شەماڵ محەمەد
نووسەر، ھەولێر
……………..
لە سەر شۆستەیەک لەناو بازاڕ بە تەنیا دانیشتبوم خەریکی خواردنەوەی چا بوم، من هەر بە سروشت حەزناکەم لە چایخانە دابنیشم چونکە هەمیشە حەزم لە جوڵە و گۆڕانکارییە و بە دەگمەن دادەنیشم. گەنجێک لە تەنیشتم بو لەگەڵ هاوڕێکەی قسەی دەکرد :
– ئەو کوڕەی برادەرم زۆر ڕۆشنبیرە ، هەمو ڕۆمانەکانی دستۆڤسکی و مارکیزی خوێندۆتەوە ! بەس جارێک بیبینی دەچێتە دڵت و خۆشت دەوێت.
+ جا ڕۆمان و شیعر خوێندنەوە مرۆڤ ڕۆشنبیر دەکەن ؟
– بڕوابکە تەنها جارێک ئەو کوڕە بدوێنە ، بەخوا بەشێوەیەک قسەدەکات هەر لێی تێناگەی! بەڕاستی من دوای ئەوەی ئەو کوڕەم ناسی دەستم کردە خوێندنەوەی ڕۆمان و شیعر و ئێستا هەست دەکەم زۆر شت فێربوم…. ئێستا مرۆڤێکی ترم ..
قومێکی لە قاوەکەی دا و مژێکیش لە جگەرەکەی و هەناسەیەکی درێژی دەرکرد و لە ئاسمانی دەڕوانی، وەک ئەوەی سکاڵای حاڵی خۆی بکات کە بۆچی خەڵکی لە فەلسەفەکانی تێناگەن.
یەکسەر قسەی ئەو کادیرە حیزبییەم هاتەوە یاد کە چەند ساڵێک پێش ئێستا لە سەرسامیی بە یەکێک لە بەرپرسە سیاسییەکان گوتبوی ” بەخوا کاک (ف …..) ئەوەندە قسەزانە ، ئەوەندە شارەزای قورئانە، بەشەرەفم ئەو ڕۆژە ئایەتێکی وای خوێندەوە لە قورئانیش نەبو” !
+ من تێناگەم، ئاخر قسەی گەورە چ لە ئینسان دەگۆڕێ ؟ هەر فێری قسەی گەورە بویت و پرچت درێژکردوە و جار جاریش هەندێک وڕێنە دەکەیت بەناوی شیعر بڵاویان دەکەیتەوە، ئەوە کەی ڕۆشنبیرییە ؟!
– برام ڕاستە من وتۆ هاوڕێین بەڵام بەخوا تۆ لە من تێناگەی … ئەی باشە ڕۆشنبیر کێیە و چۆن ڕۆشنبیر بین ؟
منیش بە زەردەخەنەیەکەوە ڕوم تێکردن :
بەخوا کاکە منیش حەزم لێیە ڕۆشنبیر بم بەڵام قاوە زۆر تاڵە و فێری نابم ! بێگومان من بە تەنزەوە ئەو قسەیەم کرد .
– مامۆستا ڕۆشنبیر ئەوەیە ئاگاداری ئەدەبی جیهان و کەلتورە جیاوازەکان بێ، ڕۆشنبیر دەبێ هەست ناسک بێت وخەڵکیش دەبێ گوێی لێبگرن و بیکەن بە پێشەوای خۆیان …. هاوڕێکەی هاتە گۆ :
+ بەڕای من ڕۆشنبیر ئەوکەسەیە شتێک لە هەمو شتێک بزانێت و لە شتێکیش هەمو شت بزانێ…. ئەی بەڕای تۆ ڕۆشنبیر کێیە؟
قوربان لای من ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە بتوانێ زۆر بە سادەیی لەگەڵ دەوروبەر هەڵبکات بەبێ هیچ هەستیاری و کێشەیەک، بتوانێ خۆی لەگەڵ دەوروبەر بگونجێنێ بەبێ ئەوەی ویژدان بدۆڕێنێ، ڕۆشنبیر نە بە خوێندنەوەی کتێبی زۆر و نە بە خواردنەوەی قاوەی تاڵە .
