ڕووناک ئاڵتون
شاعير، سلێمانی
………………….
وای لە سوراحی سەر فروی شیعرێ
چۆن بۆ لێوانێک ئاوی دەم ژنێک
فروو دێنێت
لە (پیرە مێرد)ی عشقێک
تک ،تک
دەخزێتەوە
سەرو مایەمان دوو نامەو
دڵمان تیرێک بوو
لەباسکدا خاڵ خاڵ
کوتراین…
بەدەم ( گۆرانی یار وەرەوە چەند جەژن
ڕۆیئ ھەر بەجلی کوردی شۆڕەوە )
جەژنی ئەوین موبارەک دەکەین،
تا لەزستانی ژنێکدا نەبیتە
بەردی تاوسان و
لە قات و قڕی چلەدا
دەست نەبات بتکاتە
خەتی یەکەمی خانەی دڵیەوە
براوە نابیت
لەم خەت خەتێنەدا ،
تا بە دوو قەڵەم باز
بازدانێک نەکەی بۆ قۆناغی سوتان
لە مۆمدانی مۆمێکدا
ھیچ پەبولەیەکت ،
مردنێکی ڕۆشن نابێ
ماسیەک نەبیت ،
بدورێ بەکەوای پشتە ماسی
ژنێکی سەوز پۆشەوە،
خۆی بەشۆخیتەوە
ھەڵنەواسێ ،
زەحمەتە بتوانی سەرچۆپی شیعرێک
بەسەبای ساڵحان پگریت ،
پۆلە باڵندەکەی مەولانا
لە دەریای خەیاڵتدا نەنیشنەوە
دووڕکاتی خۆرکەوتن
بۆ ڕووی خۆری نەکەن
ناتوانی بڵێی گوڵم و بەھەر لایەک ڕوو
بسوڕێنم
ڕۆژەەەەەە……

