فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

یاشار کەمال و موسا عەنتەر فیکەیەکی کوردی دوو لووتکە بەیەک دەگەیەنێت!

بەکر شوانی

وەرگێڕ و ڕۆژهەڵاتناس، ئەڵمانيا

…………………………

موسا عەنتەر لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێت:

جارێک لەگەڵ جەمیل پاشازادەی هاوڕێم لە ئیستانبول چووین بۆ کەناری کوچوکیالی. لە کاتی مەلەکردندا گوێم لێ بوو کەسێک بە فیکە میلۆدیی گۆرانیی (بێ مال)ی کوردی لێ دەدا.ئەو دەنگە زۆر کاری تێمان کرد، بۆیە بە مەلە خۆمان گەیاندە ئەوبەری کەنار. تەماشامان کرد گەنجێکی هەژار و کوێر دەرپێیەکی سپی لە پێدایە و لەسەر بەردێک دانیشتووە،

پرسیم:

تۆ کێیت برام؟

بە تووڕەیی گوتی:

بە تۆ چی!

من: فیکەی کوردیت لێ دەدا و من زۆر پێم خۆش بوو، بۆیە پرسیم.

ئەو: جا چی بووە؟ فیکەی کوردی لێ دەدەم.

من: تۆ کوردیت؟

ئەو: هەرچییەک بم، هەر ئەوەم!

من: تووڕە مەبە برام. سەرسامم بە بوێریت.ناوونیشانی خۆمت بدەمێ، سەرم لێ دەدەیت؟

سەرەتا زۆر بە تەنگەوە نەبوو، پاشان گوتی: “بەڵێ“. قەڵەم و کاغەزی دەرهێنا و ناوونیشانەکەمی نووسی..

دوای دوو یان سێ مانگ هات بۆ سەردانم. لە کۆمەڵەی قوتابیانی فورات دەرگاوانێکی کوردی خەڵکی پوتورگە (شیرۆ)مان هەبوو ناوی عەلی و کەسێکی زۆر توند بوو. کەمال لەبەر دەرگا پرسیاری منی لێ دەکات. ئەویش تەماشای جلوبەرگ و قیافەتی دەکات و بە دڵی نابێت و پێی دەڵێت:

بڕۆ کورە، بەڕێوەبەری بەڕێز پێشوازی لە شتی وەک تۆ ناکات.

بەڕێوەبەری بەڕێزیش منم. کەمال پێ دادەگرێت. عەلی هاتە ژوورەوە، سڵاوێکی سەربازی کرد و بە تورکی گوتی:

بەڕێوەبەری بەڕێز، پیاوێکی هەژار هاتووە و دەیەوێت بتبینێت.

ساڵانی شەڕی دووەمی جیهانی بوو و خەڵکانێکی زۆر بۆ داوای هاوکاری ڕوویان تێمان دەکرد.

گوتم:

کێیە؟

گوتی:

ناوی کەمالە و یاشارە و چاوێکیشی کوێرە.

بیرم کەوتەوە. گوتم:

با بێتە ژوورەوە.

یاشار کەمال هاتە ژوورەوە. هەڵسامە سەرپێ، ئەملا و ئەولایم ماچ کرد و دامنیشاند. تا نیوەڕۆ دەربارەی بابەتەکانی ڕۆژ قسەمان کرد. هەر ئەو ڕۆژە تێگەیشتم ئەو پیاوە گەوهەرێکی مەردایەتی و جوامێرییە. بۆ فراڤین چووینە ڕێستۆرانتەکەم لە نهۆمی خوارەوە. پاشان هاتینە سەرەوە و ئەو گوتی:

دەڕۆم.

بیرم کردەوە وەک هاوکاری و دەستگیرۆیی ١٠ لیرەی بدەمێ. ئەوسا ١٠ لیرە پارەیەکی گەلێک زۆر بوو. هەرچەند هەوڵم دا، وەری نەگرت.

نا، سوپاس. کار دەکەم و پارەم هەیە. لەبەر پارە بۆ ئێرە نەهاتووم.

سەرنجم دا لەوانە نییە، بۆیە لە بیرۆکەکەم پاشگەز بوومەوە و ئەویش ڕۆیشت. ساڵ هات و ساڵ چوو، کەمال بوو بە یاشار کەمال. لەو سەردەمەوە تا ئەمڕۆ دەستبەرداری یەکدی نەبووین.

—-