ڕۆشنبیر دەبێ هەم هەست ناسک و هەم زۆریش توند بێ ، (ماغوت) گوتەنی ” تف، کەرەستەیەکی شیعریی زۆر چاکەئەگەر بزانی لە کات و شوێنی خۆیدا بەکاری بهێنیت “
ڕۆشنبیری واتە کەمکردنەوەی ئازاری خەڵک و کەمکردنەوەی وزەی نەرێنی و ڕەشبینی و بڵاوکردنەوەی وزەی ئەرێنی و گەشبینی هۆشیاری و ڕەوشتی جوان، ڕۆشنبیر هەر گیز ئەو کەسە نییە وەک فەیلەسوف بێتەگۆ و خەڵک لێی تێنەگەن، یا نیوەی قسەکانی وشەی بیانی و باسی هونەر و مێژوی بێگانە بێت و ئاگاداری دەوروبەری خۆیشی نەبێت.
ڕۆشنبیری واتە ژیان لەگەڵ خەمەکانی خەڵک و هاوبەشیکردن لە چارەسەریی کێشەکانیان، ڕۆشنبیری واتە دەربڕینی هەڵوێست، داواکردنی ماف، بەرگریکردن لە لاواز و داماوان، ئەوانەی لێمان بون بە فەیلەسوف و مامۆستای ئاینی و بانگخواز و دارێکیش ناخەنە سەر بەردێک جگە لە قسەی گەورە و دروشمی بریقەدار ئەوانە ناڕۆشنبیرترین و تاوانبارترین چینی کۆمەڵگەن، ئەوانە مشەخۆرن بەسەر جەستەی کۆمەڵگە و لە پەنای قسەی گەورە و دەقی پیرۆزکراو و سەفسەتە و فەلسەفەی بەتاڵ خۆیان وەک پاشا دەژین و خەڵکیش بەدەست سەدان کێشە و قەیرانەوە دەناڵێنێ.
– مامۆستا، تۆ دەتەوێت خەڵک بە کوشتن بدەی …. ! بەو پێوەرانەی جەنابت بێت کەس ڕۆشنبیر نییە …
جا قوربان کێ گوتی ڕۆشنبیربون ئاسانە؟ پاشان کەس لەسەر هەڵوێست وەرگرتن و ڕەخنە ناکوژرێ، بەڵی ئەگەر یەک دوانێک ڕەخنە بگرن توشی کێشە دەبن بەڵام ئەگەر چەند هەزار کەسێک پێکەوە هەڵوێست وەربگرن گەورەترین و بەهێزترین دەسەڵاتی جیهان بەچۆکدادێنن. ئەگەر ڕۆشنبیران نەتوانن ڕێگەچارەیەک بۆ دەرچون لە قەیرانەکان بدۆزنەوە ئەی خەڵکی نەخوێندەوار و داماو چی بکات؟ ئەی تۆ دەتەوێ ژیانت خۆش بێت و هیچ ئازاریش نەبینی؟ دەتەوێ بە قسەی گەورە یا بە دوعا جیهان بگۆڕی؟ قسەی گەورە و دوعا زۆر دەکرێن بەڵام ئەوەتا دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوزەرانی خەڵک بەرەو خراپترە نەک باشتر.
– کاکە با بڕۆین، درەنگە و پێدەچی مامۆستاش کاری هەبی ….
هەردو هاوڕێکە هەستان و ڕۆیشتن .. منیش کەوتمەوە ناو گێژاوی بیرکردنەوەیەکی قوڵ، پاش کەمێک سەرنجم دا چایەکەم ساردبۆتەوە، ئەویش بو بە قوربانی ڕۆشنبیریی کورد.
…………….