خوێندنەوەیەکی شیکاریی بۆ ڕۆمانی”سڕبوونی ڕەنگ”ی فەرهاد مستەفا
ئارام سدیق
…………….
دەروازە
هونەری ڕۆمان، هونەری گەڕانە. گەڕان بەدوای پرسیارە بێکۆتاکانی مرۆڤدا. یان هونەری گەڕانە بەدوای واتایەک بۆ مانادارکردنەوەی ژیان.بێگومان فۆرمی ئەو هەوڵە لە نووسەرێکەوە بۆ نووسەرێکی دیکە جیاوازە. بەنموونە لەلای نەجیب مەحفوز؛ خوێنەر درک بەوە دەکات، کاراکتەرەکانی بەردەوام بەدوای شتێکی پەنهاندا وێڵن و مێمڵی دۆزینەوەن، خوێنەر یان وەرگریش دەکەوێتە داوی ئەو سەوداسەرییە و هاوبەش دەبێت لە کەشفکردنی لوغزە ئاراستەکراوەکە. وەک بڵێیت بەشداردەبن لە دۆزینەوەی خودی مانا ونکراو و پەنهانەکە.
مەگەر مرۆڤ مەخلووقە ونبووەکەی نێو گەردوون نییە؟! کەواتە هەوڵ و ئاکار و کرداری نەپساوەی ئەو، لەپێناوی کام دۆزدایە و چ ئامانجێک سەرگەردانی کردووە؟! ئاخر ئەوەی مرۆڤ دەستی پێیگەیشت و لە سایەیدا هەستی بەچێژ و پشوو و خەیاڵگەردی کرد، ئەدەب و هونەر بوو. زوو لەوە حاڵی بوو ئەدەب و هونەر ڕزگارکەرن و مانایەکی دیکە بە شتەکان و خودی خۆی دەبەخشن. ئیدی لەم بەستێنەدا سەیرنەبوو ئەدەب و هونەر بە چەند فۆرمێکی دیاریکراو، دەستەمۆ و شەتەکبەند نەکرێ و هێندەی جیاوازی ڕوانین و هەوڵەکان، ستایل و فۆرمی جیاواز بێنێتە ناو کایەکەوە و سەدان لق و چڵی جۆراوجۆری لێ ببێتەوە. ئیدی لەو نێوەندەدا گەر ژانری ڕۆمان زیاتر بدرەوشێتەوە، ماکی ئەو هونەرە باڵایەیە، کە نەک مرۆڤی دووبارە نووسییەوە و خەون و خەیاڵ و جیهانبینییەکەی نیشانداینەوە، بەڵکو توانی ژانرەکانی دیکەش لە هەناویدا هەڵبگرێت و دەستکراوەتربێت. کۆندێرا وتەنی: ڕۆمان تاقە وەسیلەیەکە دەکرێ بەهۆیەوە تەواوی لایەن و قوژبنەکانەکانی بوون ئاشکرا بکرێت و شی بکرێتەوە.(1) هەر بۆیە ڕۆمانە دەبێتە هونەرە نەمرەکە و مرۆڤەکان (بە نووسەر و خوێنەرەوە) لەنێو ڕۆمانەکاندا بەدوای خۆیاندا دەگەڕێن، هەموو ئەمەش هەوڵێکی بچووکە بۆ خۆدۆزینەوە و بەخشینی واتایەک بە بوون.
تێری ئیگڵتۆن لە کتێبی “واتای ژیان؛ پێناسەیەکی پوخت”دا سەرنجمان ڕادەکێشێت: “ئەگەر ژیانی ئێمە هەڵگری واتایەک بێت، ئەو واتایە هەر ئەو شتەیە، کە ئێمە پێمان داوە، نەک شتێک کە ئامادە و تەیار بکەوێتە بەردەستمان.”(2) لەم پێناسە پوختەی واتای ژیانەوە تێدەگەین هەر کەسێک بەپێی توانا و بەهرە و سەلیقەی خۆی واتا بە ژیان دەبەخشێت، دەشێت هەندێک کەس بۆیان گرنگ نەبێت ژیان واتایەکی هەبێت، بەڵکو دەشێتوەکو جۆرێک لە گەمە لە ژیان بڕوانن، کە مرۆڤ جگە لە بوکەڵەیەکی یاریپێکراوی نێو سێرکی گەردوون هیچی دیکە نییە، واتە مرۆڤ ئەوەندەی لێبوکێکە و گەمەی پێ دەکرێت، ئەوەندە بوونەوەرێکی ئازاد و بەدەسەڵات نییە، بەڵکو دەسەڵات و ئازادییەکانی سنوورێکی دیاریکراوی هەیە وگەلێکجار سنوورە دیاریکراوەکە دەبێتە جۆرێک لە کۆت و بەند و بەزۆرەملێبەسەریدا دەسەپێنرێت.
بەڵام کێن ئەوانەی دەیانەوێت ئەم کۆتوبەندانە بشکێنن و سنووری دیاریکراو ببڕن و سەرزەمینی قەدەغەکراو تەی بکەن، بەبێ ئەوەی هیچ هێزێک بیانوەستێنێت؟ ڕەنگە نووسەران و هونەرمەندان لە پێشینەی ئەو مرۆڤانە بن کە دەخوازن ئەو کۆت و بەندانە بشکێنن و سنوورەکان تێپەڕێنن، دەکرێت ئاماژە بەناوی هۆمیرۆس بدەین، وەختێک ئیلیادە دەنووسرێ هێشتا فەلسەفە گەشەی نەکردبوو.(3) دواتر ئاناکسمیندر کە کتێبەکەی دەنوسێ پەنا بە هونەری پەخشان دەگرێ.(4) ئیدی لە دەورانی دواتردا فەیلەسوفێکی وەک ئەفلاتوون بەدەردەکەوێ و لەگەڵ پێشچوونی ڕەوڕەوەی مرۆڤایەتی هاوشان ڕێ دەکا و لە تێکستی “کۆمار”دا دەیەوێت شارێک بونیاد بنێت، کە بەپێی ویستی خۆی بێت، نەک ئەوەی بەسەریدا دەسەپێنرێت. ئەم شارە (دەوڵەت-شارە) جیاواز بێت لەوەی واقیعی سەپێنراو بەسەر مرۆڤدا دەیسەپێنێت. بۆیە ئەفلاتوون لە خاڵی سەرەتادا و لە نیگای یەکەمدا کە سەیری کۆمارەکەی دەکەین وەک یەکەم سنووربەزێن دەردەکەوێت، کە دەیەوێت کۆمارێکی جیاواز بونیات بنێت، گەرچی ئەویش کۆمەڵێک کۆتوبەند و سنووری تایبەت بە خۆی هەیە، کە دیسان مرۆڤ دەخاتەوە نێو قەفەزێکی نوێ و بەلای توێژەرانی کایەکە، ئەویش پێویستی بە شکاندن هەیە، وەکچۆن کارڵ پۆپەر بە یەکێک لە دوژمنانی کۆمەڵگەی کراوە سەیری ئەفلاتوونی کردووە.
دانتێ ئەلیگرێ، یەکێک لەو نووسەرانەیە، کە لە ڕێی نووسین (شیعر)ەوە هەوڵی ئەوەی داوە ئەو ژیانە سەپێنراو و پڕ کۆتوبەندە ببڕێت و بەرەو جێگەیەکی دیکە بڕوات، کە دەستی مرۆڤ پێی نەگەیشتووە ئەویش جیهانێکی دیکەیە، (کە لە تێکستە ئایینیەکاندا باس کراوە، بەڵام تەنها باسکردنێکی ڕووکەشانە.) بۆیە ئەو دێت و لە “کۆمیدیا”کەیدا لە سێ بەشی جیاوازی (بەهەشت، بەرزەخ، دۆزەخ)دا گەشتێک دەکات بەنێو ئەو سێ جیهانەی کە مرۆڤەکان دەستیان پێی ناگات. ئەوەی دانتێ بە یاوەری “فێرجیل”ی شاعیر دەیکات گەڕان و دۆزینەوەی واتایەکی نوێیە لەنێو ژیاندا، یان تێپەڕاندنی ئەو واتا ئاساییەیە، بەڵام لەڕێی نووسینەوە. نووسین ئەو هێزەی بە دانتێ داوە، کە بەهەشت لەنێو خەیاڵی خۆیدا بنووسێتەوە و جیهانێک بخوڵقێنێت ئەگەرچی خاڵی هاوبەشی هەیە لەگەڵ بەهەشتی نێو دەقە ئاسمانییەکان، بەڵام بۆنی بەهەشتێکی نوێی لێ بێت.
