فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

جەستەی ژیان بەدەمی مەرگەوە!

ئیمان یادەوەر
شاعیر ، ھەولێر
………………
من دەزانم
ئەوان نازانن مرۆڤ بەسەرێکی سوکەوە
بارێکی قورسە بەسەر ژیانەوە
من کێشێکی کەم و کێشەیەکی زۆرم هەیە
کێشم هەرگیز کێشەی گەورەی من نەبووە
کێشەی من ئەوەیە بۆچی ؟
ئارەزووی مرۆڤ لەگەدەی گەورەترە
باوکم دەبینم بەدڵێکی ساف و نێودەستێکی زبرەوە
حەزدەکەم پێستم بدوورم بۆ دەستکێشی دەستەکانی
بۆ ئەوەی ژیان لەنێو قڵیشی دەستەکانی دا نەنێژێت !
گەر دڕندەی مرۆڤ نەبایە ژیان کوا هێندە ترسناک بوو ؟
دەبێت دڵت لەشوێنکیتردا بشاریتەوە،
 شوێنی دڵ ئاشکرایە
بۆیە ڕۆژ نییە نەیبەن و شەو نیە بە زووخاوەوە نەینێرنەوە .
گوڵ نازانێت بۆ کوێ بچێت درەخت تا لووتکەی چیا ڕۆشت و مرۆڤ دایهێنایە خوارەوە
هەینی جەژنی مرۆڤ و عاشورای سرووشتە
درەختێک بەدەم هەناوی گڕگرتوویەوە وەهای گووت .
مرۆڤ داخی کێشەکانی ڕۆژانی هەینی بە سرووشت دەڕێژێت
زەوی پڕ دەکات لە تاوان و ئاسمان پڕ لەدەنگی لێخۆش بوون
خودا گوێ لەدڵی گیایەک دەگرێت لەژێر پێی مرۆڤدا
بۆچی ئێوە گوێتان لەهاواری یەکتر نیە لەژێر پێی یەکدا ؟
دایکە کراسە سەوزەکەت لەبەربکە، با بەهاری ئێمە چوار وەرزە بێت
با باوکم لەخەندەیەکتدا ماندووی ڕۆژگار بشارێتەوە
با من لە نێو دوو ڕووی مرۆڤەکان، ڕووەو ڕووی تۆ
 تا قیامەت دابنیشم.