فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تروسکاییەک لە خود و لەشکرێک لە ئاشتی!

 ھبە فەیسەڵ
نووسەر
……………
ئارەزووم کرد بڵێم…، لەگەڵ تۆ پچڕینی ژیانم لەکن ئاسان بوو. لەسەر دەستی نەرمت، دڵڕەقی خۆمم لەبیرکرد. تۆ بەڵێنێکت پۆشی، منیش کەللە ڕەقیم داکەند. گوتم ئیدی تووڕەیی دەکەمە نۆردوویەک و لە شەوەژانی ئەژنۆکانم بێباک دەبم.
وەک شکێر لە قرچەی شەکەتی و بێ ئومێدی ژیان، پاڵ بە تۆوە دەدەمەوە. بۆنی مناڵی، گڤەی هەرزەکاری و شڕوشیتاڵی ئاوەژووی ئەم کەللەیە، هەموو دەکەمە درەختێکی شەنگ و شۆخ. سێبەری بۆ ئەو دڵە ماندووە بێت، کە چەند ساڵێکە دەستی بۆ گەیشتن بە ڕەگی حیکمەت درێژ کردووە.
گوتم خۆم دەدەمە دەست ترپەی دڵی تۆ و دووبارە فێری ڕێکردن دەبم. من دەمێکە دەمەوێ جوانی ژیان لە چاوەکانی تۆوە پەترمە بکەم. سەرگەردان بووم لەدووی ڕەنگێک، چەتە ئاسا لە بیلبیلەکانتی بفڕێنم. نەمدەبینی کە  دەگمەنترین شەونم تەنها لە چاوی خۆمەوە دەچۆڕێ!..
وامدەزانی لە ئامێزت وشەکانم بۆنی عەنبەر دەگرن. ئەم جەستە پڕ درزەم دەبێتە جوانترین گوڵدان. هەموو ڕۆژێک چەپکێک، ڕەنگێکی نوێ لە بزە و گەردوونێکی تاقانە لە جوانی ژنێک بە جیهان پێشکەش دەکا. وەلێ داوای بەشی خۆمم نەکرد، بۆیە بەدەم خەوەوە بەشی تۆیشم هەڵقوڕاند.
من بۆچیمە خوداوەندی شەوانت بم، کاتێک پەرستن ئەوسەری کوێرییە. گەر سەرچۆپی خۆشییەکانم نیت، گاوانی خەمەکانیشم مەبە.
مەرج نییە هەر گوڵێک قەدی پچڕا، مەزرگەی گوڵدانێک بێت، یان سرتە و خورتەی پاسارییەک، لە سەختی و سەرمای زستانێک بێت. گرنگ نەبێ خۆر لە کوێوە هەڵبێت، کە تەنها درزێک لە هەناوت شەبەقی ڕۆژگارت بێت.
ئەوە تۆیت کە تا ئێستا وەڕسیت لە خواریی پێیەکانت . مەگەر بیرت دەچێت کە بە هەڵکردنی قۆڵی کراسەکەت، چی دی سەردەستەکانی پەنجەت ناگەزن.
* خۆت…… * ژیان……..* گەڕان ……..* گەیشتن ………* ئارامی……… *  دڵ ………* جەرگ و جگەر……..
پەترمە؛ موتوربە