ئیگڵتۆن لە جێگەیەکی دیکەی هەمان کتێبدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “حیکایەتی مرۆڤ ئەوەندە چارەڕەشییەکى کۆتایی هەڵنەگرە، کە تەنیا لە خشتەبراوانی بێبەری لە ئیرادەی بەهێز بۆیان هەیە چاوپشکووتن بە دونیا پڕ بەها لەقەڵەم بدەن.”(5) بەڵام ئایا تەنها ئامادەیی مرۆڤ (بوونی مرۆڤ) لە دونیادا شتێکی پڕ بەهایە. ئەگەر پڕ بەهایە، بەهاکەی لە کوێدایە، کە مەرگ ئەوسەری ڕێگەی لێ گرتووە؟ لە دواتردا ئیگڵتۆن ئاماژە بە شۆپنهاوەر وەکو یەکێک لە ڕەشبینترین نووسەرانی دونیا دەکات و پرسیاری ئەوە دەورووژێنێت بۆچی ئەم نووسەرە دەخوێنرێتەوە و قەبوڵیش دەکرێت “ئەگەر بەرهەمەکانی شۆپنهاوەر بایی ئەوە دەبن هێشتا بخوێندرێنەوە، هۆی یەکەمی ئەوەیە ئەو ڕاشکاوانەتر و توندوتیژانەتر لە هەر فەیلەسووفێکی تر ڕووبەڕووی ئەم ئیمکانە دەبێتەوە، کە بوونی مرۆڤ بۆی هەیە بە قوڕبەسەرانەترین و گاڵتەجاڕانەترین شێوە بێ واتا بێت. هۆیەکی تری ئەوەیە کە ئەو شتانەی دەیانڵێت بەتەواوی دروستن.”(6)
نووسینەوەی ئەم چارەڕەشیی و ئەم قوڕبەسەربوونە جۆرێک لە سکاڵای مرۆڤە لە بوون. بوونێک کە مرۆڤ بەبێ ویستی خۆی تێی فڕێدەدرێت و هیچ پرسێکیشی پێ نەکراوە، چارەنووسگەلێکیش چاوەڕێیەتی کە زۆرجار لەبری ئەوەی چارەنووسێکی ئاسایی بێت و ژیانێک لە هێمنییەکی ئاساییدا بگوزەرێت، دەبێتە چارەنووسێک کە مردن (ئەو شتەی ئەزموون ناکرێت) زۆر باشتر دەربکەوێت. بۆیە نووسین وەک لای شۆپنهاوەر دەردەکەوێت جۆرێک لە تەسلیمبوون نییە بە واقیع و خۆسەرقاڵکردنی ڕۆژانە نییە، بەڵکو بەرەنگاربوونەوەی واقیعە و هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لێی. کەواتە نووسین، یان کاری هونەریی یەکەم هەنگاوی مرۆڤە بۆ ئەوەی لە واتای ژیان تێبگات. ئەگەر نووسین و کاری هونەری نەبێت، ژیان گەلێک ترسناکتر و بێڕەحمتر و بەرگەنەگیراوتر دەبێت.
نووسین و کاری هونەری، لە کورترین ناسنامەیدا جۆرێک دەبێت لە پێویستی، جۆرێک لە سەرقاڵی نین، بەڵکو جۆرێک لە پێویستی مرۆڤبوونن، کە مرۆڤ ناتوانێ دەستبەرداریان بێت و ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی مرۆڤە لە بوونەوەرانی تر. بەڵام مرۆڤ لەڕێی نووسین و کاری هونەرییەوە چی دەست دەکەوێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە ڕەنگە وەڵامەکەی سەخت بێت، چونکە ئەوەی مرۆڤ لە نووسین و کاری هونەری دەستی دەکەوێت شتێکە نەدەبینرێت، نەبەرجەستە دەبێت، نە بۆ هەموو مرۆڤەکانیش وەکو یەکە، بەڵکو لای هەر نووسەر و هونەرمەندێک جۆرێک بەرکەوتن و ڕەنگدانەوەی هەیە. بەمانایەکی تر ئەگەر نووسین و کاری هونەری نەبێت. مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی ئاسایی. ئەوەی واتایەک بە ژیانی نووسەران و هونەرمەندان دەبەخشێت، نووسین و کاری هونەرییە، نەک ئامادەییە جەستەییەکەیان لەنێو ژیاندا. بە واتایەکی تر هیچ شتێک لە ڕووبەری خەیاڵگەردیان ئەستەم نییە.
لێرەوە گیرۆدەبوونی 18 ساڵەی دلاوەر لە زینداندا لە ڕۆمانی “سڕبوونی ڕەنگ”(7)ی فەرهاد مستەفادا تەنها گیرۆدەبوونێکی ئاسایی فیگۆری نێو ڕۆمانێک نییە، بەڵکو گیرۆدەبوونی مرۆڤە لەنێو بووندا، لە یەکەم مرۆڤەوە تا ئێستا، کە هەمیشە سنوورەکانی بۆ کێشراوە و بەردەوام سنووری نوێ و کۆتوبەندی نوێ دەکرێتە قاچ و دەستەکانی. دلاوەر نموونەی تەنها هونەرمەندێکی پەیکەرتاش نییە، بەڵکو ئەو ڕەمزە بۆ هەموو هونەرەکان، چۆن مرۆڤی هونەرمەند لە ڕێی هونەرەوە دەرچەی ڕزگاریی لە جەوری ژیان دەدۆزێتەوە. ژیان لەبەرئەوەی سەپێنراوە و خۆویست نییە، بۆیە هەمیشە پڕە لە ناڕەزایی مرۆڤ بەرامبەری، هەتا ئەو مرۆڤانەشی خۆیان بەختەوەر و شادومان دەردەخەن کاتێک دەیاندوێنین لە قووڵاییدا پووچییەک، یان نائومێدییەکی قووڵ بەرامبەر بە ژیان تێیاندا خەوتووە و تەنها بەئاگاهێنانەوەی پێویستە. دەکرێ بپرسین ئایا پرسیاری نووسەر لەم ڕۆمانەدا گەڕانە بەدوای واتایەک بۆ ژیان، یان هەوڵێکە بۆ نووسینەوەی حیکایەتی ئەو مرۆڤانەی کە ژیان غەدری لێ کردوون؟ ئایا ژیان تەنها غەدری لە دلاوەرەکان کردووە، یان غەدر لە هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی کراوە، لەبەرئەوەی بەبێ ویستی خۆیان فڕێ دراونەتە سەر زەوی؟
سەبارەت بە ڕۆمانەکە
ڕۆمانی (سڕبوونی ڕەنگ)، چیرۆکی نیگارکێشێکی کورد دەگێڕێتەوە، کە لەسەردەمی جەنگی عێراق-ئێران، دوای تەواوکردنی زانکۆ، ڕاپێچی خزمەتی سەربازیی دەکرێت و پاش چەند مانگێک سەربازی، دەگواسترێتەوە بۆ بەرەکانی جەنگ و لە یەکەمین جەنگدا لە لایەن سوپای ئێرانەوە بەدیل دەگیرێت. بەهۆی دیلبوونەکەیەوە چەند زیندانێکی ئێران دەبینێت. ئەو زیندانانە ناکەونە ژێر چاودێری ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە و بە سەخترین شێوازی ئەشکەنجەدانی دەروونی و جەستەیی، ساڵانی تەمەنیان لەناو زینداندا تێدەپەڕێنن. دلاوەر کە فیگۆری سەرەکی ڕۆمانەکەیە، تاقانە سەربازی کوردی ناو زیندانەکەیە و هیچ دیلێکی دیکەی کوردی لەگەڵدا نییە و جگە لە سزای بەندکردن و بەدیلگرتنەکەی، لەلایەن خودی دیلە عەرەبە عێراقییەکانەوە وەک بێگانەیەک تەماشادەکرێت. بەڵام هێشتا دلاوەر وەک بەشێک لە دیلە عەرەبەکان بۆ خۆڕزگارکردن لەو نەهامەتی و دژوارییە، نابێتە تۆبەکار و ئامادەنییە دیلەکەی هاوڕێی بچەوسێنێتەوە، یاخود دیسانەوە ببرێتەوە بۆ بەرەی جەنگ و ئەمجارە دژ بە سوپای عێراق بجەنگێ و کۆی هەوڵەکانی خەزعەل ئەسەدی پووچ دەبنەوە و تەفرەی بەڵێنەکانی ناخوا و بە سزای تایبەتی ناو زیندانی عەفلەقییەکانی ئێرانیش ڕەزامەندە و ناپاکی ناکات، گەرچی ئەو ملنەدانە دەیباتە لێواری مردنەوە. پاش حەڤدە ساڵ زیندانی و بڵاوبوونەوەی پەتایەکی ترسناک لەناو زیندانەکەدا و مردنی بەردەوامی دیلە عێراقییەکان و ناچاربوونی لێپرسراوە ئێرانییەکان کە دیلە عێراقییەکان ببرێنە خەستەخانەکانی ئێران، دەبێتە ئەو ڕێکەوتەی دیلە عێراقییەکان لەلای خاچی سووری نێودەوڵەتی کەشف ببن و ناچارانە دیلەکان بگواسترێنەوە بۆ زیندانێکی چاکسازی و بەر لەئازادبوونیان دەرفەتی کارکردنیان بدرێتێ بەو مەبەستەی تێکەڵاوی کۆمەڵگا ببنەوە و لە