فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

غەزەل

هونەر موکريانی 
شاعير، مەهاباد 

…………….


شێت و شەیدام و دڵم لانەی مەلی غەوغایەکە

هەڵفڕیوی دارەسێوی جەننەتولمەئوایەکە

لێم عەیب مەگرن بە ماچی ئێستە نەدراوێ، سەرم‌ــ

ــداوە، چ بکەم؟ کردی داوا؛ سەر لە بەر داوایەکە!

زولفی چی وەڵڵاهی شەو، روخساری چی بیللاهی ڕۆژ!

روویەتی یەکتا ، قەدم دووتا، زولف تاتایەکە

گیانە چاوێکت لە دڵ بێ، پێیە تا مردن دەچم

ژینمی، ئەو زەحمەتەت بۆ من بەقەد دونیایەکە

سووڕەتێکت خستە ڕوو، مانا بە خۆ نەکرایەوە

من بە هەر سووڕەت! مەبەستی غەیرە بۆ مانایەکە؟

چاوت ئەو شاکارە ڕاماوم لە سونعیدا خودا

ڕێزەکاری لەوپەڕی وردبینیا دەریایەکە

خۆشم ئێستاکەش دەوێی ئەی سێوی باغی بێکەسیم

خۆشەویستی داری تەنیایی لە خاکی خوایەکە

ئابڕووی من با بچێ گەر دێمە بەر با کاتی تاو

هەرچی ئاوئاوردە بێ ئاخیری بردەی بایەکە

دەستی من ناگاتە دەم خۆم و سەیر هەر دەمهەوێ

دەست لە گەرنێکی وەرێنم ئایەتی باڵایەکە

مەرحەبا خەج! کەوشەنی خەونی بەجەرگانت بەزاند

هەر سیامەندەو کەڵێکە و هەر بەنەو ئازایەکە

پەرچەمێکت راوەشێنە و بگرە شارێ، ئەو کەسەم؛

گەر دڵێکم بێ دەگەڵ تۆ هەڵگری ئاڵایەکە

سەرژمێری ئەهلی دڵ ناکەم کە تاک و کۆ یەکن

نەبووە قەت مەجنوون یەک و تاکوو ئەبەد لەیلا، یەکە

کووچەیێ یاسم لە پێشە و سەد بەهاری ئارەزووم

دەم‌بەیانانی هونەر بۆ هەر سەرێ سەودایەکە