فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕێگای خەونەکان!

دێرین جەمال
چیرۆکنووس ، سلێمانی

……………………….

ئێوارەیەک…لەسەرکورسی بەرامبەر بە دیمەنی ئاوابوونی خۆر دانیشتبوو و لێی دەڕوانی، هێشتان خۆر بەتەواوی ماڵاوایی لەڕۆژ نەکرد بوو، وەلێ ئەو دیمەنە لەچاوەکانی ئەوەوە دەبریسکانەوە وەک ئەو ئومێدەی لەمنداڵییەوە لەناخیدا هەڵی گرتبوو لەڕووخساریدا دەگەشایەوە، زەردەخەنەیەکی خستە سەرلێوی و وەک ئەوەی فریشتەکان مژدەی هێنانی خەونەکەیان پێدابێت بەدەنگێکی نزم بانگی کچەکەی کرد وتی: کچە ژیرەکەم وەرە تەماشا بکە!
کیژۆڵەکەیش بە سەرسوڕمانەوە سەیری ڕووخساری دایکی کرد وتی : تەماشای چی بکەم؟!!
دووبارە بەزەردەخەنەیەکەوە وتی: تەماشای دیمەنی خۆر ئاوابوون بکە!!!….
چەند جوانە،…
کیژۆڵەکەیش لەدوای ڕامانێک بەڕووخساری دایکیدا وتی: ئێ دایکە گیان هەمووان دەزانین دیمەنی خۆر ئاوابوون چەند جوانە، بەڵام چ شتێکی نوێی تێدایە؟..
دایکە:باکچم دەزانی چی نوێ هەیە؟
ئەگەر من بەدرێژایی تەمەنم هەموو ئێوارەیەک لەسەر ئەم کورسییە دابنیشم سەیری دیمەنی ئاوابوونی خۆر بکەم هەر ئەم دیمەنە دووبارە دەبینمەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ فێری بووم کاتێک خۆر خۆی دەشارێتەوە تا جوانی مانگ دەربکەوێت، ئێمەیش لەناخماندا مانگ هەیە پێویستە ڕێگای بدەین تاوەکوو ئەویش دەربکەوێت، لەو ڕۆژەوە ئەودیمەنە بوو بە وانەیەک بۆ ئەو خاتونە و وای لێکرد کلیلی دەرگای ناخی بکاتەوە هێواش هێواش خۆزگەکانی بەدەر کەون، لەو ڕوژەوە ئەو خاتوونە گوێی لەو دەنگە دەگرت کە لەناخییەوە دەهات، بیری کردەوە دەبێت لەم ژیانەدا قوتابخانەیەک هەڵبژێرێت تابگاتە ئامانجەکەی، لە نێو بازاڕی ژیاندا زۆر گەڕا لەهەموو جێگایەک تائەو خوێندنگایە بدۆزێتەوە وانەی ژیانی تیابخوێنێت، لە دوای گەڕانێکی زۆر توانی ئەو خوێندنگایە بدۆزێتەوە کە دەتوانێت ناخی پەروەردە بکات، ئیدی ئەو هیچ کات لە دەفتەر و پێنوسە و هۆڵی تاقیکردنەوەکان ناترسێت چونکە ئەو خوێندنگایەی وانەی تیادەخوێنێت جیاوازە لەوێ مامۆستا وانە لەخوێندکارەکەیەوە فێردەبێت تامامۆستایەکی پڕ ئەزمونی لێدەرچێت، ئەمەیە ڕێگای خەونەکان تامرۆڤ بگاتە مەستبوون بەژیان بۆ نەوەیەکی پڕ بەرهەمدار..