فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکســت!

بێریوان
شاعیر، فیلەندا
………………..
بۆ خاتری ئەو خودایە
 لە شێوەی خالقێک
 بە تەنیا،
هاتە  سەر زەوی!!
  بۆ خاتری  پیرۆزیی
هەموو سوورەتەکانی خوا..
  ئەفسانەی  ناشیرینی دونیا
لەبیر بکە..
 وەرەوە، با بە ناو سووڕەتی پیرۆزی خوادا ..
  بانگەشەی خۆشەویستیمان بکەین..
وەرەوە، با شەوێک لە ژێر ئەستێرە بەستووەکاندا،
 خەمەکانمان لەبیر بکەین.
وەرەوە..
 ئەمشەو ژنانی  وڵاتەکەم
 بە دوای ئەستێرەیەکدا دەگەڕێن
 تا لە باوشی ئەستێرەیەکدا
 ئەوینی عەشق هەوێن بکەن..
وەرە لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ئەفسانە شیرینە
 ناشیرینی دونیا
 لەبیر بکەین..
 وەرەوە با تەمەنێک لە خۆشیی خۆشەویستییەکی ئیلاهی
لە شەوی  دوور و درێژی  هەڵگەڕاوەی زستانی یەڵدادا ..
 پیرۆز بکەین.
ساتەکانی بوونمان پڕکەین لە یەکتر و
بڕۆین و بە ناو ڕووناکیی مانگدا،
بە هێواشی لە ژێر باڵی پەپوولەکاندا،
 بە چرپەیەکی هێواش خۆزگە  بخوازین.
جارێکی دی
 سەیری یەکتر بکەین  و پێ بکەنین..
  وەرە،  با ئەمشەو
باوەڕ بەو شتە بکەین..
کە لە کۆشکی مەڕەکاندا
 لەو خاکەی کە لە خەمی دونیادا دەگری..
  سەدان چاوی نەخەوتووی کفنی مەرگی گەڵای لە ژێر خاکدا چنی..
گریان لە بیر بکەین..
 ئەو ساتەوەختە
  نە پایزی زەرد دەناسین و
نە زریانی زام و ئازار!!
لە ناو چاوی یەکتردا ئێوارەیەک
 لە ئێوارەکانمان  دەنووسین