ئازادکردنیاندا دووچاری زەبری دەروونی زێدەتر نەبنەوە. وەک دەبینرێت بەشێک لە دیلەکان شێت بوون و بەشە زۆرەکەیشیان دابڕاون لە دونیای دەرەوە. زۆرینەی دیلەکان کە دلاوەریش یەکێکە لەوان، شێوەی ڕوخساری کەسوکاریان لەبیردەچێتەوە و گۆڕینەوەی تەسبیحەکەی کە بە ناوکی خورما سازکراوە و هەر ناوکێکی خورما، ڕوخساری مرۆڤێکی هەیە بە بەستەیەک پەڕە و قەڵەم دەگۆڕێتەوە، بەو نیازەی بتوانێت بەهۆی وێنەکێشانەوە ڕوخساری خلوودی خۆشەویستی بیربکەوێتەوە. بەڵام هونەرەکەی کۆمەکی ناکات و زەبری زیندان باڵاترە. بۆ ڕەوینەوەی گومانی لەدەستدانی توانا هونەرییەکەی، وێنەی عەقید غەسانیشێت بوو دەکێشێت. دەزانێت کەلەبەر لە توانا هونەرییەکەیدا نییە، هێندەی ئەوەی زەبری زیندانە وای لێ کردووە وەک هاوڕێکانی، تەنانەت ڕوخساری خۆشەویستەکەیشی بەیاد نەکەوێتەوە. ئاشنابوونەوە بە هونەر و خستنەڕووی هونەر لەناو دیوارەکانی زینداندا هەر هەستی دیلە عێراقییەکان نابزوێنێت کە داوای کێشانی وێنەی لێ بکەن، دەگاتە ئەوەی سەرباز و ئەفسەرە ئێرانییەکانی زیندانەکە داخوازی وێنەکێشانی لێ بکەن. سەرهەنگ ڕەفیعی کە لێپرسراوی زیندانەکەیە و نوێنەرایەتی دەسەڵات دەکات، بیست ساڵ زیاترە بە گرفتی ڕەنگگۆڕینی ڕوخسارییەوە دەناڵێنێت. ئەو نەخۆشییە دەگمەنەی لە باوکییەوە بۆ دەمێنێتەوە و ناتوانێت لەهەمبەر کاریگەرییە دەرەکییەکان خۆی ڕابگرێ و ڕەنگی ڕوخساری دەگۆڕێت. سەرهەنگ ناتوانێت چاوی لە ئاستی هونەری دلاوەر بنوقێنێ. بەواتە هونەر دەبێتە ئەو سەنتەرەی دوژمنەکان پێکەوە کۆبکاتەوە و داوای لێ دەکات کە پەیکەرێک بۆ باوکی دروست بکات. چواردەساڵ لەوەوبەر سەرهەنگ هەوڵی داوە پەیکەرێکی باوکی لە مەیدانی تەجریش دابنرێت، بەڵام ئەو خواستە لەلایەن شارەوانییەوە ڕەفز دەکرێت. ئیدی دەرفەتەکە دەخوڵقێتەوە و ئامادەیە دلاوەری دیلی عێراقی بباتەوە بۆ ماڵەکەی. دلاوەر لەو گواستنەوە نوێیەدا بە چەندین کەسایەتی و پۆرترێتی نوێ ئاشنا دەبێت و دەکرێت بڵێینهەریەکەیان نوێنەرایەتی چینێکی ناو کۆمەڵگا دەکەن. جێگەی ئاماژەیە گەرچی مەودای زەمەنی ڕۆمانەکە ١٨ ساڵ دەخایەنێت، بەڵام کاتی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە تەنها ١٨ ڕۆژە.
لەباری شێواز و تەکنیکییەوە ڕۆماننووس هەوڵیداوە، کە بە سوودوەرگرتن لەوەی چیرۆکی ژیانی هونەرمەندێک دەنووسێتەوە بەشەکانی ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی هونەریی و لەڕێگەی بەکارهێنانی دەستەواژەی هونەرییەوە بۆ سێ بەشی سەرەکی دابەش بکات کە ئەوانیش (پۆترێتەکان، فیگەرەکان، ماکێتەکان)، ئەم خاڵە یەکێکە لە خاڵە درەوشاوەکانی ڕۆمانەکە، کە هەر لە سەرەتاوە خوێنەر بۆ فەزایەکی گێڕانەوەیی بە شێوەیەکی هونەرکاریی ئامادە دەکات. ئەمە بێجگە لەوەی لە ناوەرۆکی ڕۆمانەکەشدا هەست بە باڵکێشی ئەو فەزا هونەرییە دەکەین، وەک بڵێیت ئەگەرچی فەزای زیندانپانتای دەرکەوتنی ڕووداوەکانە، بەڵام هونەر ئاوێزان ئاسا تێکەڵاوی ئەو فەزایە دەبێت.
ئەزموونی ڕۆماننووسی فەرهاد مستەفا
ئەزموونی گێڕانەوە لای فەرهاد مستەفا بە گێڕانەوەی چیرۆک دەست پێ دەکات. مانەوەی ئەم نووسەرە لەنێو دونیای چیرۆکدا 20 ساڵ زیاتر تێدەپەڕێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی قاڵبوونەوەی چیرۆکنووس و لە فەزای چیرۆکەوە بەرەو چڕبوونەوەی دەکشێت و لەوێوە پەنا بۆ کورتەچیرۆک دەبات و چەند کۆمەڵەیەک کورتەچیرۆک دەنووسێت. بەڵام خاڵێک کە بۆ من جێگەی سەرنجە پەڕینەوەی ئەم نووسەرەیە لە دونیای چیرۆک و کورتەچیرۆکەوە بۆ دونیای ڕۆمان، بۆیە لەم بەشەی نووسینەکەمدا کەمێک هەڵوەستە لەسەر ئەمە دەکەم.
فەرهاد مستەفا لە چیرۆک و کورتەچیرۆکەکانیدا بەوە ناسراوە کە “کورتبڕە”، واتە لەو پانتاییەی لەبەردەستیدایە هیچ وشە و ڕستەیەکی زیادە نادۆزینەوە، خۆ ئەگەر ڕستەیەک، یان وشەیەک پاش و پێش بخرێت مانای کورتەچیرۆکەکە دەگۆڕێت (وەکو ئەوەی لە کاتی هەڵەچنیدا بەسەر یەکێک لە کورتیلەچیرۆکەکانیدا هات)، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، کە فەرهاد مستەفا چەشنی وەستایەکی خشت نییە، کە ئەرکی تەنها دانانی خشتەکان بێت بەدوای یەکتردا، بەڵکو ئەرکی ئەم دانانی خشتەکانە هەر یەکە و لە جێگەی خۆیدا بەپێی گونجاندنیان لەنێو ئەو سیستمە گێڕانەوەییەی خۆی خوڵقاندوویەتی.
کارکردنی ئەم نووسەرە لەنێو دونیای گێڕانەوەدا هەر لە سەرەتاکانی ئەزموونەکەیەوە کارکردنێکی وردەکارانە و چڕبووە، ئەو کاری لەسەر چڕکردنەوە کردووە و لەنێو کورتەچیرۆکەکانیدا هەست بەم خاڵە دەکەین تا ئاستی گەیشتن بە ڕۆحی وشە و حیکایەت.
ئەوەی لە ئەزموونی ئەم نووسەرەدا دووبارە دەبێتەوە ئەو چڕکردنەوە و گوشینی وشەیەیە لەنێو ئەزموونی ڕۆماننووسیدا. ئەم نووسەرە ئەو توانایەی لەنێو کورتەچیرۆکەکانیدا هەیبووە گواستوویەتییەوە بۆ نێو ڕۆمانەکانی و ئەگەر خوێنەر بە وردی و بە سەرنجەوە هەردوو ڕۆمانەکەی نووسەر (سپیکردنەوەی خوێن و سڕبوونی ڕەنگ) بخوێنێتەوە هەست بەوە دەکات. بەڵام دەشێ بپرسین ئایا ئەم بابەتە زیانی لە ڕۆمانەکانی نەداوە؟
میلان کۆندێرا، لە یەکێک لەو پێناسانەی بۆ ڕۆمان دەیخاتەڕوو دەڵێت “عەقڵی ڕۆمان عەقڵی ئاڵۆزییە.”(8) لە دواتریشدا دەنووسێت “هەموو ڕۆمانێک ئەوە بە خوێنەری خۆی دەڵێت شتەکان لەوە ئاڵۆزترن، کە بیری لێ دەکەیتەوە.”(9) ئەم پێناسەیەی کۆندێرا کۆمەکمان دەکات بۆ ئەوەی بڵێین لای فەرهاد مستەفاش عەقڵی ڕۆمان بەتەنها عەقڵی گێڕانەوە و چۆن گێڕانەوە نییە، بەڵکو عەقڵی ئاڵۆزییە، ئاڵۆزییەک کە ژیان خۆی دەیخوازێت، یان خۆی بەو شێوەیەیە، نەک ئاڵۆزییەکی دەستکرد و دروستکراو و سەپێنراو. بۆیە ئەم پەڕینەوەیەی هێزی کورتەچیرۆک لە چڕکردنەوەدا بۆ نێو ڕۆمان بە دیوێکدا بۆتە زیان، چونکە هەموو خوێنەرێک چێژی ئەم گەمەی چڕکردنەوەیە ناکات و تێ ناگات لەو سیستمە هێماسازییەی نووسەر بونیادی ناوە و ڕەنگە وەکو جۆرێک لە ئاڵۆزی ببینرێت، بە دیوێکی دیکەدا بۆتە جۆرێک لە ناسنامەی کۆی ئەزموونی گێڕانەوەی ئەم نووسەرە و خوێنەر دەتوانێت ئەم خاڵە لە کۆی چیرۆک و ڕۆمانەکانیدا هەست پێ بکات و وەکو خاڵێکی ئەرێنیش ببینرێت.
بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە دونیای ڕۆمان لای فەرهاد مستەفا دەگەڕێمەوە بۆ قسەیەکی دیکەی کۆندێرا کە لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت: “ڕۆمان لە داوێک دەتۆژێتەوە، کە لە واقیعدا ئەم جیهانەیە. مێژووی ڕۆمان ئاوێنەیەکە بۆ مێژووی ئینسان.”(10) لای فەرهاد مستەفاش جیهانی کاراکتەرەکان جیهانێکی بچووکراوەیە و ئەم ڕۆماننووسە، نووسەرەوەی مێژووی مرۆڤە لەنێو تاریکی و ئەو چارەنووسانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە. فەرهاد مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی پەراوێزی وەرناگرێت، بەڵکو مرۆڤ وەکو نوێنەری کێشەکانی جیهان وەردەگرێت و دلاوەر لە “سڕبوونی ڕەنگ”دا تەنها کوردێکی نیگارکێشی نێو زیندان نییە، بەڵکو ئەو نوێنەری تەواوی مرۆڤەکانە، کە لە چەشنی “ک”ی نێو ڕۆمانی دادگایی کافکا، کە بوونێکی لۆکاڵی نییە، بەڵکو خاوەنی هێز و بوونێکی گەردوونییە. لێرەوەیە کە کاراکتەرێک دەخوڵقێنێت کە نوێنەری زام و برینی ڕاگوزەر نین، بەڵکو نوێنەری ئەو ئازارانەن کە مرۆڤ لە هەر جێگەیەکی ئەم گەردوونەدا بێت دەشێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە. بۆیە بازێک دەدات، کە کاراکتەرەکانی کاراکتەری لۆکاڵی نەبن، بەو مانایانەی گیرۆدەی سۆز و هەستە کاتییەکان بن، بەڵکو گەردوونین و ئازار و خەمەکانیان گشتگیر و سەرتاسەریین.
سڕبوونی ڕەنگ، سڕبوونی ژیان
ئەگەر سووڕی ژیان بە زیندانێک گریمانە بکەین، واتە مرۆڤ بەبێ ویستی خۆی و بەبێ ئەوەی هیچ خەتایەکی کردبێت زیندانی کراوە و دواجاریش (وەک لە چیرۆکە ئایینییەکاندا دەردەکەوێت) دادگایی دەکرێت. بەلەبەرچاوگرتنی ئەم گریمانەیە دەمەوێت گەمەیەک لەنێوان ژیانی نووسەری “سڕبوونی ڕەنگ” و “دلاوەر”ی پاڵەوانی ڕۆمانەکەدا بکەم. نووسەر وەکو لە گریمانەکەوە دەردەکەوێت بەبێ ویستی خۆی فڕێدراوەتە نێو “زیندانی ژیان”ـەوە، کە دەتوانین بە “زیندانی گەورە” ناوی بەرین. دلاوەر؛ پاڵەوانی ڕۆمانەکە (دیسان بە لەبەرچاوگرتنی گریمانەکە) لەنێو ئەم زیندانە گەورەیەدا جارێکی دیکە زیندانی دەکرێتەوە و 18 ساڵ لە زیندانەکانی ئێراندا دەبێت، کە دەتوانین بە “زیندانی بچووک” ناوی بەرین. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت مرۆڤ لەنێو زیندانێکی گەورەدا مەحکومە بە ژیان و لەنێو ئەو زیندانە گەورەیەشدا زنجیرەیەک زیندانی جۆراوجۆری بچووک هەیە وەک “خێزان، حزب، نەتەوە، قوتابخانە” دەیانی دیکە، کە مرۆڤەکانی بۆ ئامادە دەکرێن و بە ویست، یان بەبێ ویستی خۆیان دەچنە نێو ئەو “زیندانە بچووکانەوە”. لێرەوە کاری نووسەران و هونەرمەندان دۆزینەوەی مانایە لەنێو ئەم زیندانانەدا.
نووسەری سڕبوونی ڕەنگ، لە ڕێی نووسینەوە (ئەم ڕۆمانە بە نموونە) هەوڵی دۆزینەوە و گەڕان بەدوای مانادا دەدات، چونکە چەکی نووسەر بۆ گەڕان بەدوای مانادا، نووسینە. واتە پرۆسەی نووسین یەکێکە لەو سەرچاوانەی مرۆڤ هەر لەسەرەتاوە بۆ مانابەخشین بە ژیان پەنای بۆ بردووە. من کاتێک ئەم دێڕانە دەنووسم دەمەوێت لەڕێی هەڵکۆڵینی ئەم تێکستەی “فەرهاد مستەفا”وە واتایەک بە ژیانم ببەخشم، یان لانیکەم لێی ڕابمێنم. بەڵام نووسەر لە ڕۆمانەکەدا دەیەوێت لەڕێی پاڵەوانی ڕۆمانەکەوە لە زیندانە گەورەکەوە بەرەو زیندانێکی بچووک هەنگاو بنێت و ئەوێ بپشکنێت و پرسی واتای ژیان لەنێو ئەو عەبەسیەتەی ژیان هەیەتی هەڵبکۆڵێت ئەو کردەی هەڵکۆڵینەش بە دلاوەری پەیکەرتاش دەکات.
دەتوانین جۆرێک لە هاوشووناسی نێوان “دلاوەر/نووسەر” بدۆزینەوە، بەو پێیەی هەردووکیان سەرقاڵی کاری هونەریین و ئەمەش پردی پەیوەندی نێوان ئەم دوو کەسەیە. ئەم پەیوەندییە دەکرێت ببێتە خاڵێک بۆ ئەوەی دلاوەر وەکو نمایندەی نووسەر ببینین و لەوێوە بپەڕێتەوە بۆ زیندانە بچووکەکەی بوون. لە سەرەتادا باسمان لەوە کرد کە نووسەران هەوڵی ئەوە دەدەن لەڕێی بەگەڕخستنی هێزی خەیاڵەوە بچنە ئەو جێگایانەی کە دەیخوازن و دانتێ هەر لەڕێی هێزی خەیاڵ و کردەی نووسینەوە هەریەک لە “دۆزەخ، بەرزەخ، بەهەشت”ی تەی کرد. ئەفلاتوون کۆمارێکی خوڵقاند، کە خۆی خەونی پێوە دەبینی. بۆیە فەرهاد مستەفاش دەیەوێت لەڕێی کاراکتەری “دلاوەر”ەوە بەرەو ئەو جێگایانە بڕوات، کە ژیان تێیدا سڕبووە و دەیەوێت لە واتای ژیان لەنێو ئەو سووڕی سڕبوونەدا ڕابمێنێت، لەو جێگایانە ژیان هێندە تەنگە مرۆڤ بە ئەستەم هەناسەی بۆ دەدرێت.
دلاوەر لەنێو زینداندا بەر مرۆڤگەلێکی سەیر و جیاواز دەکەوێت، کە لە ژیانی ئاساییدا بەریان نەکەوتووە، بەڵام ناسینی سەرهەنگ ڕەفیعی دونیایەکی دیکە بۆ دلاوەر دەکاتەوە، کە هونەر دەتوانێت دوژمنەکان ئاشتبکاتەوە و جیاوازی لەنێوان ڕەگەز و نەتەوەش نەهێڵێت. هونەر دەتوانێت ڕامانبچڵەکێنێت و لە ئاستیدا هەڵوێستە بکەین. وەختێک یەکەمین پۆرترێتی عەقید غەسانی شێت بوو دەکێشێت، پۆرترێتەکە یان کارە هونەرییەکە دیلەکان ڕادەچڵەکێنێتەوە کە دیسانەوە هەست بەبوونی عەقید غەسان بکەن، بەشێک لە دیلە عێراقییەکان بۆ عەقید غەسان دەگرین و حاجی ماهیر خەباز دەچێتە لای عەقید و دەستی ماچ دەکات و عاسی نەوافی دیل، ئێخە داچەکاوەکەی ناو پۆرترێتەکە دەبینێت، دەچێت ئێخەی عەقید ڕێکدەخاتەوە. کە بەدرێژای ڕۆمانەکە چەندینجار بەو چەشنە گرتە و دیمەنانە ئاشنا دەبین و دەگەینە ئەوەی بڵێین تەنانەت جەللادەکانیش ناتوانن چاو لە بەرزی هونەر و ماهیەتی هونەر بنوقێنن، گەرچی تا دواسنوور بیانەوێت ئەو شکۆیە لە هونەر بستێننەوە یان بیسڕنەوە. بەواتە هونەر دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو دونیای هونەر و لەو بێماناییەی ژیان بێتەدەرەوە.
