فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئێوەی مرۆڤ هەمووتان خراپ نین!

كورتەچیرۆک
عەلی عەزیز
چیرۆکنووس، سلێمانی
…………………..
لە ڕۆژێکی ساردی وەرزی زستاندا دێڵە سەگێک لە باخچەی گەڕەکەکەمان دەترەکێت و هەشت بێچوو دەخاتەوە، بەسروشتی هەموو دایکێک داکۆکی لە منداڵەکانی دەکات بەڵام ئەم دێڵە بۆنی بەڕێبوارانەوە دەکرد بەڵکوو خوا و ڕاستان کەسێکیان پاشماوەی خوانەکەی خۆی بدات بە بێچوەکانی، کەچی کەس ئاوڕی لێنەدەدایەوە بەڵکوو تێیان دەخووڕی و منداڵە چەتوونەکانی گەڕەکیش بۆ کات بەسەر بردن بەردیان دەگرتە خۆی و بێچوەکانی، ناچار دیڵەی بێ زمان کەوتە وەڕین و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دڕتر دەبوو، خەڵکی گەڕەک کۆبوونەوە و پەیوەندیان بەشارەوانییەوە کرد و ئەوانیش هاتن وهەرچیان کرد دایکەکەیان بۆ نەگیرا؛ تا لەگەڵ بێچووەکانی لەو گەڕەکە دووری بخەنەوە بۆیە وتیان چار نییە دەبێت ژەهر خواردیان بکەین خەڵکەکە وتیان چی دەکەن بیکەن بەمەرجێک لەکۆڵمانی بکەنەوە، منداڵەکانمان تۆقیون.
 کارمەندانی شارەوانی پێش ئەوەی بڕۆن بەڵێنیان بە خەڵکەکەدا دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرووی خۆیان بگەڕێنەوە، ئیتر خەڵکەکەیش بڵاوەیان لێکرد، من لەدوورەوە تەماشام دەکرد دایکەکە ئەوەندە بەردیان تێگرتبوو دەستێکی شکابوو، جگە لە وەڕین و بەرگری لەکۆمەڵێک بێچوی برسی تەنانەت بواری ئەوەیشی نەبوو شتێک بۆ خواردنی خوی پەیدا بکات و تۆزێک شیر بچێتە گوانەکانی و بێچوەکانی لەبرسییەتی وسەرما ڕزگار بکات، ئەو شەوە باران دەستی پێکرد، من دەزانم باران ڕەحمەتی خودایە و زۆر دڵم بە باران خۆش دەبێت بەڵام ئەو شەوە دڵم داگیرا و بیرم لەو بەستەزمانانە دەکردەوە کە بەم شەوە سەروژێریان ئاوبێت وسکیشان خاڵی چ کارەساتێکە خودایە، لە ناو نوێنەکەم هەستام وپاڵتۆ و کڵاو و ملپێچەکەم لە ملم ئاڵاند و ڕۆیشتمە دەرەوە، من خۆیشم تا ئەو ساتە نازانم بۆ چوومە دەرەوە بەڵام ویستم بەو گیاندارانە بڵێم من لەبەردەم ئەم سەرما و بارانە دەوەستم و هاوبەشی خەمتان دەبم، بەڵام هەر زوو زانیم تەڕبوون و نەخۆشکەوتنی من هیچ سوودێکی بۆ ئەوان نابێت بۆیە بەرەو بازاڕی تاریک و چۆڵ ڕۆیشتم و لە نزیکترین دوکانی مریشک فرۆش وەستام، سەتڵی زبڵەکەی پڕ بوو لە سەر و باڵ و چنگە مریشک، بەهەر جۆرێک عەلاگەیکم دۆزیەوە و بەدەس هەرچی بۆ خۆاردن بشێت کردمە ناویەوە، پاشان گەڕامەوە لای باخچەکە، هەر کە نزیک بوومەوە سەگی لە مرۆڤ تۆراو پەلاماری دام، من وەکوو لەگەڵ مرۆڤ بدوێم بە دەنگێکی هێمن وتم: خواردنم بۆ بێچوەکانت هێناوە.
 پاشان بەکووت کووت بانگی بێچوەکانم دەکرد و تۆزە تۆزە دەڕۆیشتمە پێشەوە، دایکەکە ئەوەندە دڵێ لەمرۆڤەکان شکابوو تا دەهات وەڕینی زیاتر دەبوو، بەڵام بێچووەکان وەک دایکیان لەدنیای دڕندایەتی مرۆڤ هیچیان نەدەزانی وتەنیا چاوەڕوانی دەستێک بوون لەو سەختی ونەهامەتییە ڕزگاریان بکات بۆیە بێ گویدانە هەڕەشەکانی دایکیان وردە وردە لەمن نزیک بونەوە و منیش پشک پشک پاشماوەی مریشکەکانم دەخستە بەردەمیان، ئەوەندە برسیان بوو سەرە مریشکیان بەقەپاڵێک دەخوارد، ئیتر دایکەکەیش تۆزێک هێور بوویەوە و هەر لە دوورەوە بۆنی دەکردم، بۆ ڕۆژی دواتر قەسابێکی بە ویژدانم دۆزیەوە وتی: هەموو ڕۆژێک وەرە عەلاگەیەکی پڕت بۆ دادەنێم.
،منیش بە ئۆتۆمبیلەکەم دەمهێناو پێم دەدان تاوایان لێ هات کە لە دوورەوە دەردەکەوتم هەموویان دەووریان دەدام و بۆنیان پێوە دەکردم و دایکەکەیش بەبینینی من نەدەوەڕی وکلکی دەلەقاند. بەڵام جارێک بینیم مۆڕەی لەدوو منداڵ کرد و پێیان وەڕی، منداڵەکانیش ترسان منیش هەوارم کرد : نەکەی ئیتر نەوەڕی سەگەکە وەک زمان فامێک سەری داخست وگەڕایەوە لای باخچەکە.
ئێوارەیەک کە گۆشتم بۆیان دەبرد بینیم گەماڵێک بۆن بەدایکیان دەکات وئەوانیش بەدووریدا یاریان دەکرد، لە بەرخۆمەوە وتم دیارە باوکیانە و بۆ سەردانی کردنیان هاتووە، کە نزیک بومەوە گەماڵەکە وەک شێت پەلاماری دام ویەکڕاست دێڵە سەگەکە پەلاماری گەماڵیدا و گازی لەقوڕگی گرت بەشێوەیەک گەماڵەکە تاسا و دوور کەوتەوە بەڵام ئەو  لەنیوان من و گەمەڵەکە وەستابوو هەندێک حەپە حەپی کرد وەکوو ئەوەی بڵێ لە نێو هەموو مرۆڤەکاندا تەنیا ئەم دۆستمانە..
دوای دابەش کردنی گۆشتەکە ومەشغوڵبوونی بێچووەکان بە خواردن دایکەکە وەک ئەوەی پاسەوانیم بکات تا لای ماڵ خۆمان دوام کەوت، پێش ئەوەی بچمە ماڵەوە ئاوڕم دایەوە، چاوەکانی قسەیان زۆر تێدابوو چاوەکانی پڕبوون لە سوپاس ونەوازش ..من لەتێکڕای قسەی چاوەکانی ئەم دێڕەم بەباشی خوێندەوە ئەویش ئێوەی مرۆڤ هەمووتان خراپ نین.