فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەگەڕێم!

ئەیوب ئەحمەدی تینووکۆکەیی
شــاعیر، بۆکان
………………………….
خاکەلێوەی دەری تۆم و لە بەهارت دەگەڕێم
عەینی دێوانه له شوێن ماڵ و دیارت دەگەڕیم
بولبولی تەبعی تەڕم, سوورە گوڵێکی گەرەکە
لە شنەی بۆن و بەرامەی دەم و زارت دەگەڕێم
قیبلەگاهی منی ئاشفتەیە بۆم خاکی دەرت
منی خولیا لە پەنا دەرکی حەسارت دەگەڕێم
لێرە شەیدایە دڵێک, وێڵە هەتا کاتی مەرگ
چەشنی سێبەر لە پەناتم لە کەنارت دەگەڕێم
دەمی عیسایه لە بۆم بۆنی بکەم کاڵه بەهێت
لە مژینی گوڵی سینە و لە هەنارت دەگەڕێم
تا بنیشێ لە چرۆی نێرگزی کوڵمەت دڵەکەم
چەشنی پەروانە لە جێی عەهد و قەرارت دەگەڕێم
هەنگی تینوویە دڵم ,وێڵە لە دووی شەهدی دمت
لە چرۆی سوورە گوڵی کۆنە هەوارت دەگەڕێم
گەرچی ئاواتی مەحاڵە لە سەرم دایە کەسم
خۆزگە بەم ڕۆژە لە نێو خوێنی دەمارت دەگەڕێم