فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەواری پێکەنین!

ئەیوب ئەحمەدی تینووکۆکەیی
شاعیر، بۆکان
………………..
ئەگەر خودا بدا تەمەن دەچینە شاری پێکەنین
بە کامی دڵ بە نۆتی حەز دەدەین لە تاری پێکەنین
لە گوڵشەنێ سەما دەکەین خەمی زەمان بە بادەدەین
دەبینه خوێنی سووری گەش له نێو دەماری پێکەنین
بزەی ئەوین که قاتیە له عەهدی بێ بەڵێنی دا
دەخەینە ناخی شێعرەوه چرۆی بەهاری پێکەنین
بە دووبەدوو بەچەشنی زوو شنەی وەفا دەخەینە ڕوو
  دەبینه گوڵوشەی ئەوین لە سەر وتاری پێکەنین
کەسەر دەخەینه نارەوە, بزەش دەخەینە زارەوە
لە نەخشی یەک نیگارەدا چ جوانە زاری پێکەنین
سەفەر دەکەین بەرەو بەهار بەرەو بەهار و لالەزار
لەوێ خەفەت دەبەین بە بووک دەبینە یاری پێکەنین
چ تینووە دڵم گوڵم کە بێیتە لام بە خەندەوە
لە باوەشی حەزت گرم لە دەم هەواری پێکەنین