فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خۆشەویستی بەباوەشێک گوڵی وشکەوە!

“شوان تۆفیق”
……………………
بۆچی ئەوەندە گەڵای وەریوی ژێر درەختەکان وشکن؟
بۆچی لەبەردەمی چوارەمین وەرزی دووری تۆدا،
چاوەکانی من هێشتا تەڕن؟
کاتێک دڵتەنگی دادەکات، گرینگ نییە ئاسمان هەور بێت
یان خۆرەتا و
گرینگ نییە، باوەشێکمان لەژێر لقی
کام درەختی ئەم شارەدا لێ جێمابێت،
هەمیشە، ڕەنگی جلێک بەسەر تەنافەوە دەتوانێت تا ئەوسەری
کۆڵانی بێتاقەتیمان بەرێت..
پێدەچێت، دەنگی گۆرانیەکی کۆن بتوانێت
هەتا دوورترین شەوی زستان پڕمان بکات لە برین ..
بە گوڵی ژاکاوی سەر شۆستەکان سوێندم بدەن،
من هێشتا ڕەنگی چاوی ئەوم بیرنەچۆتەوە ..
لەودیو سێبەری خۆڵەمێشی دیوارەکانەوە
گوێ بۆ هاوارێکی ترساوی من بگرن
لەناو ڕۆژمێرێکی ماندووی نزیکی پەنجەرەکان، بۆ نەختێک پێکەنینی جارانی من بگەڕێن،
ئێستا بمبینن نامناسنەوە
من سەوڵی شکاوی ناو بەلەمی کەسێکی ترم،
ناتوانم وەکوو جاران لەژێر تیشکی ئەستێرەکاندا سەما بکەم
ناکارم لەو دیووی تریفەی مانگی هیچ شەوێکەوە،
پڕ بە سینگم گۆرانی بڵێم ..
ئێواران هەوای شار پڕ دەبێت
لە هەناسەی ژنی ڕەشپۆش،
بەیانیان کچەکان لەودیووی باڵی سپی نەورەسەکانەوە
چاوەڕێی گەڕانەوەی کەشتییەکانن
کەشتیەکان پڕن لە لۆچی ڕوخساری
پیاوی موسافیر و غەمگین..
کچەکان جاران گوڵە ئەستیرەی سەر شانی ئێمە بوون،
کەچی ئەمساڵ تاریکترن لە شەوێکی دووری زستان ..
بای ساردی سەر شۆستەکان
وەکوو گەڵایەکی وشک،
بۆ دوورترین کۆڵانی شار ڕاپێچی کردین،
وەکوو چەترێکی شکاو لەنزیکی کورسی باخچەکانەوە بەجێ ماین ..
وەکوو پەڵەهەورێکی بچوک، بە ئاسمانی خۆشبەختییەوە کاڵ بووینەوە،
خوێنی لوتمان بەسەر شەختەی سەر گۆمی ئاوەکانەوە بەجێما
وەکوو کۆترێکی بریندار لە زستانی دڵی ئازیزێکدا ڕەق بووینەوە
من پایزێک دۆستی شنەبای ئەودیووی پەنجەرەکانی کەسێکی تر بووم،
کەچی ئێستە گۆزەی شکاوی سەر ڕێگەی ماڵی دڵی تۆم.
من هاوینێک وەکوو درەختێکی سەوز
سایە و سێبەری کەسێک بووم
کەچی ئێستا بیابانێکی گەورە لەناو دڵی
ناسکی مندا نوستووە
ڕۆژێک خەو دەبینم، زستان دەکۆخێت
من بەردەبمەوە ناو ئامێزی گەرمی تۆ
دەرگەی زیندانەکان بەڕوومدا دەکرێنەوە
لەپیتەکانی ناوی تۆ، دەنگی باران دەنوسمەوە
سەرقاڵدەبم، ناپەرژێم پەنجەرەیەکی گەورە لەناو تەنیایی خۆمدا دروست بکەم،
دەستم ناگاتەوە لای دەنکی ئەو گێلاسانەی
کە تۆ لەناو تابلۆکانتا دەتکێشان ..
سێبەرەکەم ناگاتەوە لای ئەو دیوارانەی
جاران وەک قەڵایەک لە پشتمان بوون
وەکوو پاسارییەکی نەخۆش
بەدوای هێلانەکەی جارانی خۆمدا دەگەڕێم..
وەکوو بۆنی عەترێکی گرانبەها
لە یەکەم ڕۆژی جەژندا، دووبارە دەتدۆزمەوە
لەناو ڕۆژە ساردەکانی زستاندا جارێکی تر،
ونت دەکەم
جاران لەودیووی باوەشێکی گەرمی منەوە
تا سەرەتای پاییز، هەمیشە ڕەشت دەپۆشی
ڕۆژێک بتبینم پێت دەڵێم:
وای تۆ چەند کچێکی تازییە بارییت،
ڕێگەم بدە گۆڕستانەکانت بۆ خاپوور
بکەم
بهێڵە، گۆزەشکاوەکانت چاکبکەمەوە و
بەر پەنجەرەکانت بۆ پڕ بکەم
لە گوڵی سپی ..
دەتبینم و تۆ لەبەر فرمێسک نەتوانی وڵامی سڵاوێکم بدەیتەوە
من لەبەر برینەکانی خۆم ڕەنگی چاوەکانت نابینم
من بەبۆنکردن ڕەنگی کراسەکانت دەتناسمەوە
دەستم لە برینەکانت دەدەم و
ڕادەچەنم
بۆ ئەوەی تۆ چیتر ئازار نەچێژی، ئەژنۆی پزیشکەکان ماچ دەکەم..
لەبەر دەمی دەرمانخانەکاندا سواڵی پاکەتێک حەبی ئازارت بۆ دەکەم..
بەدایکم دەڵێم: کچێکی غەمگین لەبەر دەرگایە،
من لە پێناوی ئەودا لەبەر باران دەمێنمەوە
بە خوشکەکانم دەڵێم:
ئەگەر ڕۆژێک لە ناخی دڵەوە پێکەنین،
هەندێک لە سووراوەکانتان بکەن بەخێر
لەناو خەونێکی ترسناکدا هاوار دەکەم؛ تکایە! ئەو گڵۆپانە داگیرسێنن با گوڵەکانی سەرکراسی خۆشەویستەکەم ببینم
لەباخچەکاندا دادەنیشتم و
بیر لە دەنگی کچێکی دوور دەکەمەوە
بەباوەشێک گوڵی وشکەوە بەشەقامەکاندا دەگەڕێم و هاوار دەکەم، چونکە تۆ خۆشت نەویستم،
بە دنیایەک برینەوە، هیچ کەسێک نەیناسیمەوە.