینانە بە شانازیی خۆی لەقەڵەمی دەدات.

ئەوانەی باسمانکرد کەمێک لە خەرمان و چالاکییەکانی حەمید ئەبوبەکری بەدرخان و ئەکادیمیای بەدرخانە، کە هەمیشە کارەکانیان چاولێکەریی نەبووە و خواستویانە ھەردەم کارەکانیان نوێ و داهێنەرانەبێ.. 

لە کۆتاییدا هیوای تێرتەمەنی بۆ حەمید بەدرخان و تێکڕای ستافە جوانە لەخۆبردووەکەی ئەکادیمیای بەدرخان دەکەم و هەر لێرەيشەوە دروود بۆ گیانی پاکی ڕەوانشاد یەعقوب یوسف ئەبوبەکر دەنێرم کە برازای کاک حەمیدە و لەساڵی 2022 ژیانئاوایی لێکردین، جوانەمەرگ یەعقوب چەندین ساڵ لەتەک کاری خۆییدا وەک مامۆستای بەشی دیزاین لە پەیمانگه‌ی تەکنیکیی ھەولێربەشی ڕاگەیاندن، کاری دیزاینی لە ئەکادیمیای بەدرخان دەکرد، هەزارجار مخابن و ئەفسوس لە چاوتروکانێکدا بە هۆی سەکتەی دەماغ ماڵئاوایی لە ئێمە و هەردوو جگەرگۆشەکەی لیا و هیوا کرد. لەو کۆستەيش خەمناکتر، ھاوژینی یەعقوب گیان، خاتوو ئاڤان سابیر، دوو ساڵ پێشخۆی بەهەمان نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، گیانیان شادبێت، وەک ئایکۆنێکی دڵپاکی و بەرائەتیش شێوە و پێکەنینە گەش و جوانەکانی یەعقوب، ھاوشێوەی ئازیزان و کەسوکارەکانی خۆم بۆ ئەبەد لە ناخ و زاکیرەمدا بەنەمری دەمێنێتەوە.

هەولێر ، حوزەیران2025