ناسک ناسیری
شاعیر، بەلجیکا
…………..
من لە کۆتاشەو
قسەکانم دەڵێمەوە
لە کۆتا تاریکی بیردەکەمەوە
لەم ژاوە ژاوەی ڕۆژدا
کاسم و سەرم گێژە
زمانم نابزوێ لە وشەکانی خۆم تێناگەم
هەڵە نەبم ئەم سەردەمە کێشمە کێشی خۆرو مانگە
هەرکەس دەبینی
پریاسکەیەک ڕۆشنایی لای خۆی شاردۆتەوە
ئەگەر هاتی بۆ ماڵی من
چرایەکم بۆ بهێنە
با چاوەکانم لێڵ نەبێ
لەژێر لێزمەی ئەم بارانە
کۆتای شەوە زەنگی بارگەی خەمێکی قوڵم بۆ دێنێ
کە هۆن هۆن ئەشکی چاوانم دەڕێژێ
من لە زەمەنی شیرین و خاڵ خاڵەوە هاتووم
کوا دەتوانم
ڕقم لە جۆگەو ڕووبارو کانیاو بێ
مشتێ خاکی نیشتمانم بۆ بهێنە
بۆ ئەوەی گۆڕ غەریب نەبم
بەناو گۆڕەکەم بیڕژێنە