کەواتە ئەگەر گەڕانی گیلگامێش لە مێژوویەکی دێرینەوە، یان وەکو یەکەم کەس بەدوای نەمرییەوە بووبێت ئەوا پرۆسەی نووسین و کاری هونەریش بەدرێژایی سەدەکان جگە لەوەی واتا بەخشینە بە بوونێکی پووچ، هاوکات جۆرێکە لە بەدەستهێنانی نەمریی بۆ مرۆڤ و بەشێکی زۆری مرۆڤەکان حەزی نەمرییان بەم کارانە پڕ دەکەنەوە. هەر لەبەرئەوەیە کە سەرهەنگ ڕەفیعی، پلەوپایەی خۆی لەیاد بکات و یەقینی بەوە هەیە داخوازی لە دلاوەر بکات “دەمەوێت ڕۆحێکم بۆ زیندوو بکەیتەوە، هەرگیز نەمرێت. ڕۆحێک بۆ هەتا هەتایە بژی.”(11)
دلاوەر نموونەی مرۆڤێکە کە لە هەناوی نائومێدییەکی قووڵەوە لەدایکبووە و ئەمەش بە وردی هەست بە تێگەیشتنی لە واتای ژیان دەکەین ئەوکاتەیشی مورادی (خزمەتکاری ماڵی سەرهەنگ ڕەفیعی) گومانی ڕاکردنی لەلا دەڕسکێت و پێیوایە باشترین دەرفەتی لەبەردەستدایە بۆ ڕاکردن. دلاوەر زۆر بێباکانە بەخۆی دەڵێت “دوای چی؟ بەرەو کوێ؟ بەرەو ئازارێک بچم، کە بەرگەی ناگرم.”(12) دلاوەر وشیارە بەوەی لە زینداندا چی دەکات و ئایندەشی چییە؟ بەڵام هەڵهاتن لە زیندان چی پێ دەبەخشێت؟ ئەوەی دەپرسێت بۆ کوێ؟ نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی دیسان بۆ نێو زیندانێکی دیکە، بەڵام سیخناخ لە ترس. واتە دلاوەر لە زیندانی ئێستایدا تەنها زیندانییەکە، دواتر ڕاکردنی لەم زیندانە و ڕۆیشتنی بەرەو دەرەوەی،دەکەوێتەوە نێو زیندانێکی دیکە “زیندانە گەورەکە”، کە ئەمجارەیان “ترس”یشی بۆ زیاد کراوە.
نووسەر پرسی مانای ژیان دەبەستێتەوە بە پرسی مرۆڤبوونەوە و لە جێگەیەکدا لە زاری کاراکتەرێکەوە بەناوی باوکی خلوودەوە دەڵێت “ئەم سەرزەمینە پڕە لە مرۆڤ، بەڵام مرۆڤی ڕاستەقینە دەگمەنن. ئەو مرۆڤەی تەواوی خواستەکانی لە کۆکردنەوەی سامان، یان دەسەڵات، یان سێکسدا کۆدەکاتەوە نیمچە مرۆڤن.”(13) لێرەوە تێدەگەین ئەوەی نووسەر دەیەوێت ئەوەیە، کە بۆ دۆزینەوەی واتایەک بۆ ژیان گرنگە مرۆڤەکان نیمچەمرۆڤ نەبن.
گەمەیەکی سەرنجڕاکێش لەم ڕۆمانەدا ئەو خاڵەیە کە فەرهادی ڕۆماننووس تەنها لە دەرەوەی دەقەکە نییە، بەڵکو سێبەری خۆی دەنێرێتە نێو دەقەکە و لەڕێی هومایۆنەوە چیرۆکی دلاوەر دەنووسێتەوە. بۆیە لەنێو ڕۆمانەکەدا هەست بە کۆمەڵێک بۆچوونی جۆراوجۆر سەبارەت بە نووسین و خوێندنەوە و پەیوەندی مرۆڤ بە دونیای نووسینەوە دەکەین، کە نووسەر ویستوویەتی ئەم پەیامانە لەڕێی هومایۆنەوە بگات. لە جێگەیەکدا لە زاری هومایۆنەوە دەڵێت “مرۆڤ ئەوە نییە لە تەنیشت گوڵەکانەوە ڕەسم بگرێ و بۆ تەنیایی خۆی نیگەران بێ، یان کە کەوچکەکەی برد بۆ دەمی مڵچە نەکات. دەمەوێت ئەو بۆگەنەی لە بەیانیاندا لە دەمیایەتی ئەوە بخەمەڕوو. دەمەوێت مرۆڤی ڕاستەقینە بنووسمەوە، نەک بێ هیچ زەمینەیەک لە شەقەی باڵ بدات.”(14)
یەکێک لەو خاڵانەی دەبێتە واتایەک بۆ ژیان نووسینەوەی دیوە ڕاستەقینەکەی مرۆڤە، نەک دیوە ساختەکەی. هومایۆن دەیەوێت بە دیوە ڕاستەقینەکەی مرۆڤ بگات، نەک ئەو دیوەی ماکیاژکراوە و وێنەیەکی دروستکراوە نەک وێنە ڕاستەقینەکە. لێرەوە ئەم بیرۆکەیە سەر دەکێشێت بۆ بەرپرسیارێتی نووسەر لە بەرامبەر ئەو پەیامانەی دەیەوێت بیگەیەنێت، ئایا دیوە ڕاستەقینەکە دەگەیەنێت، یان دیوە ساختەکەی ژیان؟
ئەگەر سەیری سووڕی بوون بکەین لە ڕۆمانی “سڕبوونی ڕەنگ”دا هەست بە سووڕێکی سەرنجڕاکێش دەکەین بەو پێیەی ئێمە تەنها دەرگیری دوو زیندان نین، بەڵکو دەرگیری زیندانێکی دیکەیشین، کە من بە “زیندانی خودی” ناوی دەبەم. ئەم زیندانە خودییە پێکهاتووە لە “خۆسانسۆرکردن”.مرۆڤەکان بەشێکی زۆری ژیانیان لە خۆسانسۆرکردندا بەسەر دەبەن، بۆیە ئەمەش دەبێتە جۆرێک لە زیندانی خودی و دەتوانین سەرنج لەم هێڵکارییە بدەین:
وەک لە هێڵکارییەکەدا دەردەکەوێت “بوون” زیندانێکی گەورەیە و سەرەتا نووسەری تێدا زیندانی کراوە. نووسەر کاراکتەرەکەی بەرەو زیندانی ئێران ڕەوانە دەکات، کە زیندانێکی بچووکە لەچاو زیندانە گەورەکەی ژیان. هاوکات مرۆڤ لەنێو خودی خۆیدا جۆرێک لە زیندان دروست دەکات بۆ ئەو وشە و خەون و بۆچوونانەی دەخوازێت بیڵێت و ناتوانێت بیگەیەنێت. ئەم بابەتە لە ڕستەیەکدا لە ڕۆمانەکەدا گوزارشتی لێ کراوە، “سانسۆری خودی مرۆڤ ترسناکترە لە سانسۆری سیستمە تۆقێنەرەکان!“(15)
پرسی نەمری و خواستی مرۆڤ بۆ بەردەوامی ژیان و بەخشینی مانایەک بە ژیان لە زۆر جێگەی ڕۆمانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە و لە جێگەیەکدا سەرهەند ڕەفیعی دەڵێت “دەزانم تەمەنم پێنج سەد ساڵیش بێت، بەشی بەجێهێنانی خواستەکانم ناکات.”(16) بەڵام پرسی ئەوەی مرۆڤ بەچی دەگات بە نەمری پرسێکە لەم ڕۆمانەدا لە گەلێک جێگەدا نووسەر لەبارەیەوە دواوە و لە جێگەیەکدا دەنووسێت “مایکڵ ئەنجیلۆ مرد، پەیکەری موسا مایەوە. سەیر نییە مرۆڤ هێندەی بەیتە شیعرێک زەمەنەکان تێنەپەڕێنێت؟ ئەوەندەی تابلۆیەک کلکلانێی بێباکی تێپەڕینی چاخەکانی بۆ نەکرێت؟”(17)
ژیان ئەگەر هەمیشەیی نییە بۆ دەمانەوێت هەمیشەیی بێت؟ ئایا نەمریی مرۆڤ بە کوێی دەگەیەنێت؟ ئایا ئەگەر ژیانێکی نەمرانە هەبوایە، ژیان هیچ واتایەکی دەبوو؟ بێگومان ئەم پرسیارانە هەڵقوڵاوی نێو هەناوی ڕۆمانەکەن و نووسەر لەپشت دێڕەکانەوە شاردوونیەتەوە. بەڵام ئایا وەڵامەکانی لە کوێ دەست دەکەوێت؟
