فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لەسەرنووسین

شاڵاو حەبیبە
نووسەر، سلێمانی
……………..
١. شێوازێکی ڕەخنەی کوردی هەیە، کە دەربڕینەکانی پەیوەست بە “لەسەرنووسین”ـەوە بە هەڵە دەزانێت، وەک “لەسەر تۆ دەنووسم/ لەسەر شیعر دەنووسم/ لەسەر ئازادی دەنووسم/ لەسەر ئاو دەنووسم”. لێرەدا ڕەخنەگر چونکە پەرۆشی زمان نییە و زۆر بێناوەڕۆکانە بیری لێ دەکاتەوە، پێی وایە “ئەگەر کەسێک لەسەر ئاو بنووسێ، بە قەڵەمێکەوە دەچێ ڕێک لەسەر ئاوەکە دادەنیشێ دەست دەکا بە لەسەر-ئاو-نووسین”، ئەم لێکدانەوەیە بۆ وشە، کە زۆریش باوە، ڕەگەکانی لەناو ڕەفتاری کۆمەڵایەتیدایە، نەک زمان و زمانناسین. چونکە ئەگەر ڕەخنەیەکی ئاوا درێژە پێ بدەین، لە کوردیدا “کەسێک کە تووشی گونڕەشی خۆی دەبێت”، دەبێ ڕەخنەی ئەوە بگرین ئاخۆ کابرا هەر بەڕاستی تووشی کەسێک بووە “کە گونی ڕەشە!” یاخود ژیرانە بیر بکەینەوە و بزانین کە مەبەست لێی کەسی یاخی و لاسار و بەڵایە.
٢. نموونەکانی “لەسەرنووسین”، پشتبەستوو بە زۆر نموونەی تری وەک “لەسەر چی قسەت کردووە/ لەسەر تۆ قسەم کردووە/ بیستوومە قسەت لەسەر فڵانکەس کردووە”، بە واتای “دەربارە/لەبارە/سەبارەت” دێت. ڕەنگە ئەمە شێوازێکی کۆنی کوردی بێت، کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە. من لەسەر بەرگی هەندێک لە کتێبە کۆنەکانی زمانناسە کوردەکان ئەم وشەی “لەسەرنووسین”ـەم بینیوە، کە زمانناس لێرەدا وشەکەی پێ گونجاوترە بووە وەک لە: “لەبارەوەنووسین”، یان “دەربارەنووسین”. حەسەن قزڵجی خۆی کە زمانناسیشە، لە نووسینەکانیدا “لێکۆڵینەوە-لەسەر-نووسین”ـی بەکار هێناوە. ڕەخنەگر لێرەیشدا تووشی هەڵەیەکی سەلیقەیی دەبێ و بە کاریگەرییەکی دینی/سیاسییانە پێی وایە مادەم “دەربارە و لەبارە و جۆرەکانی” هەن، نابێ “لەسەر” لە بری ئەوان بەکار بێنین. ئەمە ئەو شتەیە پێی دەڵێن پۆلیسی زمان. ڕەخنەگر پێی وایە ئێمە لەسەر کاغەز دەنووسین، چونکە وا دەزانێت ئەگەر لەسەر ئازادی بنووسین، ڕێک دەچینە سەر ئازادییەکە بۆ ئەوەی بیینووسین. خۆزگە کورد هەمیشە ئاوا فەنتازی بوایە.
٣. ئەوەی بەراوردی نێوان “لەسەردیوارنووسین” و “لەسەرئاونووسین” بکەین و نەتوانین جیاوازیی فیزیکیبوونی دەربڕینی یەکەم و بابەتیبوونی دەربڕینی دووەم درک بکەین، پەیوەندیی بە توانای پڕۆسێسکردنی مێشکەوە هەیە، ئەمە هەڵبەت ئەگەر ڕەخنەگر زۆر جددی بێ (لەسەر قسەکەی.) یان وەک ویتگنشتاین ڕوونی دەکاتەوە، واتای وشە پەیوەستە بە جۆری بەکارهێنانەکەیەوە، یان کۆنتێکستەکەیەوە. تەنانەت هەندێک جار، ئەگەر ڕەخنەگر کاتی هەبێت تەماشای فەرهەنگ بکات، لەوێ خۆی دەیبینێت “قسەکانی” هەڵەن.
