فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئاوێزان بوونەوە ..

عوسمان قادر نادر
شاعیر، سلێمانی
پێ بە پێ دێم لەگەڵت
ورد ئەبمەوه لەو جێ پێیانەی کە تۆ بەجێیان دێڵیت
سەرنجم ئەچێتە سەر ملیوانی کراسەکەت
بۆ ئەوەی نەکەوم
دەستێکم ئەگرم بە کەمەرتەوە و
دەستەکەی ترم ڕەوانەی سەرشانت ئەکەم
کت و مت لە سێبەرەکەی خۆم ئەچیت
هەمیشە بە دواتەوەم و
هەمیشە بە دوامەوەی .
====       ====     ====
ڕەنگە لە حەوت پشتمەوە
من و تۆ یەکتر بناسین
تۆ دیقەتی ئەم شتانە داوە ؟
چاومان یەک ڕەنگە و
قژمان یەک ڕەنگه و
تۆنی دەنگیشمان هەمان شت
کەوایە من و تۆ نۆبەرەی یەک دار ئەرخەوانین
وەرە بۆ هەتا هەتایە
تۆ سەجەرەکەت بخە سەر من و
منیش شوناس نامەکەی خۆم ئەخەمە گیرفانی تۆوە
وەرە با وەها تێکەڵ ببین
جگە خودا کەسی تر فەرقمان پێ نەکا .