فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیعر!

ھاوڕێ حەمە ئەمین
شاعیر، سلێمانی
………………
تۆ دەڕۆیت و من بە شوێن هەنگاوەکانتا کۆچەریم
ئەی کەرەستەی شیعرو ئیلهامی لەمێژ و نوێگەریم
هەر لە کەیف و خۆشییابن دەشت‌و دەر گیان و دڵم
سێركه چیت خولقاند، لەپایزدا بەهار کوانێ پەریم؟
گەر بەسەر بەردا بڕۆی یەکجێ موتوربەی جەننەتە
کوا موژەی من ڕەقترە، بۆچی لە سۆزت بێوەریم؟
بیلبیلەم،  وەختێ قەراری فیرقەتت دا، لێرەوە
پایزی دووریت سڵامەتبێ، گەڵایەک بووم، وەریم
من شیعر بۆ تۆ دەڵێم و نەقدی تۆم  پێخۆشتره
تاوەکو وەسف و سەنای ئەغیار بە چەپڵەو ئافەریم
چۆن دەوارێکی ڕزیو بەر نەعرەتەی باڕەشکەوێ
وا بە داخی دەردی دووری تۆوە ئێستا قەشمەریم
پێ بەسەر دڵما بنێ، بێ ، با بڵێم ئۆخەی  ئیتر
شاهی من دواجار قبوڵیکرد خەدامەو  نۆکەریم
من تەریقەی چاوەکانی ئێوە ئیرشادم دەکا
دەمهەوێ تەنها ئەوینی ئێوە بیکا ڕەهبەریم
نیو قەڕن جارێک زوحەل ئاسا  بەلامدا تێپەڕە
هەر هەمان ئەستێرەکەی خۆتم بەقوربان،موشتەریم
من لە بازاڕی ئەوینا مامەڵەم پاکەو بەدڵ
ئێهـ ئەگەر ڕۆژێ نیگاهێکت بەدڵ دا موشتەریم