فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خۆشەویستم..

بێریوان
شاعیر، فیلەندا
……………..
لەم زەریا قووڵەی ئازار و حەسرەتەدا،
 لەم کۆشکە قووڵەی ڕۆحمدا،
 شەپۆلەکان  بە بێدەنگی لە ناو تاریکی شەو دەخەون..
منیش تەنیا  دوور لە  نیگا تێرەکانت، دەبمە ئەو خۆرە  کە گوێم لە  نمەی بارینی بارانێکی بەهارەیە کە بە هێمنی دەبارێت
ئەدەمانەی بەیانیان لە خەو هەڵدەستیت بۆ بێدەنگترین..
من لە سەرووی تۆوە فڕینێکی باڵندەی کۆچبەرم
لە ڕێگەدا بۆ خاکی نوێ بەدوای باڵی پەپوولەکاندا مل دەنێم ،
بە دوای یەکەم ماچی بەڵێنی ئەویندا دەگەڕێم…
قەڵەمی پەنجەی شایەتوومان
هەزار شەوەی تاوانە شاراوەکان هەڵدەگرم و  دەنووسمەوە..
ئەگەر قەڵەم نەبا چۆن ئەم ژینە مەرگەم ڕائەبوارد..
دەنووسم
 نووسینەکانم، ڕاست بن یان درۆ، یان خەیاڵێکی  زیندوو،
 نووسینەکانم، ڕەنگە ئازادکردنی هەستە ڕاستەقینەکانی من  بن لە ناو جیهانی غوربەتی بێ تۆ..
خۆشەویستم دەمەوێ بگەڕێمەوە
 توێکڵە ڕزیوەکانی غوربەت پێکەوە بکەین بە شەنداو بیدەین بەدەم باوە،  تا ڕێگای غوربەتی پێ داپۆشین،
 پێکەوە بەڵێنی ئەوینمان نۆژەن کەینەوەو لە تیشکی خۆر و خاکی نیشتماندا  بیشارینەوەو
 گۆرانی باڵندە کۆچەرێکانی گەرمیانی  پێ بڵێینەوە..
   دە ئیتر  وەرە
دەست لە سەر دڵڕەقی هەڵگرە،
 بە پەنجەکانت  زوڵفی ماندووی بێ تۆیم شانە کەو
شانەی هەنگوین هەڵمژە !
تا دەستی وشەی سەوزی ئەوینت شانە کا
وەرزی ڕەش و سارد و شێواوی زوڵفم لە پەنجەت بئاڵێنێ.
تا تۆزی خۆشی لە ژێر تیشکی خۆری خۆشەویستیدا  لە باوش بگرێ..
بە زەردەخەنەوە بۆ ناو ئەو بایە بڕۆین  کە  خۆشەویستی و عەشقی شێخی سەنعان  دەیهەژێنێ و  پێکەوە سڵاوێک  بۆ ئەوین بنێرین .
خۆشەویستم
 دونیا پڕ بوو لە خەیاڵ و حەز و تاسە
گوڕتاوی شەم بۆ پەپوولە..
باڵندەکان  پۆل دەبەستن بە کوچەی چارەنووسا ڕادەبوورێن..
دەڕۆن  سڵاوێک هەڵدەگرن،  تا بیبەن بۆ باوەشی نامەی هەورینم لێوی خەوتووی خۆشەویستی پێبکەنەوە،
 وشەی شیرین،  بکەن  بە وشەو،  بیکەن بە خورپەی دڵی گوڵەباخ وچرپەی پێی هەنگ..
بە باڵە سپییەکانیان دەگەیەنن تا  لە بێ سەدای بێ یەکتردا نەمرین..
لە هەر لاوە دەسڕێژ دەکەن! تۆ نازانی لە کام لاوە
لە دۆزەخی تەنیاییدا..
لاشەت دابێژ دابێژ دەکەن.
چۆن مێژووی چیرۆکی عەشق بە گێڕانەوە فریوو دەدەن.
ڕووناکی شەوانی دڵی تاریک،
گریانی تەنیایی شەوانەی مەمک،
پەیامی ئاشتی و کۆتری سەرکەوتن..
بۆ تیشکی خۆر و بریقەی ڕۆژ دەگێڕنەوە..
تا هەناسە خێراتر بکات..دڵ لێبدات.. کفنەکان تەڕ بکات
تا قوڕگ توند بێتەوە..
دە خوایە ڕەحمێ بە دڵم بکە تا بدەم لە دەرگای ماڵی
 لەژێر نمەی بارانی بەهاردا  جەستەی داپۆشراوی  بێگوناح لە ناو مشتێ خاکی دەشتی عەشقمدا.
چاوەکانی پێ ماچ بکەم