یەکێک لە داڕێژەرە نوێکانی تیۆری مانای ژیان “ڤیکتۆر.ئی. فرانکل”ـە، کە پزیشکی دەروونی بووە لە کەمپەکانی نازییەتدا ئەو بەپێی وردبوونەوەی لە ژیانی ئەو کەسانەی لەو کەمپانەدا بوون تیۆرەیەکی داڕشتووە، کە تێیدا دەڵێت “ئەگەر ژیانی هەتا هەتاییمان هەبێت بەردەوام کارەکانمان پشتگوێ دەخەین، چونکە هاندەرێکمان بۆ دەست بەکاربوون نییە. بەو شێوەیە لە ئەنجامدا هەرگیز کارێک ناکرێ و ژیانمان بێ مانا دەبێت، بەڵام بە وتەی ئەو ئەگەر ماوەیەکی کورت و سنووردارمان بۆ ژیان لەبەر دەستدا بێت، ئەو شتە هانمان دەدات کەڵک لە هەموو ژیانمان وەربگرین.”(18) کارڵ پۆپەریش هەمان بۆچوونی فرانکل دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت “هەر ئەو مەترسی هەمیشەیی لەدەستدانی ژیانەیە کە یارمەتیمان دەدات قەدر و بایەخی ژیان بزانین.”(19) بەڵام کێشەی ئەم تیۆریە ئەوەیە، کە تەنها نموونەی لە مرۆڤانی کەمپەکانی نازی وەرگرتووە و ئەوەشی بۆ تەواوی مرۆڤەکانی تر تەعمیم کردووە. لەڕاستیدا ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی مانا بەخشین بە ژیان مردن بێت، کە لێرەدا پۆپەریش دەکەوێتە هەڵەوە کە هەمووی واتا بەخشینێک بە ژیان بە مردنەوە گرێدەدات و ناکرێ تەواوی هۆکارەکانی مانابەخشین بە ژیان لە مردندا کورت بکەینەوە. ئەو بۆچوونەکەی کە ئەگەر مردن نەبوایە کارەکانمان دوا دەخست بۆ هەموان دروست نییە، بەڵکو تەنها بۆ ئەو مرۆڤانە دروستە کە هەر لە بنەماوە هەڵگری مانایەک نین بۆ ژیان.
با سەرنج لەم پارچەیە بدەین لە نێو ڕۆمانەکەدا، نووسەر لە زاری یەکێک لە کاراکتەرەکانەوە ئەوە دەخاتەڕوو کە “مردن”ی بە دایکی داهێنان و هەوڵی مرۆڤەکان لێکدەدایەوە و دەیوت “هەموو داهێنان و دۆزینەوەیەک بە خاتری کردنەوەی لوغزی مردنە و ڕاکردنە لە مردن. هەوڵدانە بۆ نەمری”.(20) لێرەدا دیدگای ئەم کاراکتەرە لەگەڵ د. فرانکلدا یەک دێتەوە.
برووک ئالان تریزێل لە وتارێکدا بەناونیشانی “ئایا مەرگ مانا بە ژیان دەبەخشێت؟ سەرەتا ئەو بیرۆکەیە دەخاتەڕوو، کە مەرگ واتا بە ژیان دەبەخشێت و دەڵێت “ئەگەر نەمر بووباین، بێ هاندەر دەبووین. بەڵام لە دواتردا بە وردبوونەوە لە ژیانی ئەنیشتاین و ماندێلا بیرۆکەکە کاڵ دەکاتەوە بەتایبەت لەو جێگەیەدا کە دەڵێت “ئانیشتاین و ماندێلا ژیانێکی پڕ مانایان بوو، بەڵام هاندەر بۆ ئەوان فاکتەرگەلێک بوون کە لەگەڵ ئاگامەندی مردن، یەک نین و جیاوازن. دەروونناسان جیاوازی دەخەنە نێوان هاندەری دەروونی و دەرەکی. زانین و ناسینی جیاوازییەکانی ئەو دوو جۆرە هاندەرە یارمەتیمان دەدات، کە دەریبخەین ئاگامەندی لە مردن شتێکی ناچار و پێویست نییە بۆ ئەوەی ژیانی مرۆڤ مانادار بێت.”(21) لێرەدا دیسان دەگەینەوە ئەو خاڵەی مەرج نییە مردن ئەو پاڵنەرە سەرەکییەی مرۆڤ بێت بۆ مانادارکردنی ژیانی. هەر پەیوەست بەم کێشەیەوە وتارێکی بێرنارد ولیامز بەڵگە ئەپیکۆرییەکانی دەهێنێتەوە و دەیخاتە بەرباس و لێکدانەوە لە ژێر ڕۆشنایی ئەواندا کۆمەڵێک ئەنجامگیریی دەکات و لە جێگەیەکدا دەڵێت “نەمربوون یان حاڵەتی نەمانی مەرگ، مانایەکی تێدا نییە و پێموایە مەرگ بەجۆرێک مانا دەدات بە ژیانی مرۆڤ.”(22) بەڵام ولیامز ئەم مانا بەخشینەی مەرگ بە ژیان ڕوون ناکاتەوە و بۆیە “برووک ئالان” لە هەمان وتاردا کە ئاماژەمان بۆ کرد وەڵامی دەداتەوە و دەنووسێت “ئەگەر کەسێک کە دەمرێت لە ژیانیدا هیچ کارێک نەکات جگە لەوەی قامکە گەورەکەی دەستی بۆ گەمە بە دەوری یەکدا بسووڕێنێتەوە ژیانی هەر بێ مانا دەبێت. کاتێکیش کەسێکی ئاوا دەمرێت مەرگ بە هیچ جۆرێک مانا بە ژیانی ئەو نابەخشێت.”(23) بۆیە لە دواتردا ئەنجامگیرییەک دەکات و دەنووسێت “هەموو ژیان وەکو کۆیەک هەڵگری مانایە.”(24) لێرەوە دەکرێت بڵێین هەموو جوڵەیەکی مرۆڤ بەرەو چالاکییەکی مرۆیی و ژیاریی جۆرێکە لە مانا بەخشین بە ژیان.
لە ڕۆمانەکەدا نووسەر تەنها دلاوەری پەیکەرسازی بەدوای مانای ژیاندا وێڵ نەکردووە خزمەتکارێکی وەکو مورادیش ئەگەرچی سەروکاری لەگەڵ هونەر و ئەدەب نییە، بەڵام پووچی ژیان فێری ئەوەی کردووە پرسیار لە بوونی خۆی بکات و لە جێگەیەکدا دەپرسێت “من چی بکەم کە نازانم خودا بۆچی دروستی کردم؟”(25) ئەم پرسیارەی مورادی چەند سادەیە هێندە گرنگ و پڕ بایەخە، کە مرۆڤ بێهودە و بێهۆ بۆ ناو ئەم ژیانە فڕێ دراوە و داوای پەرستشی لێ دەکرێت هەر بۆیە مورادی لە دواتردا دەڵێت “پەرستنی من چی لەو زاتە مەزنە دەگۆڕێت؟”(ڕۆمانەکە) ئەمەش دیسان پرسیارێکی گرنگە کە لە کۆمەڵگە ئایینییەکاندا لە پرسیارە قەدەغەکانە و گومان دەخاتە سەر ئەو هەموو پەرستشە بەردەوامە ئایینەکان بەسەر مرۆڤیدا دەسەپێنن. لێرەوەیە ڕۆمانەکە لە دەقێکی ئاساییەوە دەبێتە دەقێک کە هەموو ڕەهەندەکانی بۆ خوێنەر ئاشکرا نابێت و لە هەندێک جێگەدا خوێنەر لەنێو ئەو تەونە جاڵجاڵۆکەی تەکنیک و مانایەدا ون دەبێت، بۆیە دەتوانین پڕکێشی ئەوە بکەین ئەم ڕۆمانە بۆ هەموو خوێنەرێک نەنووسراوە، بەتایبەت خوێنەرگەلێک کە بە کڵێشەیەکی تایبەتەوە بەدوای دەقی ڕۆمانەوەن، چونکە ئەم ڕۆمانە دژی هەموو کڵێشەسازییەکی ئاساییە و هەڵگری تایبەتمەندییەکی دیکەیە، کە لە دەقی دیکەدا بەری ناکەوین. هەر لێرەوەیە کە دەکرێت باس لە چڕکردنەوە بکەین کە نووسەر بە کەڵکوەرگرتن لەو ئەزموونەی لە چیرۆک و کورتەچیرۆکدا هەیەتی لەم ڕۆمانەشدا بە چڕکردنەوە دیالۆگ، یان چەند ڕستەیەک هەڵگری چ ئاڵۆزی و مانایەکی قووڵ و گرنگە کە شایستەی تێڕامان و وردبوونەوە و شرۆڤەکردنە.
