ئەودیو هۆگربوون*
محەمەد تەها حوسێن
نووسەر، ھەولێر
………………
مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی گه‌ردوونییه، له پنتێكی ئه‌م گه‌ردوونه كه زه‌ویه ده‌ژی، پنت هه‌موو جیهان، یا هه‌موو گه‌ردوون ناگه‌یه‌نێ، به‌ڵام مانای ئه‌وه نیه له (كۆ) كه گه‌ردوونه دابڕاوه. گه‌ردوونیبوون ئه‌و مانایه‌ی هه‌یه كه من یا تۆ یا هه‌موومان له ئامێزی ئه‌وداین و له پنتێكه‌وه پێیه‌وه نووساوین و گه‌یشتنمان به‌و ئاسته له هۆش یا تێگه‌یشتن كه له جێگه و پێگه‌ی خۆمانه‌وه دنیا و گه‌ردوون به چاوی عه‌قڵ ببینین، به‌ستراوه‌ی ئاستی په‌ره‌سه‌ندن و نه‌شونماكردنی ئه‌و هۆشه‌یه كه هه‌ر له واڕسكه‌وه تێماندا چێنراوه. چه‌نده هۆشت به‌ره‌و نه‌ناسراو و نه‌زانراوه‌كان بچێت، ئه‌وه‌نده نیشتیمانی عه‌قڵت فراوانتر و ڕووبه‌ر و پانتایی ئینتیمات فراوانتر ده‌بێ. مانه‌وه‌ی مرۆڤ له‌و پنته‌ی كه‌وتۆته نێوی و لێیڕسكاوه ئه‌گه‌ر هه‌ر وا بمێنێته‌وه و تا هه‌یه هه‌ر به‌وێوه بنوسێ، بینینی بۆ دنیا و گه‌ردوون و ئه‌وانی تری كه له پنتی تری ئه‌م زه‌ویه نیشته‌جێن كورتتر و نامۆتر ده‌كا. خودی هه‌ر یه‌كێكمان بچوككراوه‌یه‌كی زۆر ئاڵۆزی ئه‌م گه‌ردوونه ناكۆتایه‌یه و ئه‌گه‌ر ئاستی بینین و په‌یبردنمان به‌قه‌د گه‌ردوون لێكنه‌كێشینه‌وه و فراوان نه‌كه‌ین ئه‌وه تێگه‌یشتنیش له‌و (خود)ه هه‌ر له سنووری پێزانینه‌كانمان ده‌مێنێته‌وه و نه‌زانراوه‌كان هه‌رگیز نابن به‌و بابه‌تانه‌ی عه‌قڵمان به ئاراسته‌ی خۆیان كێش بكه‌ن، كه وایه چۆن گه‌ردوون له خود یا مێشكی مندا بچووككراوه‌ته‌وه، واباشه له بونیاتی عه‌قلانییه‌ت و هۆشمه‌ندیی بۆ مرۆڤ ئه‌م بچووكه به‌قه‌د هه‌موو گه‌ردوون لێككێشینه‌وه و فراوانی بكه‌ین.
ناسینی خود به‌ستراوه‌ی ناسینی دنیا و گه‌ردوونه، بۆ؟ چون هه‌روه‌ك وتمان ئه‌وه گه‌ردوونه له‌ودا بچوككراوه‌ته‌وه، ئینجا تێگه‌یشتن له خۆمان هه‌وڵێكی عه‌قڵه بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و(كۆد)ه‌ی ئاخنراوه‌ته نێو هه‌ر یه‌كێكمان و هه‌ر یه‌كه‌شمان له ئه‌زه‌لدا ئه‌و ئه‌ركه‌مان له ئه‌ستۆیه هه‌ڵیهێنین و بیكه‌ینه‌وه. كردنه‌وه‌ی ئه‌و كۆدانه گه‌یشتنی هه‌ر یه‌كه‌مانه بۆ ساته‌وه‌خته ڕاسته‌قینه‌كانی مرۆڤبوون، یا به‌مانایه‌كی هۆشیارانه‌تر، ئینسانبوون، به‌ڵام له گه‌وهه‌ر و شكڵگرتنێكی تردا. ناسینمان بۆ خۆمان هه‌ر ئه‌وه‌نده نیه كه لێیانپرسی ناوت چیه؟، یه‌كسه‌ر ناوی خۆتیان پێ بڵێیت و به‌س، ناوهێنانی خۆت ته‌نها و ته‌نها جیاكردنه‌وه‌یه‌كی فۆڕمالیستی و مۆرفۆلۆجیه و ئه‌وه(من)ی خۆته له‌و ساته‌وه‌خته‌دا به‌قسه‌دێت، له‌وانه‌شه و زۆریش له‌وانه‌یه ئه‌و ناوه‌ی له هه‌ر یه‌كێكمان نراوه هیچ په‌یوه‌ندی به‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی كه‌سایه‌تیمانه‌وه نه‌بێت كه تیاماندا چێنراون یا هه‌ر جینیتیكیانه هه‌مانن. بۆیه نهێنیه‌كانی(خود) زۆر له نهێنیه‌كانی كه‌سایه‌تیمان شاراوه‌ترن و تا چه‌ند له‌و خوده قوڵبینه‌وه ئه‌وه‌نده به‌ره‌و ئه‌و كه‌سایه‌تیه ده‌چین كه لامان بووه‌ته ئایدیاڵ و نموونه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده باڵا هه‌ندێ جار به‌رجه‌سته‌ی خوداوه‌ندێكی تیادا ده‌كه‌ین، یا وردتر بڵێم زۆر جار ئه‌و ئایدیاڵه لامان ده‌بێته ئه‌و خودایانه‌ی هه‌میشه له خه‌ونه‌كانماندا خۆزگه‌مان به توانا و خه‌سڵه‌ته‌كانیان خواستووه.
——————————-
*دوو پەرەگراف لە کتێبی دادێم، کە بەناوی(خودی کوردیی )دەبێ.