فازیڵ ڕۆژ
شاعیر، کەرکووک
…………………
گەر دەتەوێ جارێکی تر
نەمبینیەوە
لەتاریکی شەوم ھەڵکێشە
ھەرگیز ڕۆژم لێ نەبێتەوە
تالەبەرچاوت ون بم و
کەسیش نەتوانێ بمبینێ
نەبا ھەواڵی تۆم بۆ بھێنێ
وێنەکەشم
لەناختا پارە پارەکە
گەر پەشیمانیش بوویتەوە
نەتوانی پارچەکانم
لەتەک یەکتردا دابنێیتەوە
وەرزی بەھاریش
لەچوار وەرزەی ساڵا بکوژە
نەبا ھەستی تۆ ویستنم
لەسەر چڵی تاسەی خەیاڵت
چرۆ بکاتەوە
گوڵە باکەم ..!
ھەرچەند نادیدەو کوێرم
بەڵام ناخی تۆدەبینم
ئەی نازانی ..!؟
لەبەردیدەی نابینایەک
ھەموو شتێک بزر دەبێ
تەنھا ناخی جوانت نەبێ
بێ ھیواش نیم
گەرھەلی بینینەوەتم
بۆنەڕەخسا
پەنجەرەیەک
لەسەردڵی دروست دەکەم
بۆتەماشاکردنی تەنھا جارێکت
ھۆ گوڵەبا ..!
کەسم نەدی وەک تۆبێ
بۆنو بەرامەی موحیبەتی
وەک دەردێکی ھەتاھەتایی
لەسەراپای بونما پرژابێ
ڕوخساریشیت
چەشنی پەلکە گەڵای
دارئەرخەوانێکی سەوزی
سەرگۆڕەکەی دڵم
ئاوا جوان و گەشاوەبێ
ھۆگوڵەبا ..!
لە سارای بیابانیشا
گەر شەوم بەسەربێ
تینوم نابێ
فرمێسکی ڕومەتی ئاڵت
تینوێتیم
بەدڵۆپێ فرمێسکی خزاوی
ھەر دەشکێنێ
ھۆگوڵە با ..!
گەر شەوانە لە ڕوخساری مانگ دا
تەماشات کەم
لەحەوزوکانیشا بۆت بڕوانم
کوفر نیە
ئەوسا ماچێک دەکەم
بەئە ڵقە ڕێزی سینەو مەمکت
ئیتر .. ھەنگاوم
دەمخاتەوە سەرڕێگای سەفەرم
٢٠/٥/٢٠٢٠
………………………………………………………………………
*ئەم قەسیدەیە پێشکەش بەو عاشقە زامدارانەی لەبەر خۆشەویشتی مەعشوقەکانیان ناتوان ڕێگەی ڕۆیشتنیان لێبگرن .. ھەروەک چۆن ناتوانین بەر بەکۆچی باڵندەکان بگرین ، بەڵام دەتوانین چێژ لەکۆچکردنیان وەربگرین.