جوڵەی فەرهاد مستەفا لەنێو دونیای نووسین و بەرهەمهێنانی ئەم تێکستە جۆرێکە لە گەڕانی فەرهاد بۆ دۆزینەوە و بەخشینی مانایەک بە ژیانی. هاوکات جوڵەی “دلاوەر” کاراکتەری سەرەکی نێو ڕۆمانەکە لەنێو جیهانی هونەردا دیسان ئەویش هەوڵن بۆ دۆزینەوەی مانا لەنێو ژیاندا. بەڵام دەکرێت بپرسین زیندانبوونی دلاوەر لەپێناو چیدایە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە بەشی دواتردا هەوڵی وەڵامدانەوەی دەدەین.
سیزیف لە زینداندا
ئایا مرۆڤ لە زینداندا لەنێو ژیانێکی دووبارە و وەڕسکەردا نابێتە سیزیف؟ سیزیفێک کە هەموو ڕۆژێک بەردێک بباتە سەر شاخێک و لەوێوە بگەڕێتەوە بۆ هەمان شوێن و ڕۆژی دواتر ئەو کارە دووبارە بکاتەوە تا وادەی زیندانییەکەی بە کۆتا دەگات. بەڵام ئایا مرۆڤ هەر تەنها لە زینداندا دەبێتە سیزیف؟ یان لەنێو زیندانە گەورەکەشدا (بوون) لەوێش دیسان سیزیفێک نییە؟ کە بەردەکەی بە کۆڵەوەیە و هەمان کار دووبارە دەکاتەوە؟ تاکە ڕوانینێکی گونجاو بۆ مرۆڤ لامپەسەند بێت ئەو ڕوانینە سیزیفیەیە، کە مرۆڤی تێدا دەبینمەوە. مرۆڤ بوونەوەرێکی ئازاد نییە نە لەنێو ئایینەکاندا و نە لە دەرەوەی ئایینەکان و نە لەنێو ئایدۆلۆژیاکانیشدا، بەڵکو مرۆڤ بوونەوەرێکە مەحکومە بە کۆمەڵێک جووڵە، کە ناچارە دووبارە و سەدبارەی بکاتەوە، کە نەوەکانی پێش و دوای ئەویش هەمان کار و جووڵەیان دوووبارە کردووەتەوە، بەڵام دەکرێت بپرسین مرۆڤ چۆن دەتوانێت بەردەوام بێت لە ژیان؟ لە دواتردا پرسیارەکە وردتر دەکەینەوە “دلاوەر” چۆن دەتوانێت بەردەوام بێت لە ژیان و 18 ساڵ زیندانی تێپەڕێنێت؟
فریدریش نیتچە لە زمانی زەردەشتەوە دەڵێت “ئەوەی وامان لێ دەکات لەسەر ژیان بەردەوام بین، خۆشەویستی ژیان نییە، بەڵکو ئەوەیە خوومان پێوە گرتووە.”(26) ئەم گوتەی نیتچە لە زاری زەردەشتەوە تاڕادەیەک وەڵامی ئەو پرسیارەیە، کە ئەگەر ژیان پووچە مرۆڤ بۆچی خۆی ناکوژێت و دەشێ یەکێک لە هۆیەکانی خۆنەکوشتنی خووپێوەگرتنی ژیان بێت، بەڵام هەموو هۆکارەکانیش نییە. ئەلبێر کامۆ ئەم کێشەیە دەباتەوە نێو پوچی ژیانەوە ودەڵێت “جیهان پووچە، بەڵام من لەوەدا پەلەم کرد. ئەم جیهانە خۆی لە خۆیدا مەعقول نییە. هەر دەتوانم ئەوەندە بڵێم. بەڵام پووچی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نامەعقولەییە و هەڵوەدابوونە بۆ ڕوونییەکە لەناو دڵی مرۆڤدا دەنگدەداتەوە. بۆیە پووچی هەم بە مرۆڤەوە بەندە هەم بە جیهانەوە.”(27) پووچی جیهان و خووگرتنی مرۆڤ بە ژیانەوە دوو بەهانەن بۆ ئەوەی مرۆڤ ناچارانە و سیزیف ئاسا بەردەوام بێت لە ژیان، بەڵام بەردەوامبوونێک بەبێ چالاکی نا، چونکە هەر خودی کامۆ لە جێگەیەکی دیکەی ئەفسانەی سیزیفدا ئەوە دەخاتەڕوو، کە بەرزترین پلەی شادی مرۆڤی پووچگەرا “داهێنان”ـە. لێرەدا کامۆ نزیکە لەو بۆچوونەی نیتچەوە کە دەڵێت “هونەر و بەتەنها هونەر، ئێمە هونەر شک دەبەین، تا حەقیقەت نەبێتە مایەی مردنمان.”(28) کامۆ ئەم کاریگەرییەی نیتچەی لەسەر بۆچوونەکانی نەشاردووتەوە و لە پێشەکی کتێبەکەشدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە بە سوودوەرگرتن لە بۆچوون نووسەران و بیرمەندان کتێبەکەی نووسیوە. لە دواتردا کامۆ پەیوەست بەم بابەتەوە دەڵێت “ئەگەر ئەم جیهانە ڕوون بوایە هونەر نەدەبوو.”(29)
ئێستا دەکرێت بەدوای وەڵامی ئەوەوە بین دلاوەر چۆن بەرگەی ئەو 18 ساڵە زیندانییە دەگرێت؟ مرۆڤ بوونەوەرێکە توانای ڕاهاتنی بە شت و بارودۆخەکان هەیە و لە زۆر حاڵەتیشدا لە چەشنی حاڵەتی دلاوەر ناچارە ڕابێت و خوو بەو ژیانەوە بگرێت کە بەسەریدا سەپێنراوە. ئیدی لێرەوە ژیانی دەبێتە جۆرێک لە دووبارەبوونەوەی بەردەوامی ڕۆژانە و چەشنی سیزیف لەبری بردنە سەرەوەی بەردەکە بۆ سەر شاخەکە، ڕۆژەکان دەژمێرێت. هونەر و دەستڕەنگینی کارگەلێکن کە فریای دەکەون بۆ ئەوەی لەو کەمێک ڕیتمی ئەو ژیانە سیزیفییە تێکبدات و تا کۆتایشدا درککردنی سەرهەنگ ڕەفیعی بەوەی کە دلاوەر پەیکەرتاش و دەستڕەنگینە ئیدی دەروازەی ماڵی ڕەفیعی بۆ دەکرێتەوە.
کاتێک دلاوەر دوای 18 ساڵ لە زیندانبوون. زیندانبوونێک بەبێ ئەوەی تاوانێکی کردبێت، دلاوەر چەشنی “ک”ی نێو ڕۆمانی دادگایی کافکا هیچ تاوانێکی نەکردووە، بەڵام گیراوە و کەوتووەتە زیندانێکەوە دوای 18 ساڵ لە زیندان دێتە دەرەوە، بەڵام دلاوەر هەست بە هیچ خۆشی و بەختەوەرییەک ناکات، هیچ شتێک ئومێدبەخش نییە تا ئەو بۆی دڵخۆش بێت، بۆیە کاتێک کە هاوڕێ دیلەکانی دەگەنەوە خاکی وڵات و خاکەکە ماچ دەکەن ئەو “نەکەوتەسەر چۆک و خاکەکەی ماچ نەکرد؟!”(30) لەم کۆتا ڕستەیەدا نووسەر پێمان دەڵێت خاک پیرۆز نییە، ئەوەی پیرۆزە ئینسانە، کە ژیانی بە هەدەر چووە. ئەوەشی وا لە دلاوەر دەکات، کە خاکەکە ماچ نەکات وشیارییەتی بەرامبەر بە ژیان. لێرەدا ڕۆماننووس ئەو هاوکێشەیە پێچەوانە دەکاتەوە، کە خاک پیرۆزترە لە مرۆڤ، بەڵکو خاک لە ڕێی ئامادەیی مرۆڤەکانەوە دەتوانێت هەست بە زیندوێتی بکرێت، نەک مرۆڤ بەبێ خاک. لە هاوکێشەکانی پێشوودا (بڕوا باوەکەی نێو ڕوانینی شۆڕشگێڕەکان) هەمیشە خاک پیرۆزێنراوە و بە سەدان و ملیۆنان مرۆڤی کراوە بە قوربان و بە هەزاران کەس خۆیان بۆ بەخت کردووە، بەڵام ڕۆماننووس دێت و لەڕێی دلاوەرەوە جارێکی دیکە مرۆڤ دەکاتەوە بە سەنتەر و ناهێڵێت سوژدە بۆ خاکەکە بەرێت و ماچی بکات، بەڵکو ئەوەی لە پشت دێڕەکانەوە دەخوێنرێتەوە ئەوەیە، کە دەبێت خاکەکە بێت و دەستی ئەو ماچ بکات کە 18 ساڵی ژیانی لەپێناوی ئەودا بەخشیوە. دلاوەر ئەو سیزیفەیە کە لەبری بەرد خاکەکەی بەکۆڵەوە بووە و بە دیوێکی دیکەدا، ئەوە دەخوێنینەوە کە لەسەر ئەو خاکەش سزا دراوە، کە بەرگری لێ کردووە.
بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا دلاوەر نوێنەری چییە؟ ئایا تەنها نوێنەری هونەرمەندێکی بەدیلگیراوە لە زینداندا، یان نوێنەری هەموو مرۆڤێکە لە زینداندا؟ ئایا خودی ژیان جۆرێک لە زیندان نییە، بەڵام لە ڕووبەرێکی گەورەتردا؟ بێگومان بە وردبوونەوەی زۆر لە ژیان هەست بەو زیندانبوونە دەکەین، بەڵام زیندانبوونێک بە کەمێک ئازادیی سنووردارەوە، چونکە ئەوەی دەمانگەیەنێت بە ژیان بە ویستی خۆمان نییە، ئەوەشی دلاوەر دەگەیەنێت بە زیندان بە ویستی خۆی نییە، هەروەها تۆمەتباریش نییە بە کردنی تاوانێک. بۆیە زیندانبوونی دلاوەر تەنها زیندانبوونێکی ئاسایی دیلێکی کورد نییە، بەڵکو وێنەکە گەورەترە، بەڵکو دەشێ میتافۆڕێک بێت بۆ زیندانبوونی مرۆڤ لەم ژیانە فانییە. بەڵام دلاوەر بۆ ئەوەی بەرگەی زیندان بگرێت هێز لە هونەر وەردەگرێت، ئەو ئەگەرچی ساڵانێکی زۆر زیندان هونەریی بیر دەباتەوە و لە جیهانەکەیدا سڕ دەبێت، بەڵام هەر لە زیندان هونەر فریای دەکەوێت، کە کەمێک جیاوازتر بێت و ببێتە جێی سەرنجی سەرهەنگ ڕەفیعی و تا بگات بەوەی داوەتی ماڵی خۆی بکات بۆ دروستکردنی پەیکەرێک بۆ باوکی.
هونەر لێرەدا وەکو جۆرێک لە واتابەخشینێک دەردەکەوێت بە ژیان، بە ژیانێک کە گەمارۆدراوە و ئەگەر هونەری تێدا نەبێت تا پلەی خنکان دەڕوات، ئەوەی وا دەکات هونەرمەندان نەخنکێن (چەشنی دلاوەر) هونەرە. هونەر ئەو جێگەیەیە کە وا دەکات مرۆڤ بەدوای واتایەکی دیکەدا بگەڕێت بۆ ژیان، یان بەردەوام بەدوای واتای نوێوە بێت بۆ ژیان. لێرەوەیە کە بۆ “فەرهاد”ی نووسەریش نووسین دەبێتە جۆرێک لە واتا بەخشین بە ژیان و وەرگرتنی هێزێک لێیەوە تا لەنێو ئەم بوونە فانییەدا نەخنکێت. وشە و ڕەنگ دەرچەی سەرەکی هەناسەدانی فەرهادی نووسەر و دلاوەری نیگارکێشن.
بەرلەکۆتایی
نووسەری مەغریبی لە ڕۆمانی “چەنەبازەکان”دا لەزاری کاراکتەری سەرەکییەوە قسەیەکی سەرنجڕاکێش دەکات لەوێدا دەڵێت “مردن نامتۆقێنێ، ئەوەی دەمتۆقێنێ ژیانە!” زۆرجار ژیان گەلێک تۆقێنەرترە تا ئەو ترسە هەمیشەییەی مرۆڤ لە مردن هەیەتی. هاوکات “ئیڤان کلیما” قسەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە لە پەیوەند بە نووسین و مردنەوە ئەو دەڵێت “مرۆڤ دەنووسێ تا نکۆڵی لە مردن بکات، مردن کە ئەم هەموو ڕووخسارە جیاوازە بە خۆوە دەگرێ.” نکۆڵیکردن لە مردن گەڕانێکە بەدوای مانایەکدا بۆ ژیان. بەڵام هەندێکجاریش مەرگ مانایەکی تەواوەتییە بۆ ژیانی مرۆڤێک. واتە تا ئەو کەسە لە ژیاندایە بەهای ڕاستەقینە و پێگەکەی دیار نییە، بەڵام مەرگ دێت و ئەو پێگە و بەهایەی دیاری دەکات.
ڕۆمانی “سڕبوونی ڕەنگ” سکاڵانامەی نووسەرە لەبوون و سەرگەردانییەکانی مرۆڤ کە بەبێ ویستی خۆی فڕێدەدرێتە نێو ژیانەوە و لەنێو ئەو ژیانە زۆرەملێیەشدا لە هەموو لایەکەوە “ئایین، کولتوور، ئایدۆلۆژیاکان” و چەندین شوێنی دیکە، کۆتی دەکەنە پێی. “سڕبوونی ڕەنگ” بە مانا “کۆندێرا”ییەکەی پشکنینی دیوێکی پەنهانی بوونە، کە هەم مێژووی ئێمە فەرامۆشی کردووە، هەم ئەدەب و هونەری کوردی کەمترین ئاوڕی لەو بابەتە داوەتەوە، کە هونەر لەنێو بوونێکی سڕ و ژیانێکی متدا دەبێتە تاکە واتایەک کە مرۆڤ هەست بە بوونی خۆی بکات وەکو بوونەوەرێکی بەرهەمدار.
ئەوەی لە سڕبوونی ڕەنگدا بەری دەکەوین تەنها دیرۆکی دلاوەر نییە، بەڵکو دیرۆکی مرۆڤە لە هەموو سەردەم و زەمانێکدا بەڵام فۆڕمەکانی ژیان و سیزیفبوون و کۆتکردنی گۆڕاون.
سەرچاوە و پەراوێز:
1-کۆمەڵێ نووسەر، لەگەڵ عەقڵی خۆرئاوادا، و: ئازاد بەرزنجی، دەزگای چاپی پەخشی سەردەم، چاپی دووەم 2021، ل371
2-تێری ئیگڵتۆن، واتای ژیان، و: عەبدولخالق یەعقووبی، دەزگای جەمال عیرفان، چاپی یەکەم2021، ل73
3- فرێدرێک چارڵز کاپلستۆن، مێژووی فەلسەفە، و: مەسعوود بابایی، دەزگای جەمال عیرفان، بەرگی ١/ ل٣٨
4- هەمان سەرچاوە ل52
5- تێری ئیگڵتۆن، واتای ژیان، ل 123
6-هەمان سەرچاوە، ل126
7-فەرهاد مستەفا، سڕبوونی ڕەنگ-ڕۆمان، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی یەکەم 2023.
8-میلان کۆنێرا، هونەری ڕۆمان، و: کەریم پەڕەنگ، دەزگای چاپی پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم 2008، ل47
9- هەمان سەرچاوە…
10- کۆمەڵێ نووسەر، لەگەڵ عەقڵی خۆرئاوادا، ل374
11- فەرهاد مستەفا، سڕبوونی ڕەنگ-ڕۆمان، ل42
12-هەمان سەرچاوە، ل66
13-هەمان سەرچاوە، ل91
14- هەمان سەرچاوە، ل108
15- هەمان سەرچاوە، ل112
16- هەمان سەرچاوە، ل117
17- هەمان سەرچاوە، ل118
18-کۆمەڵێ نووسەر/ مانای ژیان، پێداچوونەوە و هەڵبژاردن: ڕەحمان فەرامەرزی (شۆڕش)، چاپی خانی، سەقز2024، ل40
19- هەمان سەرچاوە، ل44
20- فەرهاد مستەفا، سڕبوونی ڕەنگ-ڕۆمان، ل314
21- کۆمەڵێ نووسەر/ مانای ژیان، ل49
22- هەمان سەرچاوە…
23- هەمان سەرچاوە، ل60
24- هەمان سەرچاوە، ل61
25- فەرهاد مستەفا، سڕبوونی ڕەنگ-ڕۆمان، ل178
26- ئەلبێر کامۆ، ئەفسانەی سیزیف، و: ئازاد بەرزنجی، ناوەندی غەزەلنووس، چاپی یەکەم2014، ل10
27-هەمان سەرچاوە، ل51
28- هەمان سەرچاوە، ل160
29- هەمان سەرچاوە، ل167
30- فەرهاد مستەفا، سڕبوونی ڕەنگ-ڕۆمان، ل364