بەفرين شەرەفکەندی
شاعير و نووسەر، مەهاباد
………………………….
هێرشبەری چەپ نا ڕاستم
دەگەمە هێڵی شەش یاردە
تۆ ناوەڕاستی بەرگری
لەنێوان ناوچەکەی سزا
لێدانی سەر
بەرگریکاری ڕاست نا چەپ
دریبێک و گۆڵکاری وەرز
گــــۆ
ۆ
ۆ
ۆ
ۆ
ڵ
فۆڵ
ڕاهێنەر
و
جنێوێکی بێ شەرمانە و
ناوبژیوان و پشکنینی VAR
0ـــ0
تۆ لە وڵاتی من
من لە یاریگەی خۆم
کاتژمێرەکان چ ناڕێکن
بە کاتی هەتریک کردنم
فیفا
و
گرێبەستێکی بێ واژۆ
بە یاسایەکی نەبەستراو
لە دڵی یاریگەی کاتاپێلێکسی
و
دەستێکی شوشتراو لە خەون
کچ و تۆپی پێیان کوا کوتووە؟! دایکم کوتی
بێ من
یانەیەکی لاواز و …
بێ تۆ
دەروازەیەکی چڕژاو و…
لەسەر هێڵە پێریۆدەکان
خەمۆکن یاریزانەکان
هاندەرکان چ خەواڵوو
زاوەساون هەوادارەکان
دەستەوداوێنی هاریکارن
بۆ تۆزقاڵێک هیپۆکڕاتین
کارەسات نێ؟ بابم کوتی
یاریزان بی
و
هەبێ و نەتبێ
خەڵاتێکی پلاتینیۆمی…
چ ڕاستییەکی نالەبارە
من و تۆپەکەی ژێر پێم
و
گۆڕەپانێکی بێ یاری!