سەلما تۆما کاکۆ
شاعیر و نووسەر، ئەڵمانیا
…………………
ئازیزەکەم
دەوەرەو ببە بەخۆرێ
لەئاسمانی عیشقی منا
مەهێڵە هەوری دابڕان
فرمێسکم پێ ببارێنێ
گشت بەیانیان تینی سۆزت
با ڕووم تێکا و
وەك نازنازی ڕووەو خۆری
هەیوانەکەم وەمگەشێنێ!!
هەر کات بینیت
ئومێدی ئاسۆی خۆشیم وا
بەرەو کزی هەنگاو دەنێ
دەبا تیشکت
لەبارانی خۆشەویستی
پەلکە زێڕینەم بۆ بچنێ
وەك ملوانکە
لەگەردنم بئاڵێنێ
٭ ٭ ٭
دە وەرەوە..
بابڵێسەی هەورە تریشقەی ئەوینت
هەرچی ناکرێ و نابێ هەیە بسوتێنێ !
هەتا منیش
بەر لە لێو و دەمم
دڵم
بۆ ماچێکی ئەوئەوینەت
سوجدە بێنێ !!
٭ ٭ ٭ ٭ ٭