٤. ئەگەر ڕەخنەگرێکی ڕووکەشگەرا بیت، ناتوانیت ئەو هەموو واتا جیاوازجیاوازەی “لەسەر” ببینیت و تووشی ئەم جۆرە بەدحاڵیبوونانە دەبیت.
ئێمە بە منداڵی چەند واتایەکی “لەسەر”مان زۆر بەکار دەهێنا:
چاوەڕێکردن: لەسەرم بوەستە.
لەبەر: لەسەر چی واتات کرد؟
پشتگیری و هاریکاریی لە شەڕەیەخەدا: لەسەرم بکەوە.
لایەنگرتن/سەر-بە-گرووپێک-بوون: لەسەر تۆم.
ڕەخنەگر لەم جۆرە شوێنانەدا، وا دەزانێت ئەگەر “لەسەر کەسێک بیت” ڕێک دەبێ بچیتە سەر سەری. بەداخەوە ئەگەر ئەمە ڕەخنەی زمانەوانی بێت. ئێمە بە منداڵی گاڵتەیەکمان هەبوو، ئەگەر کەسێک بیگوتایە لەسەرم بوەستە، دەمانگوت “باشە لەسەر سەرت ئەوەستم”، دیارە ئەمڕۆ ئەمە بووە بە ڕەخنەی ئەکادیمی.
٥. بە کورتی، واتا فەرهەنگییەکانی وشەکە بریتین لە: باڵاتر. لاسار. لایەنگر و پشتیوان. قەرزاربوون. لەپا/عۆدە. باقی. براوە. لەبەر/یان بە هۆی. مەحوی دەڵێ لەسەر تۆ بوومە پەندی عالەمێ. هەروەها کورد دەڵێ “لەسەر چ بنەمایەک”، کە دەکاتە بە پێی چ بنەمایەک. بەڵام ئەمیش وەک زۆر وشەی تر سەرجەم واتاکانی، یان واتا نوێیەکانی لە فەرهەنگدا تۆمار نەکراوە. لە کوردیدا دەڵێن “زۆری لەسەر مەڕۆ”، لەسەرڕۆیشتن، کە دەکاتە درێژەپێدان، قسەلەسەرکردن، لەسەربابەتێک-بەردەوام-بوون. تەنانەت پەیوەست بە ناوەڕۆکەوە دەتوانێت واتای “بیبڕەوە/قسەی بێجاکردن” بگەیەنێت. هەروەها کورد دەڵێ “بابەتەکە لەسەر ئەوە نییە”، کە ڕێک درووستبوونی کوردییەکەی “لەسەرنووسین” ڕوون دەکاتەوە، کە لە هەردووکیاندا مەبەست “دەربارە”ـیە.
٦. ئێمە دەربڕینێکی کۆنی کوردیمان هەیە کە پێم وایە هەر تایپێکی ترە لەم تێگەیشتنە، کە ئەویش بە وشەی “بەسەر” دروست بووە، کە سەبارەت بە هۆنراوە-بۆ-یەکێک-نووسین یان گۆرانی-بۆ-یەکێک-گوتن، دەڵێت: “بەسەر فڵان کیژدا هەڵم داوە.” ڕەنگە خوێنەر وا هەست بکات نموونەکە جیاوازە، بەڵام لێرەشدا “بەسەر” دەتوانێت ئەو تێگەیشتنە ڕوون بکاتەوە، کە چۆن واتای دەربارە، یان لە بارەی کەسێکەوە گۆرانیگوتن و هۆنینەوە، بگەیەنێت.