ئاری ئاغۆک
شاعیر، ھەولێر
…………………..
گەلێجار لەشەڕی شەوە شیعریەکانی تەمەندا
حەرفێک خۆی لێم زيز و بزر دەكات،
وشەیەکیش تاقەت و بڕستم لێ دەبڕێ.
ناچار بۆ دڵنەوایی،
دەگەڕێمەوە باوەشی تەنیایی و
سواڵی پەیڤ و وشە دەکەم.
پاشان چاوشارکێی دوور و درێژ لەگەڵ شیعر دەکەم
ئەو خۆی لە نێو برینی خەمەکانمدا دەشارێتەوە و
کەچی، من لە دەرەوەی بازنە بەدوایدا دەگەڕێم
سەیرە… لەم وەرزە نامۆیەدا
خەریکە من و پەیڤ و شیعر بەیەک ناگەین!
دوای گەڕان و شەكەتیەكی زۆر
ناچار دەگەڕێمەوە دەواری تەنیا
کەچی لەنیوەی ڕێگا
دیسان شیعر زەفەرم پێدەبات
هەر شەوێک سەوزە خەونێکم پێ دەنێژێت
بۆیە دواجار لەدڵەوە بڕیار دەدەم
تخوونی یادەوەرییە جێماوەکان نەکەوم
نامەوێ گوێم لە غەڵبەغەڵب و
فەوزا و درۆی ژیان بێت!
من تەمەنێکم بەشیعرو جوانی بەخشی
نامەوێ بەقوڕگی نووساوەوە
هیچ گۆرانییەکی نەشاز بڵێمەوە!
نامەوێ گوێم لە دەنگ و ناڵەی ئەو (دەف) انەبێ
کە پێستەکەی بە دینارو درهەمی حەڕام کڕدراون!
نامەوێ گوێم لەهیچ بێ!
نا.. نا.. نا.. نامەوێ..

