دکتۆر شادان عەلی شاعیر، و نيگارکێش
بە تامەزرۆیی خەیاڵەوە دەڕۆیشتم و دوورکەوتبوومەوە، ڕێگەی گەڕانەوەيش ئاستەم نەبوو، بەڵام من هەر دەڕۆیشتم و چوار ڕێیانەکەيش خەریک بوو دادەخرا، هەر ئەوەندەمزانی لەناوەڕاستی چوار ڕێیانەکەوەستام و خۆم بینیيەوە. بەچواردەورمداسووڕامەوە و هیچ ڕێیەکم نەبینی و کەسیشی لێنەبوو، هەتا بتوانم ڕییانەکە تێپەڕێنم. باشە چۆن لێرەدا دەربچم و دەربازبم؟
لەدڵی خۆمدا دەمگوت: دەی بیرکەرەوە. پێیەکانم توند لەزەوی گیرکردبوو، دەستەکانیشم دەلەرزین، لەترسا نینۆکی پەنجەی شایەتومانم ئەوەندەم دابوو لە لێوم قڵیشابوو، هەر چاوەکانم دەگێڕا، شوێنێکم نەدۆزیەوە هەتا دەربازبم پێش داخرانەکە و بێهیوا نەبم ، با هاواریش بکەم، کێ گوێی لەدەنگم دەبێت! ئەوەندە دوور کەوتوومەتەوە. ویستم پێکانم بخەمە جووڵەبەڵکوو بەختێکم هەبێت، نەخێر ڕێیەکە دەرناچێت و ئەولاتریش داخراوە. ئاوڕێکم دایەوە گوڵەکانی قەراغ ڕێیانەکەم بینی، نەمتوانی هەنگاویان بەسەر بنێم، گوڵەکان کەلەپچەیان کردم.
ئەوەندەم تەماشاکردن، خۆزگەم دەخواست گوڵێک بوومایە لەو گولانە، هێندە ئارام بەخش بوون شەڕی سێبەرییان پێنەکردم، بەڵام تروسکەی گەڕانەوەیەکیش هەبوو بۆ ڕێکەوتەکان.
بەجوانی گوڵەکان مەست بووم، هەر بیری داخرانی چوار ڕێیانەکەيشم نەمابوو. کاتیش درەنگ دەڕۆیی و منیش بێزاربووم لە گوێ هەڵخستنی هەواڵێک و ماندوو ببووم بۆ لەبیردانی زەنگێک هەتا ڕزگارم بێت. هەر لەبیرکردنەوەدابووم. لەدڵی خۆمدا دەمگوتم : با تەنیا جارێکیش لەسەر پێکانی خۆم ڕاوەستم و خۆڕاگربم.
من چی بکەم! کەتوڕە دەبێت شەڕ لەگەڵ کلکی دووپشک دەکات و کە بێدەنگیش دەبێت بێدەنگيیەکەیشی دەمئاڵۆزکێنێت. ناچار پێمگوت : ڕێگاکان دوورن و بەجێمان دەهێڵن. بە خەمێکی قووڵەوە سەری بۆلای منەوە سووڕاندوهەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و گوتی: ئەهـ هوووو. ئێ باشە، دڵی خۆتم بدەرێ هەتا هەڵیبگرم، بریندارم مەکەو هێدەیش شێتم مەکە.
هۆ کیژۆڵە سەربەرز بکەرەوەو تەماشایەکم بکە، باخەونەکانم دانەپۆشم و تۆیش کەمێک خەندە بخەرەوە سەر لێوانت و لە نازەکانت بێبەشم مەکە. بە تاسەوە سەیری منی دەکرد و هەتا شتێک بڵێم. لەکۆتايیدا گوتم : ئەی لاو؛ کە دڵت ئێشاندم، بمگۆڕە و بمکە بە ژنێکی تووڕە، پێش ئەوەی بتبینم بە تامەزرۆییەوە لە بەهەشتی هەستەکانتدا وەستام.
کە ڕامدەکرد تۆ پەناگەم بوویت و بەدوای شوێنەوارێکتدا دەگەڕام. سوێند بە چاوەکانت خۆشم دەوێیت، هەر کە خەمبار دەبم ئارامم دەکەیتەوە و نیگەرانیم ناهێڵیت.
لەخەیاڵەکانم پچڕام و ئێستا دیسانەوە لەم چواڕێیانەدا بەندم؛ کێ بیرم لێدەکاتەوە؟ هەر بزانن ماوم یان مردووم ، هەر دەڵێی دەشتی عەرعەرە ئێرە.
کێ دەزانێت هەموو ڕێگاکان داخراون؟ ئەوانەی ڕێیانەکانیش دادەخەن، ئەوەندە دڵ ڕەقن ناهێڵن باڵندەکانیش دەربازبن و بفڕن.
28 5 2025