عوبێد ماجید
شاعیر، ھەولێر
…………….
توانات هەیە
قسەکانم فەرامۆش کەی
هێزی ئەوەت لەبەردایە
چۆک بە شعرەکانم دادەی
لە دەستت دێ
هەر کارێ بۆ تۆم کردووە
چەند چاکیش بێ
گوێی پێ نەدەی
ئاساییە دێڕ بە دێڕی
ئەو ڕۆمانەی
لە هەناسەی من و تۆدا
پێی گرتووە
ڕاست و چەپ هێڵبارانی کەی
بەڵام ئەوەی
لە توانا و هێزت بەدەرە
ئەو هەستەیە
کە من لە تۆ دامچاندووە
تەنانەت بۆ چرکەیەکیش
قەت پێت ناکرێ لەبیری کەی ….

