فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ژوورەکەم پڕکە لە شەو!

 

ھاوژیر محەمەد
شاعیر، ھەولێر

…………………..

دەمویست پێتبڵێم و دەرفەت نەبوو
کاتژمێرەکانی ئێرە هێندە کورتن
فریاناکەوی دوو قسە لەگەڵ گزنگ بکەی ..
ویستم ئەوە بڵێم ؛ چیتر ئێواران لە چاوەڕوانیت نامێنمەوە
چیتر بەیادی چاوەکانت خۆر ئاوا ناکەم
شەوان نامەت بۆ نانوسم
بەخەیاڵیش ناتگرمە باوەشم
چیتر کراسەکەم ئوتو ناکەم
نامەوێ هیچ ئاوێنەیەکیش بمبینێ.
توڕەم لە کورسی پاڕکەکان
لەو گەڵایانەشی لەژێر درەختەکان کەوتون .
تۆ کە هەواڵم نەپرسی
دەست لەچنینی ئاواتەکانم هەڵدەگرم
جانتاکەم دەپێچمەوەو بەرەو ڕێگەیەکی نادیار دەڕۆم.
چیتر ئەو عەترە لەخۆم نادەم
کە منی بیردەخستییەوە
ئەو ملپێچەش لەمل ناکەم
کە بەدەستەکانی خۆت بۆت چنی بووم.
سەوڵی ئەو خەیاڵانە لێنادەم
کە دەیانگەیاندمە کەناری تۆ.
لەناوەڕاستی چاوەکانت دەمێنمەوە
ڕۆژێک لەگەڵ فرمێسکێکت دێمەوە وشکانی و
تێنوێتیم بە سەراب دەشکێنم ….
بەدیار ئازارەکانمەوە جگەرەیەک هەڵدەکەم
ئەو بۆ من و منیش بۆت دەسوتێین .
تۆ دەتزانی برینەکانی من قوڵن
دەستی ئۆخژنیت نەخستە سەریان …
باش دەزانی دەستەکانم هێشتا وشک نەبوونەوە
عەسرێک تۆ چاییت دێم دەکرد
منیش بۆ خەونە ڕەنگاو ڕەنگەکانم دەگریام
تۆ لەسەر سەکۆی بەخت قاچەکانت ڕادەژاند
منیش بەنێو باخێکی بێ بەردا ئەژنۆم دەشکا …
تۆ دواین دڵۆپەی بارانی بەهاری من بووی
کۆتا گەڵای وەریوی پایزی من
لە باخچەی کام سوتفە بتدۆزمەوە ؟
بەسەر پردی کام نەهامەتیەم بتپەڕێنمەوە ..!
ئاوێتەی ڕووباری کام خۆزگەی
دەستت بەخوێنی کام گوڵە سورە؟….
شتێک بڵێ شوشەی ئەو بێدەنگیە بشکێنە
کانیاوی ئەو عەشقە ووشککە
تەنیایی لە گیرفانەکانم دەربێنە
چاڵێک بۆ یادەوەرییەکان هەڵکەنەو
ڕوو لەڕابردوو بیاننێژە .
پەردەی تاریکی داخە
ژوورەکەم پڕکە لەشەو .
من لێرەبووم تۆ سەفەرتکرد
دەستی تەزیوی منت
ئەسپاردەی زستانێکی سەخت کرد ،
بە ئاگردانی ژوورەکەت بڵێ
چیتر بۆ شەوانی بێ من نەسوتێ
بە دەرگەکان بڵێ
چیتر خۆیان دانەخەن
جارێکیتر نابمەوە میوانی ماڵەکەت .