فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

غەریبانە!

ئەیوب ئەحمەدی تینووکۆکەیی
شاعیر، بۆکان

……………………..

دەمی ئێوارە لە بێدەنگی شەقامێک دەگەڕێم
بە دڵی پڕ له دەوا بۆ کوڵی زامێک دەگەڕێم

گوڵی ئەم شارە هەموو لارەملن چەشنی منن
چ غەریبانه لە دووی توولەنەمامێک دەگەڕێم

کچی بێ نازی غەزەل سەر لە هەشە و غەرقی خەمە
لە نەوای بەرزی وشەی کۆنەمەقامێک دەگەڕێم

لە دەهۆی دەورووبەرم ژەهرە لە جامم دەگەڕێ
بە تەمای مەرگ و ئەجەل لێرە لە کامێک دەگەڕێم

لە بەهای مەرگی دەدەم ژینی وەها پڕ لە خەفەت
بە تەمام نۆشی بکەم بۆیە لە جامێک دەگەڕێم

نییە کەس لێرە که بێژێ چییە ئەسراری ژیان
منی تینوو به غەریبی لە وەڵامێک دەگەڕێم